لە مۆنۆمێنتی ئەنفالەوە لە چەمچەماڵ داوا دەكرێت، 423 تاوانبارەكەی شاڵاوی ئەنفال ڕادەستی یاسا بکرێن و ئاشكرایشی دەكەن، بەشێك لەو تاوانبارانە دەربای وڵاتانی ئەوروپابوون و بەپێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە مافی پەنابەرێتیان پێدراوە.
بەشێک لە ڕێکخراوەکان، چالاکوانان، نووسەران پەرلەمانتارانی عێراق و کوردستان و توێژەرانی بواری جینۆساید لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە هۆڵی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ڕایانگەیاند، داواکارین لەپێناو چەسپاندنی یاسا و سەروەربوونی مرۆڤایەتیی، ئەو تاوانبارانەی، کە دەستیان هەبووە لە جینۆسایدی هاوڵاتیانی کوردستاندا ڕادەستی یاسا بکرێن.
ئەوەشیان خستەڕوو، لە کۆی ٤٢٣ تۆمەتبارانی دۆسیەی ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بارزانیەکان، کە سەرجەمیان داواکراوان لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تێوەگلاون، بەشێک لەوانە لە وڵاتانی ئەوروپا وەک بەریتانیا، نەمسا، هۆڵەندا، سویسرا، بەلجیکا، ئەڵمانیا و دانیمارک دەژین و هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەن، بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان نابێت مافی پەنابەرێتی بدرێتە تاوانبارانی بواری جینۆساید.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا داواکرا، ئەو تاوانبارانەی، کە لە جینۆسایدی گەلی کورد بەشداربوون و لەئێستادا لە کوردستان نیشتەجێن، دەستگیر بکرێن و ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێز لە قوربانیەکانمان بگیردرێت و چیتر ڕێگە نەدرێت تاوانباران لە سزاکان ڕزگارییان بێت.
وتیشیان، چەندین جار بە مەبەستی دەستگیرکردنی تاونبارانی دۆسیەی ئەنفال، کە ژمارەیان ٤٢٣ کەسە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە، بەڵام ئەوان لە وەڵامدا پێیان وتوین: ئەو کەسانە بە بڕیارێکی بەرەی کوردستانی لێخوشبوونیان بۆدەرکراوە.