لە شاری هەولێر هاوسەرۆکی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە و ژمارەیەک لە ئەندامانى کەنەکە ناڕەزایەتیان نیشاندا سەبارەت بە شەهیدکردنى دەنیز جەڤدەت نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان و دەڵێن: ئەم کردەوە تیرۆرستییە تەنیا تاوان و دەستدرێژیی نییە بۆ سەر گیانى ئەندامێکی کەنەکە و چالاکوانێکی مەدەنی، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی کوردستان و ئاسایشی هەولێر.
لە نوێنەرایەتى کەنەکە لە شاری هەولێر زەینەب موراد هاوسەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانى کەنەکە لە باشووری کوردستان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا وێنەى شەهید دەنیزیان بەرز کردبووەوە.
دواتر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا زەینەب موراد هاوسەرۆکى کەنەکە ڕاگەیەنراوی فەرمی کەنەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتووە: سەرەتا تیرۆرکردنى دەنیز جەڤدەت بولبون شەرمەزار دەکەین کە ڕۆژی ١٨ی مانگ دەنیز جەڤدەت لە نووسینگەى کەنەکە تیرۆر کرا، ئەم هێرشە ئاسایی نییە، بە ئامانجگرتنى نووسینگەى کەنەکە لە هەولێر، بە ئامانگرتنى خەباتی یەکێتی نەتەوەیی و سەرجەم گەلی کوردە.
هاوسەرۆکى کەنەکە ئاماژەى بەوەش کرد، ئەم کردەوە تیرۆرستییە تەنیا تاوان و دەستدرێژیی نییە بۆ سەر گیانى ئەندامێکی کەنەکە و چالاکوانێکی مەدەنی، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی کوردستان و ئاسایشی هەولێر، دووژمنەکانمان بەم هێرشانە نیشانی دەدەن کە چەندە بە یەکڕیزیمان ناڕەحەتن و لە خەباتی یەکێتی نەتەوەیی دەترسن، لەبەر ئەوەى یەکدەنگی کورد دەبێتە وەڵامێک بۆ ئەو پیلانانەی کە داگیرکەران دەرحەقی گەلەکەمان و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد دەیکەن.