
ئەندازیار ئارام محەممەد، لێپرسراوی هۆبەی کەشناسیی کشتوکاڵی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی کە هەفتانە ئاسۆ سەراوی پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لە وەرزی بارانباریندا جۆری بارانبارین و رێژەی بارانبارین رۆڵی دەبێت لە ئەوەی ئایا پەڵەی داوە یان نا.
گوتیشی، ئەو بارانەی لە رۆژانی رابردوو ناوچەکەی گرتەوە، لە زۆرینەی ناوچەکانی سلێمانی، راپەڕین، هەڵەبجە بڕی پێویست بۆ پەڵەدان تێپەڕیوە، هەروەها لەسنووری گەرمیانیش “رێژەیەکی باش” بارانباریوە.
بەگوتەی ئارام محەممەد، لە زۆرینەی ناوچەکان پەڵەی داوە، لەسنووری پارێزگای سلێمانی لە 75 ملیم زیاتر باران ببارێت پەڵە دەدات.
هاوکات، تەها حاجی رەحیم، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی جووتیارانی کوردستان ئەویش میوانی پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی بوو، رایگەیاند، “ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی بۆ وڵاتەکە هەیە و بەرهەمهێنەرە، تەنیا جووتیارانن، بەڵام حکومەت هیچ هاوکارییەکیان ناکات.”
گوتیشی، لەساڵانی رابردوو حکومەت بنەتۆو و پەینی کیمیایی و گازوایل دەدایە جووتیاران، بەڵام ئێستا هیچ هاوکاری و پشتیوانییەکی جووتیاران ناکرێت، تەنانەت ئەم ساڵ هیچ بڕە بنەتۆوێک بۆ جووتیاران دابین نەکراوە.
سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی جووتیاران گوتیشی، لە سلێمانی کارگەیەک کراوەتەوە بۆ پاککردنەوەی تۆو، لەکاژێرێکدا 12 تۆن گەنم پاک دەکات، بەڵام ئەم ساڵ هیچ گەنمی بۆ دابین نەکراوە تاوەکو جووتیاران سوودی لێ ببینن.
لەبارەی شێوازی کشتوکاڵکردن، تەها حاجی رەحیم دەڵێت، ئێستا زۆرینەی جووتیاران روویان لەوەکردووە کە سیستمی قەترە بەکاربهێنن بۆ ئاودانی باخەکانیان و نزیکەی 90% جووتیاران کە باخیان هەیە سیستمی قەترە بەکار دەهێنن.