بەیاننامەی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان
ئەمڕۆ كرێكارانی بیرو بازوو لە سەرتاسەری جیهاندا ، یادی (137) ساڵەی گیانفیدایی و تێكۆشانی هاوڕێكانیان لە شاری شیكاگۆ دژ بە سیستەمی سەرمایەداری دەكەنەوە ، هاوكات پارتە چەپ وكۆمۆنیستەكان جارێكی دیكە، پەیمانی تێكۆشانی چینایەتی دژ بە سیستەمی سەرمایەداری بۆ بەدیهێنان و بنیاتنانی سۆسیالیزم لە پێناو مرۆڤایەتی و هێنانەدی یەكسانی ودادپەروەری كۆمەڵایەتی، نوێ دەكەنەوە
دوای تێپەربوونی نزیكەی سەدەونیوێك بەسەر خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكانی كرێكاران چەوساندنەوەو پەراوێزخستن درێژەی هەیە و لەبەرامبەریشدا، تێكۆشان لەپێناو هێنانەدی جیهانێكی باشتر بەردەوامە.
كرێكارانی بیرو بازوو
هەموومان دەبینین، حوكومەتە سەرمایەدارەكان لە فۆرمی لیبراڵیەتی نوێ بونەتە پاسەوانی بەرژەوەندی كۆمپانیا و سەرمایەداران لەسەر حیسابی بەرژەوەندی زۆرینەی هاوڵاتیان و كرێكاران، ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە نەهێشتنی خزمەتگوزارییەگشتییەكان و زیادكردنی باج و رسومات و دابەزینی ئاستی كرێ و بڵاوبونەوەی بێكاری و هەڵكشانی رێژەی هەژاری، دەرئەنجام ئەمرۆ كەمینەیەكی زۆركەم لە ئاستی كوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهاندا وەك ملیۆنێرو ملیاردێر هەڵتۆقین و زۆرینەش لە دۆخی پەراوێزخراو و دابەزینی ئاستی داهاتدان.
كرێكاران ، جوتیاران، هاوڵاتیانی پەراوێزخراو
بارودۆخی كرێكارانی كوردستانیش كە دابراونییە لە وەزعی گشتی كرێكارانی جیهان سەرەرای تایبەتمەندییەكەی بەهەلومەرجێكی سەختدا تێپەڕدەبێت، بڵاوبونەوەی بێكاری زیاتر و دابەزینی هەقدەستی كارو دابین نەكردنی مافی بیمە سەرەتاییەكانی وەك بیمەی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و بیمەی بێكاری بەردەوامە، هاوكات چەوساندنەوەی ژنان پەرەی سەندوە، هەموو ئەوانە لە چوارچێوەیخراپتربوونی ژینگەی كار و نەمانی دڵنیایی كۆمەڵایەتیدا روودەدات، ئەمەش رەنگی داوەتەوە لەوەی تاك و زۆرینەی كۆمەڵگە هەست بە ئەمن و ئاسایشی ئابوری و كۆمەڵایەتی ناكات و بەردەوام لە دۆخی دڵەراوكێو بێزاربووندایە، لەوەش خراپتر بۆتە هۆی بڵاوبونەوەی مادەی هۆشەبەر و بەرزبونەوەی توندوتیژی خێزانی و لێكترازانی كۆمەڵایەتی و سەرگەردانی، هاوكات تادێت بازنەی بەشداری سیاسی هاوڵاتیان تەسكتردەكرێتەوە هیچ مانایەك بۆ چەمكی هاوڵاتی كارا و مافی بەشداری سیاسی زۆرینە نەماوەتەوە و تەنانەت هیچ ئیرادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆشیدا نابینرێت، هەموو ئەو دیاردانە كاریگەری خراپی خستۆتە سەرداهاتووی ئەزموونی هەرێمی كوردستان.
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان
ئێمە لە لێژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان ،سەرەڕای ئەوەی تێكۆشانی چینایەتی و هێنانەدی عەدالەتی كۆمەڵایەتی ئەركی رۆژانەمانە ، بەڵام بە پێی واقیعی كۆمەڵگەكەمان ، هەموو لایەكمان لە پارتە چەپ و بزووتنەوە جەماوەری و كرێكارییەكان ، رووبەڕووی ئەركی تێكۆشان بۆ كوردستانێكی ئازادو سەربەخۆ وتەواوكردنی پێداویستیەكانی قۆناغی رزگاری نیشتمانی و تێكۆشان بۆ یەكسانی نێوان ژن و پیاو و پاراستنی ژینگەو چەندین ئەركی دیكە دەبێنەوە.
هەرلەم رۆژە گرەنگەشدا، كاری هاوبەشی چەپ ، ئەم داوایەنە بۆ رای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان، رادەگەینێ:
7. نەهێشتنی بێكاری و رەخساندنی هەلی كاری یەكسان و دابینكردنی بیمەی بێكاری و تەندروستی و كۆمەڵایەتی و دیاریكردنی لایەنی كەمی كرێ كە لە 177 هەزار دیناری عێراقی كەمتر نەبێت.
2. دەستەبەری كارو ژیانی كرێكاران بكرێت.
3. سەلامەتی پیشەیی كرێكاران و دابینكردنی هۆیەكانی خۆپارێزی لەشوێنی كار بەرپرسیارێتی حكومەت و كۆمپانیاكانە.
4. رێگەگرتن و نەهێشتنی جیاكاری لە نێوان كرێكاری ژن و پیاو و گێچەڵی سێكسی.
5. مسۆگەركردنی دابەشكردنی موچە لەكاتی خۆیدا و گەڕاندنەوەی پاشكەوتەكان.
6. دابینكردنی مافی )مۆڵەتی دایكایەتی( بۆ كرێكارانی ژن ، رێگاگرتن لەكارپێكردنی منداڵان.
1. كاراكردنەوەی سەندیكای كرێكاران و رەخساندنی فرەیی و ئازادی خۆ رێكخستن.
8. سندوقی خانەنشیني و زەمانی كرێكاران كارا بكرێتەوە.
9. یاسای كاری نوێ لە هەرێمی كوردستان كارا بكرێت رێنمایی بۆ دەربكرێت و هەمواری ئەو ماددانەش بكرێتەوە كە ژینگەیەكی گونجاو بۆ شكۆی كرێكار ناڕەخسێنێت.
77. پاراستنی ژینگەی كوردستان بەرپرسیارێتی حكومەتەو لەمباریەوە چاوچنۆكی كۆمپانیاكان كۆتایی پێبهێنرێت.
بژی خەباتی نێونەتەوەیی و هاوپشتی كرێكاران لە جیهاندا بژی خەبات لەپێناو دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانی لەكوردستاندا
بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
حزبی شیوعی كوردستان
ئایاری 2023