
لە تەوەرێکی دیکەدا، کۆبونەوە لەسەر پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەستا و لایەنەکان جەختیان کرد لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، کە زامنی سەقامگیریی سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆبوونەوەی لایەنەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان و کۆتای پێکهاتەکان جەخت لەسەر ئەم بنەمایانەی دەکات :
یەکەم : هەرچەندە ئێمە لەگەڵ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن نەبووین و نین و داوامان دەکرد هەڵبژاردن دوا نەخرێت و هەردەم جەختمان لەسەر یەک بازنەیی کردۆتەوە، بەڵام لەوە دەچێت ڕێککەوتنی پێشوەخت بۆ هەموارکردنی یاساکە کرابێت. ئێمە لە کاتی گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەیی بۆ فرە بازنەیی داوا دەکەین هەمواری یاساکە بە شێوەیەک بێ کە دەستەبەری فرە حزبی و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموكراسی و بە هەندوەرگرتنی دەنگی هاونیشتمانیان و عەدالەتی نوێنەرایەتی بکات لە هەرێمی کوردستاندا.
دووەم : جەخت لەسەر هەڵبژاردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان دەکەینەوە لەسەر بنەمای پیشەیی و بێ لایەنی، هاوکات پێداویستییەکانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد دابین بکرێت.
سێیەم : سەبارەت بە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی کوردستان لە پەرلەماندا، کۆبوونەوە پێیوایە لە هەر گۆڕانکارییەک لە یاساکەدا دەبێ رەچاوی ویستی پێکهاتەکان بکرێ.
1. حزبی شیوعی کوردستان
2. پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
3. پارتی رەنجدەرانی کوردستان
4. پارتی پارێزگارانی کوردستان
5. یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان
6. بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
7. حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
18ی ئاداری 2023