لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستییدا، دەرکەوتووە ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستان لە ژینگەیەکی کاری مەترسیداردان و بەدەر لە جیاکاریی جێندەریی لەلایەن هاوپیشە پیاوەکانەوە هەراسان دەکرێن و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.
ڕۆژی ١٧ـی کانوونی دووەم، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە، کە تێیدا توێژینەوەیەک خراوەتەڕوو دەربارەی ئەو ئاڵەنگاریانەی لە دامەزراوە ڕاگەیاندنەکاندا ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە و لەلایەن هەژان خالید خوێندکاری دکتۆرا و توێژەر لە سەنتەری میترۆ ئامادە کراوە.
ئەو ئەنجامانەی توێژینەوەکە پێی گەیشتووە، گرفتەکانی (جیاکاریی جێندەریی، هەراسانکردن، نزمی ئاستی بەشداری ژن لە پۆستە باڵاکاندا، توندوتیژیی، کەلتوور و کۆمەڵگە) بە ئاستی جیاواز ئاڵەنگاریی و ئاستەنگیان بۆ ژنان لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا درووستکردووە.
دەرئەنجامێکی دیکە ئەوەیە، زۆربەی دامەزراوە ڕاگەیاندنییەکانی هەرێم خاوەنی سیاسەتێکی نووسراو نین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، هەروەها زۆربەی ژنانی ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار بیریان لە جێهێشتنی شوێنی کارەکانیان کردووەتەوە، بەشێکی دیکەشیان لەژێر فشاری دەروونیدا، درێژەیان بە کارەکانیان داوە.
توێژینەوە زانستییەکە، بە پشتبەستن بە ڕێبازی (ڕاپێویی) لە دیدگای ٩٢ ژن بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لە دامەزراوە ڕاگەیاندنەکاندا ئامانجی توێژینەوەکە تاوتوێ دەکات.
لە تەوەری یەکەمی توێژینەوەکەدا، دەربارەی زانیارییە کەسییەکان وەک تەمەن، گەیشتووە بەو ئەنجامەی، ٥٣.٣٪ـی بەشداربووەکان تەمەنیان خوار ٢٩ ساڵە، هەروەها ٢٦.١٪ تەمەنیان لەنێوان ٣٠ بۆ ٣٤ ساڵیدایە، ١٤.١ تەمەنیان لەنێوان ٣٥ – ٣٩ ساڵە، ٤.٣٪ بەشداربوو تەمەنیان ٤٠ بۆ ٤٤ ساڵ و کەمترین ڕێژەش ٢.٢٪ تەمەنیان ٤٥ بۆ ٤٩ ساڵە.
بەپێی توێژینەوەکە، هیچ یەکێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکە تەمەنیان لە سەروو ٥٠ ساڵ نییە، هەرچەندە ئامادەیی ژنانی گەنج ئەرێنییە، بەڵام نەبوونی ئەو ژنانەی تەمەنیان سەروو ٥٠ ساڵە بۆشایی درووست دەبێت لە هەبوونی کەسانی بە ئەزموون لە بووارەکەدا، بەشێک لە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەسەرەتای درووستبوونیاندا لەژێر هەژموونی پیاواندا بوون و کەمتریین دەرفەتی کارکردن بۆ ژنان ڕەخسێندراوە.
هاوکات زۆرینەی نموونەی توێژینەوەکە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسن بە ڕێژەی ٤٧.٨٪، بە دوای ئەوەشدا بەڕێژەی ٣٧٪ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم دێن، پاشان تەنها ٥.٤٪ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرن و تەنها یەک بەشداربوو هەڵگری بڕوانامەی بنەڕەتییە و هیچ کامێکیشیان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا نین.
زۆربەی ژنانی نێو دەزگا ڕاگەیاندنەکان لە تەلەفزیۆنەکاندا کاردەکەن بە ڕێژەی ٥٦.٥٪، ماڵپەڕ و بلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانیش ٢٣.٩٪ و بەڕێژەی ١٢٪ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا، کەمترینیش لە ڕادیۆکاندان بە ڕێژەی ٧.٦٪.
لە ڕووی ناونیشانی پیشەییەوە، تەنها ٢٪ـی بەشداربووانی توێژینەوەکە پۆستی بەڕێوەبەری دامەزراوە ڕاگەیاندنییەکانیان هەیە و بەشی زۆری ژنان ئەرکی پێشکەشکارییان هەیە بە ڕێژەی ٣٠.٤٪.
لەوبارەیەوە توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، زۆربەی ئەو زانیاریی و هەواڵانەی بەرهەم دەهێنرێت و مۆنتاژ دەکرێت، لە دیدێکی پیاوانەوە دەگەیەنرێت بە کۆمەڵگە، ئەوەش هاوتایە بەو توێژینەوانەی کە لەبواری جیاکاری جێندەریدا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا کراوون و گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە میدیا بە شێوەیەکی گشتی لە جیهنادا میدیایەکی پیاوانەیە.
هەرچی دەربارەی ئاڵەنگاریی و ئاستەنگییەکانیشە لە تەوەری دووەمی توێژینەوەکەدا خراوەتەڕوو، کە ٥٥.٤٪ـی بەشداربووان پێیان وایە جیاکاری جێندەری بە ئاستێکی بەرز لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا هەیە.
هەروەها ٥٥.٤٪ـی بەشداربووەکان پێیان وایە بەئاستێکی بەرز ژنان و کچان لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە و ٥١.١٪یشیان لەو باوەڕەدان ئاستی توندوتیژییش لە دەزگاکاندا بەرامبەر ژنان بەرزە، ئەوەش هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر لایەنی پیشەیی ژنان و دەیانخاتە ژێر فشارێكی دەروونی توندەوە، کە وا دەکات ژینگەیەکی کاری مەترسیدار درووست ببێت و پێشتریش چەندیین کەیس لەو بوارەدا تۆمارکراون و بڵاوکراونەتەوە.
هاوکات ٤٢.٤٪یش ئاماژە بەوەدەکەن کەلتوور و تێگەیشتنی کۆمەڵگە ئاستەنگە بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار.
لەگەڵ ئەوانەشدا توێژینەوەکە ئەوەی ئاشکرا کردووە، ٦٣٪ـی ڕاگەیاندنەکان سیاسەتێکی نووسراوییان دەربارەی جیاکاری جێندەری نییە، کە وا دەکات ژنان هۆشیاری پێویستییان نەبێت بەرامبەر ماف و ئەرکەکانیان.
هەموو ئەمانە دەیسەلمێنن، کە ژنان جیا لەوەی لە چوارچێوەی ماڵ و خێزاندا ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونیی و ئابووریی دەبێتەوە، کاتێکیش دەچێتەوە نێو کۆمەڵگە و بوارە پیشەییەکان جارێکی دیکە هەمان مەترسی بۆ درووست دەبێت، بەڵام بە شێوازێکی جیاوازتر و کاریگەریی جیاواز.
چارەسەریش بۆ ئەو دۆخە تەنها ئەوە ژنان هۆشیاربن بەرامبەر یاسا و مافەکانیان تا بتوانن بەسەر ئەو ئاڵەنگارییانەدا سەربکەون، کە لە بواری پیشەییدا دێتە ڕێیان و بەردەوامبن لە تێکۆشان دژی ئەو ئەقڵییەتە پیاوسالارانەیەی سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە و ڕیشەی داکوتاوە.