لەدوای ساڵێك كاركردن بۆ ئەنجامدانى ڕوپێوی دانیشتوانى هەرێم، دواجار وەزارەتی پلاندانانى هەرێم و ڕێکخراوی كۆچی نێودەوڵەتی دەرەنجامى ڕاپۆرتەکەیان بڵاوکردەوە.
بەپێی ئەنجامى ڕوپێوییەکە، لەسەدا ٢٠ى گەنجانى هەرێم کە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٣٤ ساڵیدایە بێکارن و ئاماژەیان بەوەداوە، هیچ ئومێدێکیان بە دۆزینەوەى کار نییە، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر حکومەتى هەرێم ئاماژەى بەوەدەکرد، کە ڕێژەى بێکارى لەسەدا ١٤یە، بەڵام بەپێی ئامارەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێژەى بێکارى لە هەرێم زیاترە بەجۆرێک لەناو کچان و ژناندا٦٩%یە و لە ناو پیاوانیشدا ٢٤%ە.
هەر بەپێی ڕوپێوییەکە، %٣٦ى دانیشتوانى هەرێم داهاتى مانگانەیان کەمترە لە ٥٠٠ هەزار دینار و لەسەدا ٥١یش داهاتیان لەنێوان ٥٠٠ بۆ ملیۆنێک دیناردایە و تەنها لەسەدا ١٣ى دانیشتوان داهاتى مانگانەیان لەسەرووى ملیۆنێک دینارەوەیە.
بەپێی ئەنجامەکانى ڕوپێوییەکە، زیاتر لە ٤٠% دانیشتوانى هەرێم کە تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵدایە، هێزی کار پێکدێنن و نزیکەى نیوەى ئەوانەى کاردەکەن لە کەرتی حکومیدان.باس لەوەشکراوە، قەبارەی خێزان لە هەرێم لە ٦ پۆینت دوو ئەندامەوە بۆ پێنج و پۆینت یەک ئەندام دابەزیوە، لە ٣٥%ى دانیشتوانی هەرێمیش لە خوار تەمەنى ١٥ ساڵیەوەن و ٤%ی دانیشتوانیش تەمەنیان لەسەروى ٦٥ ساڵییەوەیە.
پڕۆژەى ڕوپێوى دانیشتوان لە % ٨٠ تێچوەکەى لەلایەن ڕێکخراوی كۆچی نێودەوڵەتی و سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دابین کراوە و بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى ڕێکخراوی كۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، بارودۆخی ئاوارەكان لە هەرێم باش نییە و داهاتی مانگانەی زۆربەیان لەخوار ٥٠٠ هەزار دینارەوەیە.
دەرەنجامەكانی ڕوپێوییەکە، پێشكەش بەحکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دەكرێت تا كاری لەسەر بكەن و بەوتەى بەرپرسانى وەزارەتى پلاندانان هەرچەندە ڕوپێوییەکە ناکرێت وەك سەرژمێری سەیر بکرێت، بەڵام بەهۆى ئەوەى لە ئێستادا ناتوانرێت ئەو پرۆسەیە بكرێت ڕوپێوییەکە دەتوانێت شوێنی سەرژمێری بگرێتەوە .