هه‌ڵبژاردنى 7ى ئه‌م مانگه‌ى په‌رله‌مانى تورکیا، به‌ته‌نیا کوردى وه‌کو حزبى سیاسى نه‌گه‌یانده په‌رله‌مان، به‌ڵکو ژنانیشى له‌پارچه‌یه‌کى کوردستان کرده نیوه‌ى کۆمه‌ڵگه، له 80 په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په 33 ئه‌ندامیان ژنن.
ره‌نگین باران، به‌جلێکى کوردى‌و وێنه‌ى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانى به‌نێوچاویه‌وه به‌ستبوو، له‌ناو ئاپۆراى جه‌ماوه‌رى هه‌ده‌په‌دا بوو، دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامه به‌راییه‌کان رژابونه سه‌ر شه‌قامه‌کان، به‌هاوڵاتی وت «ئێمه‌ى کچ زۆر ئازاد‌و سه‌ربه‌ستین، له‌خه‌بات‌و خۆشی ده‌ربڕینداین له‌گه‌ڵ هاوڕێکانم که‌زۆرینه‌یان کوڕن، لێره جیاوازی نیه له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زی به‌رانبه‌ر».
ره‌نگین زوو زوو جه‌ختی له‌وه‌ده‌کرده‌وه «ئه‌مجاره ئازادترو سه‌ربه‌ستریش ده‌بین»، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ڕێژه‌یه‌کی زۆری ژنیان ناردۆته په‌رله‌مانی تورکیا.
وتیشى «له‌باکور ژنان‌و کچان توانیویانه خۆیان بسه‌لمێنن له‌هه‌موو رویه‌که‌وه، ژن وا بچوک ناکه‌ینه‌وه ته‌نیا له‌له‌ش‌و لار‌و سێکس بیربکه‌نه‌وه، ئێمه مرۆڤین‌و پیاویش هه‌ر مرۆڤ، کچان‌و ژنان ئه‌و به‌ربه‌سته‌مان شکاندوه‌و ئێستاش ده‌مانه‌وێت بۆ هه‌موو جیهان بیسه‌لمێنین که‌ژنانی کورد چ شۆڕشێک بۆ ژنان ده‌خوڵقێنن».
سه‌رکه‌وتنى ژنانى باکور به‌و رێژه‌یه، هاوکاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ڕۆژئاوای کوردستان، سه‌ره‌تای مانگی 11ی ساڵی رابردوو ئیداره‌ی هاوبه‌شی کانتۆنی جزیره یاسایه‌کی تایبه‌تی به‌ژنان ده‌رکرد، بۆ یه‌که‌مجار بوو له‌پارچه‌یه‌کی کوردستان یاسایه‌کی له‌وجۆره ئه‌رک‌و مافه‌کانی ژن دیاریبکات.
یه‌کسانی له‌نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زی مێ‌و نێردا له‌هه‌موو بواره‌کانی ژیانی گشتی و تایبه‌تی، هه‌روه‌ها یه‌کسانی شایه‌تی ژن‌و پیاو له‌یاساکه‌دا چه‌سپێنراو فره‌ژنیش قه‌ده‌غه‌کرا، ژن‌و پیاویش له‌میراتدا یه‌کسان کران.
سه‌رکه‌وتنی ژنان له‌هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کانی کانتۆنی جزیره، له‌مانگى ئازارى رابردودا، به‌یه‌که‌م به‌رهه‌می ئه‌و یاسایه بۆ ژنانی رۆژئاوا له‌به‌ڕێوه‌بردنی پۆسته حکومیه‌کاندا هه‌ژمارکرا.
پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په)، به‌هه‌مان شێوه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى رۆژئاواى کوردستان، بڕواى به‌یه‌کسانى ژن‌و پیاو هه‌یه‌و له‌به‌ڕێوه‌بردنى حزبه‌که‌شدا، په‌یڕه‌وى له‌سیستمى هاوسه‌رۆکایه‌تى ده‌کات.
به‌هۆى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى پێیاندراوه، ژنانی باکور هاوشێوه‌ی پیاوان له‌خه‌باتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا جێگه‌ى خۆیان کردۆته‌وه، که‌م چالاکى شه‌قامى شاره‌کانى باکورى کوردستان هه‌یه ژنان به‌شدارى کاراى تێدا نه‌که‌ن‌و نه‌بنه سه‌رمه‌شقى.
فه‌له‌کناس ئوجا، یه‌کێک له‌دیارترین کاندیده ده‌رچوه‌کانى هه‌ده‌په له‌شاری ئامه‌د، به‌هاوڵاتی وت «ژن له‌باکور تایبه‌تمه‌ندیه‌کی ته‌واو جیاوازی هه‌یه، ژن لێره ئازاد‌و سه‌ربه‌سته‌و هیچ جیاوازیه‌کی نیه له‌گه‌ڵ پیاو».
ئوجا پێیوایه نیشانه‌ی ئه‌وه ده‌رده‌خات ژن خۆی نه‌کردوه به‌کۆیله، به‌ڵکو ئه‌وه خۆیه‌تی پێگه‌ی خۆی چه‌قاندوه له‌ناو کۆمه‌ڵگەدا، خۆی رابه‌رایه‌تی خۆی ده‌کات، ئێستاش ژنان به‌ده‌نگی خۆیان نوێنه‌ری خۆیان ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان کردوه.
هه‌روه‌ها وتى «من وه‌کو ژنێک له‌باکوری کوردستان هاوشێوه‌ی پیاو به‌ده‌نگی خۆم رۆیشتوم نه‌وه‌کو به‌ده‌نگی که‌متر بڕۆین، بۆیه ژن ئه‌و پێگه‌یه‌ی دروستکردوه که له‌هیچ شتێک نه‌ترسێت‌و خۆڕاگربێت».
کاتێک له‌ڕاگه‌یا‌ندنه‌کانه‌وه ئاماژه‌کانى سه‌رکه‌وتنى هه‌ده‌په ده‌رکه‌وتن، کوردان رژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان، ده‌مه‌و ئێواره له‌هه‌موو لایه‌که‌وه ده‌نگى ستران به‌رزده‌بۆوه‌و هوتافى بژى بژى ئاپۆش له‌گه‌ڵیدا.
ژنان‌و کچان به‌جلی ئاڵ‌و واڵاو، به‌شێکیشیان ئاڵای په‌که‌که‌یان کردبوه کراس، ترسى گرتن‌و ئه‌شکه‌نجه‌دان به‌ڕوخساریانه‌وه دیار نه‌بوو، ته‌نیا بیریان لاى خۆشى سه‌رکه‌وتن بوو.
کچان وێنه‌کانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیان له‌ده‌موچاوو کراسه‌کانیان نه‌خشاندبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وێنه‌یان به‌رزده‌کردوه‌و هوتافی ئازادی بۆ ئۆجه‌لان‌و سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌ده‌په‌و وته‌یه‌کی ئۆجه‌لانیان ده‌وته‌وه که‌ده‌ڵێت «بێ ژن ژیان نابێت».
گوڵشه‌ن ئۆزه‌ر، هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) له‌ئامه‌د، بۆ هاوڵاتی رونیکرده‌وه که له‌سیسته‌می ئه‌واندا، ژن هاوشێوه‌ی پیاوه‌و وه‌کو پیاو به‌هاوبه‌شی پشکیان هه‌یه، له‌هه‌موو کایه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌شدا رۆڵیان په‌راوێزنه‌خراوه.
به‌شدارى کاراى ژنان له‌ڕۆژئاوا‌و باکورى کوردستان له‌کاتێکدایه، له‌هه‌رێمی کوردستان دوای 23 ساڵ له‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی کوردی، هێشتا ژنان به‌شداریه‌کی که‌میان له‌حکومه‌تدا هه‌یه‌و ته‌نیا یه‌ک وه‌زیری له‌کابینه‌ی هه‌شته‌مدا هه‌یه، له‌کۆی 111 په‌رله‌مانتاریش ته‌نیا 34 په‌رله‌مانتار ژنن.
مانگى نیسانى رابردوش، لیژنه‌ی داکۆکیکردن له‌مافه‌کانی ئافره‌تان له‌په‌رله‌مانی کوردستان، له‌گه‌ڵ 22 رێکخراوی ژنان له‌شاری سلێمانی کۆبۆوه‌و باسیان له‌چه‌ند پڕۆژه‌و پرسێکی تایبه‌ت به‌ژنان کرد، له‌وانه زیادکردنی رێژه‌ی کۆتای ژنان له‌ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا.
به‌پێی پڕۆژه‌یه‌کیش که‌ئێستا له‌به‌رده‌ستی لیژنه‌ی داکۆکیکردن له‌مافه‌کانی ئافره‌تدایه، داواده‌کرێت له‌ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن‌و ناوه‌نده‌کانی تری بڕیاردانیشدا، هاوشێوه‌ی په‌رله‌مان ره‌چاوی کۆتای ژنان بکرێت.
له‌هه‌رێمی کوردستان په‌یڕه‌وی له‌و یاسایه‌ی پۆڵ بریمه‌ر حاکمی مه‌ده‌نی عێراق (2003 بۆ 2004) ده‌کرێت که به‌شداری ژنانی له‌پۆسته باڵاکان له‌سه‌دا 25 تا 30 دیاریکردوه.
گوڵشه‌ن ئۆزه‌ر وتى «ژنان توانیویانه جێگه‌ی په‌نجه‌ی خۆیان ده‌ربخه‌ن، هه‌روه‌کو ژنانی رۆژئاوای کوردستان ئه‌و شۆڕشه‌یان به‌رپا کردوه، ژنانی باکوریش له‌چه‌ند ساڵی رابردودا روبه‌ڕوی گرتن‌و کوشتن‌و زیندانی بونه‌ته‌وه به‌ڵام به‌رگه‌یان گرتوه«.
وتیشى «ئێمه‌ی کورد وه‌کو هێزی یه‌که‌می ژنان رۆڵمان ده‌بێت له‌په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ش بۆته جێگه‌ی سه‌رنجی ته‌واوی رێکخراوه‌کانی ژنان‌و ناوه‌نده دیموکراتیه‌کانی جیهان‌و تورکیا، ده‌ستخۆشی زۆر بۆ ژنانی ئێمه هاتوه، دڵنیاین له‌داهاتودا رۆڵێکی کاریگه‌رترمان ده‌بێت له‌کاروباری وڵات».
سەرچاوە : رۆژنامەی هاوڵاتی