بەگوێرەی ئامارەکانی دادگا و ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاستی جیابوونەوەی خێزانەکان ڕووی لە هەڵکشان کردەوە و تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵ نزیکەی حەوت هەزار خێزان لە دادگاکانی عێراق جیابوونەتەوە
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەنیا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ شەش هەزار و ٧٢٨ خێزان جیابوونەتەوە بەبێ ئاماری هەرێمی کوردستان، بەواتای لە یەک کاتژمێردا ١٠ خێزان لە دادگا جیابوونەتەوە .
لە ڕاگەیەنراوەکەی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دا هاتووە “تەنیا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە شەش هەزار و ٧٢٨ خێزان جیابوونەتەوە، واتە لە یەک کاتژمێردا ١٠ خێزان جیابوونەتەوە و لە رۆژێکدا ٢٢٤ خێزان، هەروەها چوار هەزار و ٢٥٩ حاڵەتی جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگاکان هەبووە، جگە لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی دۆسییەکانی جیابوونەوە زۆرترین حاڵەتە دووبارەکان لە عێراق بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەژاری و بێکارییەوە تۆمارکراون، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە عێراق ٧٠ هەزار خێزان جیابوونەتەوە، واتە رۆژانە نزیکەی ٢٠٠ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
لەوبارەوە ئەحلام عوبەیدی، داکۆکیکار لە مافی ژنان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، “هۆکاری زۆربوونی جیابوونەوە دەگەڕێتەوە بۆ زۆربوونی کێشە خێزانییەکان، هۆکارەکەشی تەکنەلۆژیا، سەختی بار و گوزەرانی خەڵک بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری، نەبوونی پشتگیریی پێویست لەلایەن حکومەت بۆ گەنجان، بڵاوبوونەوەی زۆری مادەی هۆشبەر و نەبوونی هوشیاریی تاک لەبارەی خێزان و نەبوونی کولتووری لێبووردەییەوەیە .
دەشڵێت “ئەو ژمارەیەی هەیە لەبارەی جیابوونەوە زۆر مەترسیدارە و لە داهاتوودا دەبێتە کێشەی گەورە، بەتایبەت هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان کە دەیان هەزار منداڵی بێ سەرپەرشت و ژنی بێ مێردی لێدەکەوێتەوە.”
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، کە لە ئاداری ٢٠٢٣دا بڵاویکردبووەوە، ساڵی رابردوو ٥٥ هەزار و ٨٩٦ کەس هاوسەرگیرییان کردووە، لە بەرامبەردا ١٣ هەزار و ٩٦٧ ژن و مێرد جیابوونەتەوە، زۆرترین جیابوونەوەش لە دادگاکانی دهۆک و هەولێرن لەنێو ئەو کەسانەدا بووە کە تەمەنیان لە خوار ٢٠ ساڵانە، هۆکارەکەشی نەگونجان، ناپاکی و تەکنەلۆژیا هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەکانن.