میژووی مرۆڤایەتی پریەتی لە باسی جەنگ و خوین ڕشتن بە بیانووی ئاین، خێل، نەژاد و نەتەوەیی …، بەڵام هیچ کاتێکیش هێندەی ئیستا مرۆڤایەتی لە ژیر هەرەشەی گەورەدا نەبووە. سەرمایەداری لەگەڵ گەشەی خۆی و بازاردا، زۆرترین پەرەشی بە بەرهەمهینانی چەک و گەشەی میلیتاریزم داوە.
هەموو جەنگی میلیتاریزمەکان کۆمەلیک جەنگی نارەوان و لەپیناوی داڕشتنەوەی هاوکێشەی سیاسی و ئابووری لەبەرژەوەندی چینی سەرەوەی کۆمەلگادا ڕێکدەخرێن.
سەرمایەداری لە ئەمرۆی بەمیلیتاریزمە کردنی جیهاندا و بۆ رەوایی بە جەنگەکانی، هەموو دەزگا میدیایی و “ناوەندەکانی مرۆڤی و سیاسی” بە هێلێکدا دەبات کە زۆرترین کاریگەریان لەسەر مێشکی مرۆڤ هەبێت. بیانووەکان هەر لە جەنگی دژە تیڕۆر تا جەنگی سەقامگیری ئاسایش، پڕوپاگەندە و باسێکن کە هەمووانی بۆ ئەو خاڵە کێش کردوە. قوربانیەکانی مرۆڤایەتی لە ئیستادا هەر لە بەرەی جەنگدا نییە، یان قوربانیەکانمان هەر ئەو منداڵ، ژن و پیاوە سڤیلانە نین کە لەناو جوگرافیاکەدا کەوتوونەتە ناو ئاگرەوە. قوربانیەکانمان زۆرترین ئەو مرۆڤانەن کە خۆیان لە خواری کۆمەلگادان و دڵیان بە لایەنێکی بەرەی جەنگ خۆشە، هیندە زۆرن ڕەنگە هەژمار نەکرێن. بەڵام لە هەموو ئەوانە جەرگ بڕتر ئەو قوربانیانەن لەناو کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکاندا کە تیور و لێکدانەوە بۆ لایەنگری و نەکردنی جەنگی میلیتاریزمەکانیان خستۆتە جێگای خەباتی چینایەتی و ریکخستنی کۆمەلگای مرۆڤایەتی، لەدژی هەموو کۆی سیستەمی سەرمایەداری و میلیتاریزمەکەی.
لە مێژوویی ململانێی چینی خوارەوە و سەرەوەی کۆمەلگادا، تەنها ئەو جەنگە ڕەوابووە بۆ خەلكی خوارەوە کە راستەوخۆ خۆیان بەڕیوەیان بردووە دژی ئەو ستەمەی لەسەریان بووە، ئەو جەنگە بۆ کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوە، هەربۆیە ئەو جەنگە ئیتر جەنگی شۆرشگیرانە بووە.
ئیستای جەنگی تیرۆریزمی ئیسلامی و میلیتاریزمی دەوڵەتی، پێوویستیەکی گرنگە بۆ سەرمایەداری ناو بازنەی قەیرانی ئابووری. بۆیە ئەو جەنگە و قوربانییەکانی بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی کە خوارەوەی کۆمەلگا بڕیاری پێچەوانە یان جەنگی شۆرشگێرانە بۆ مانەوە و ژیان رێکدەخەین.
شۆرش و ئالوگۆر ئەگەریکی گەورەیە لەو جێگانەی کە کۆمۆنیست و سۆشیالیزمی خوارەوە توانای ڕێکخستنی کۆمەلگایان هەیە. خۆشبەختانە رەوتی سۆشیالیزمی خوارەوە بەرەو بووژانەوە و بەهێزبوون دەروات لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش پێوویستیەکە بۆ چینی خوارەو و دەبێت هەموو مرۆڤایەتی هیواکانی لێرەوە هەڵچنێتەوە، هیچ ڕێگایەکی تر نییە.
ڕزگار شەیبان