سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە دەستبەرداری بریارنامەی راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە نابن و دووبارە بریارەكە هەموار دەكەنەوە. هەروەك پێشیوابوو كە شەڕەکە متمانە و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی لاوازكردووە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە کۆڕبەندی دەوحەدا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد فشار بكات بۆ ئەوەی لە کارەساتی مرۆیی دوور بكەوینەوە وتیشی: “داواكاری خۆم بۆ پێداچونەوە بە بریارەكە دوپات دەكەمەوە”.
لەکاتێکدا واشنتۆن ڕۆژی هەینی ڤیتۆی داواکارییەکی پێشنیارکراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ ئاگربەستی مرۆیی دەستبەجێ لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گروپی چەکداری فەلەستینی حەماس. گوێترێز وتی: بەداخەوە ئەنجوومەنی ئاسایش نەیتوانی ئەو کارە بکات، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی لە گرنگی بریارەكە كەم بكاتەوە هەربۆیە من واز ناهێنم و سورم لەسەر داواكارییەكەم بۆ پێداچونەوە بە بریارەكە.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، لەگەڵ “بەرتەسکبوونەوەی” دەرفەتەكان بەڵام دەوحە بەردەوام دەبێت لە گوشارەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.
قەتەر کە چەندین سەرکردەی سیاسی بزووتنەوەی حەماس تێیدا نیشتەجێن، سەرکردایەتی دانوستانەکانی نێوان ئەو گروپەو ئیسرائیل دەکات. شێخ محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی دانوستانەوە بارمتەکان لە غەززە ئازادکراون نەک بەهۆی کردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە.
سەرۆکی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین لە ڕۆژهەڵاتی نزیک (UNRWA) وتی: بە مرۆڤ نەزانینی فەلەستینییەکان ڕێگەی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە چاو لە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بپۆشێت.
فیلیپ لازارینی، سەرۆکی ئاژانسەكە وتی: گومانی تێدا نییە کە ئاگربەستێکی مرۆیی لە ئێستادا پێویستە ئەگەر بمانەوێت لە غەززە کۆتایی بە دۆزەخ لەسەر زەوی بهێنین.
ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئاگربەستن، چونکە پێیان وایە ئاگربەستەکە تەنها سوودی بۆ حەماس دەبێت. واشنتۆن لەبری ئەوە پشتگیری لە راگرتنی شەڕ دەکات بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕێگەدان بە ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە لە هێرشێکدا لە ٧ی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل گیراون.
گۆتێرێس هەروەها داوای لە سەرکردەکانی کۆنفرانسی کەشوهەوای COP28 کرد کە ڕێکبکەون لەسەر کەمکردنەوەی قووڵی دەردانی گازی ژەهراوی و ڕاگرتنی گەرمبوونی جیهان كە ناوەندی پلەی گەرمای رووكاری زەوی بەربەستی 1.5 پلەی سەدی تێپەڕێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بەڵێنەکان، ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لە بەرزترین ئاستیدایە و بەكارهێنانی سووتەمەنی بەردین هۆکاری سەرەکین.
لە لوتکەی کەشوهەوا لە دوبەی، زلهێزە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت، گفتوگۆیان كرد لەسەر ئەگەری ڕێککەوتن بۆ كەمكردنەوەی بە بەكارهێنانی سووتەمەنی بەردین بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ و بەمەش گەیشتنە گەڵاڵەكردنی بەڵێننامەیەکی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین.
گۆتێرێس وتی: “داوا لە سەرکردەکانی COP28 لە دوبەی دەکەم کە ڕێکبکەون لەسەر کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکانی سووتەمەنی بەردین و پشتیوانەکانیان پێویستە سەرچاوە گەورەکانیان بەکاربهێنن بۆ سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی وزەی نوێبووەوە.