رۆژی سێشەممە ٢٠١٦/٥/١٠ کاتژمێر (٣) ی دوای نیوەڕۆ لە شاری هەولێر ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە باشوری کوردستان کۆبوونەوە .
کۆبوونەوەی ئاسایی ئەندامانی کەنەکە لە شاری هەولێر بەئاماددەبوونی هاوسەرۆکی کەنەکە “نیلوفەر کۆچ” و ژماریەکی زۆر لە ئەندامانی کەنەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی چواربەشی کوردستان دەستیپێکرد ،لەم کۆبوونەوەیەدا هاوڕێ مام خدر سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و ئەندامی کۆنگرەی کەنەکە بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد .
سەرەتا هاوسەرۆکی کەنەکە نیلوفەر کۆچ بەخێرهاتنی ئاماددەبووانی کرد و کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی سیاسی چواربەشی کوردستان پێشکەشکرد ، هەروەها تەوەرەکانی گفتووگۆی کۆبوونەوەکەی خستە ڕوو ، کە گرنگترینیان (سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ) و سیاسەتی ئێستای کوردی بوو . خاڵێکی تر کە هاوسەرۆکی کەنەکە ئاماژەی پێکرد (کۆنگرەی چارەسەری قەیرانە مرۆییەکان) کە بڕیارە لە (٢٣ و ٢٤) ئەم مانگە لە ئەستەنبۆڵ – تورکیا ببەسترێ ، لەسەر ئەو مژارە کەنەکە نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (بان کیمۆن) کردووە کە ئەو کۆنگرەیە لە تورکیا ئەنجام نەدەرێ چونکە حکومەتی تورکیا خۆی هۆکاری قەیرانە مرۆییەکانە بۆیە کەنەکە داوای گۆڕینی شوێنی کۆبوونەوەکە دەکات .
ئەندامانی کۆنگرە ڕاو و بۆچوونی خۆیان لەسەر سیاسەتی ئێستای کوردی و بارودۆخی ناوماڵی کوردی دوای سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر (سایکس بیکۆ) باسکرد ، هەموو بۆچوونەکان پێداگری لەسەر یەکگرتنی پارتە سیاسیەکانی کورد دەکرد و داوای ستراتیجیەتێکی هاوبەشی تۆکمەی کوردی دەکرد .
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە پێشنیار و پلاننامە و بابەتی تر گفتوگۆکران ، شایانی باسە لە (١٥ و ١٦ ) ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە برۆکسل پایتەختی بەلجیکا ئەنجام دەدرێ .
کۆبوونەوەی ئەندامانی کەنەکە لە شاری هەولێر دوای دوو کاتژمێر کۆتاییهات .