داڕشتنەوەی: حەمەسەعید حەسەن
ئه‌گه‌ر پێت وایه بزربوونی من، ده‌بێته هه‌وێنی بهختەوەریت، هێنده‌م خۆش ده‌وێیت، ده‌توانم به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌خوازیت، له‌به‌ر چاوت بزر ببم. بۆ هه‌ر كوێیه‌ك سه‌فه‌ر بكه‌یت، هه‌رچه‌ند لێم دووربیت، له‌به‌رچاوم ون نابیت. دووری و دابڕان، ناتوانن ئه‌و شته هاوبه‌شانه‌ی نێوانمان كه له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕاستگۆیی و جوانی ڕۆ نراون، بڕووخێنن.
هەر تاقه ژنێک، ته‌مه‌نی پیاوێک داگیر ده‌كات، ئیدی هه‌ر ژنێكی دیكه بناسێت، ته‌نیا هه‌وڵدانه بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه و له‌بیرچوونه‌وه‌ی ئه‌و تاقه ژنه و دوای ئه‌و ئه‌ڤینه ڕاسته‌قینه‌یه، نه ژیانی جێی به‌ختیارییه‌كی تری تێدا ده‌بێته‌وه و نه ته‌مه‌نی به‌شی ئه‌ڤینێكی دیكه ده‌كات، تۆ ئه‌و تاقه ژنه‌ی ژیان و ته‌مه‌نی منیت.
هه‌رگیز كه‌سی وه‌ک تۆم نه‌ناسیوه، هێنده لێته‌وه نزیكم، قه‌ت له كه‌سی دیكه‌وه، هێنده نزیك نه‌بووم. ددانی پێدا ده‌نێم، من كێویی بووم، ئه‌وه تۆ بوویت كه‌ویت كردم. تۆ هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام گه‌مارۆت داوم، وه‌لێ من هه‌میشه چاوه‌ڕێتم، هه‌ر وه‌ک كه‌سێک چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی نیشتمانێک بكات كه لهمێژبێت له كیسی چووبێت.
له دووریت، مۆمێكم، تنۆک تنۆک ده‌توێمه‌وه، وه‌ک چۆن ناوی خۆمم له‌بیر ناچێته‌وه، هه‌رگیز تۆیش فه‌رامۆش ناكه‌م. ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆم له‌بیر بچێت، وەک ئه‌وه وایه نیشتمانم له‌كیس چووبێت. وه‌ک چۆن ده‌ستبه‌رداری وڵاته‌كه‌م نابم، هه‌ر وایش قه‌ت واز له تۆ ناهێنم و خه‌باتی بێوچانی درێژخایه‌نم، له‌پێناوی ئه‌وه‌دایه به تۆ بگه‌م، ئاخر تۆ ڕابردوو، ئێستا و ئایندهی منیت، ئاخر تۆ نیشتمانی منیت، ئاخر به هۆی تۆوه وابه‌سته‌ی نیشتمانم.
تۆ ته‌نیا بیر له چاره‌نووسی خۆت ده‌كه‌یه‌وه و من خه‌یاڵم لای ئایندهی كه‌سانی تریشه. ترسنۆک نیم، ئه‌وه ئه‌مه‌ک و قوربانیدانه بۆ كه‌سانی دیكه، تۆ به ترسنۆكیی لێك ده‌ده‌یه‌وه. وا هه‌ست ده‌كه‌م له ناوه‌ندی خمخۆركێكدام،(١) نازانم بگه‌ڕێمه‌وه دواوه باشه؟ یان به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو بنێم؟ من دیلی ده‌ستی ئه‌ڤینی تۆم و تۆیش وه‌ک چۆله‌كه‌یه‌كی ئازاد، به‌رده‌وام له ئاسمانی خه‌یاڵمدا له شه‌ققه‌ی باڵ ده‌ده‌یت. با لێشم نه‌پرسیته‌وه، وه‌لێ من هه‌میشه دێمه‌وه بۆ لات، وه‌ک ئه‌و منداڵه بێ كه‌س و بێ داڵده‌یه‌ی، بۆ تاقه په‌ناكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه. وه‌ک منداڵێكی چه‌قاوه‌سوو ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ لات و سه‌ری تهڕبوومت پێ ده‌سپێرم، به‌و ئومێده‌ی قژم له ئامێزتا وشک بكه‌یته‌وه.
تۆ له منداڵدانی (با)دا له‌دایک بوویت و من ده‌خوازم له‌ژێر كه‌پری پێڵوومدا بتخه‌وێنم، ئه‌ی ئه‌و ههورهژنهی له ته‌مه‌نی وشكههڵاتوومدا، بهفهڕترین وه‌رز بوویت. ئه‌وه‌نده‌م خۆش ده‌وێیت، تا لێواری شێتی، شێتییەک هێدی هێدی به‌ره‌و مردنم ده‌بات و كه‌چی چێژی لێ وه‌رده‌گرم. ده‌شێت ڕۆژێک به ته‌واوی فه‌رامۆشم بكه‌یت، ده‌زانیت به‌و چاره‌نووسه خهمناكهیش، هه‌ر قایلم!(٢)
*
(١) خمخۆرک: الرمال المتحركة: Quicksand
(٢) رسائل غسان كنفانی الی غادة السمان، قدمت لها: غادة السمان، الطبعة الخامسة، دار الطلیعة ٢٠٠٥ بیروت.
(٣) ئه‌م نامه‌یه، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و نامانه‌ی (غه‌سان كهنهفانی)دا نووسراوه كه بۆ (غادە ئهسهممان)ی هه‌ناردوون.
غه‌سان كهنهفانی پیاوێك بوو خاوێن، نه سامان توانی پیسی بكات، نه ده‌سه‌ڵات.
غاده ئهسهممان
ئازادی شتێك نییه، بتوانین له ده‌ره‌وه بیهێنین، ئه‌گه‌ر هه‌بێت له ناخی خۆماندایه.
غه‌سان كهنهفانی