ئەوەی بەم ٣٠ ساڵە خراپ کراوە لە هەموو رویەکەوە ، ئەگەر ئێستە خاڵێکی بۆ دابنرێت و بچینە سەری دێڕو ، رۆژگارێکی نوێ دەست پێ بکەین ، ئەوە هەر یەک ساڵ لەو خراپەکاریە هەمە لایەنە دروست ٣٠ ساڵ وەختی دەوێ تا بخرێتەوە سەر پلێتەکەی پێش ڕاپەرین ، واتە ئەوەی بە ٣٠ ساڵ خراپ کراوە پێویستی بە ٣٠ جار ٣٠ ، کە دەکاتە ٩٠٠ ساڵ ، ئەگەر پێتان سەیرە ئەوا برواننە خراپەکاری ٣٠ ساڵی ڕابوردوو لە هەموو کەرتەکانی ژیان بەتایبەتی کەرتی پەروەردە ،
فەرەنسا کاتێ بەروی زوڵمو زۆری دەسەڵاتی پاشا ڕاپەری ، بۆ ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ ، حوکم و دەوڵەتداری کەوتە دەست ، ئەفسەرێکی سەربازی وەک ناپلیۆن پۆناپارت ، کە بەهۆی سەدان کەسی گەندەڵ و حوکمێکی فاشل و دۆراو ، نەک هەر هەموو دروشم و ئاکارەکانی ڕاپەرینی فەرەنسای لەبار برد ، بەڵکو حوکمێکی هێندە خراپ و پڕ گەندەڵی بەرێوەبرد ، هەم فەرەنسای وەک دەوڵەت لاواز کرد هەم کارێکی کرد هەتا ئەم ساتەوەختە ، کاریگەری خراپی ئەو دەمانە لەسەر فەرەنسا وەک پەڵەی سوتاویەکی خراپ دیارماوە ، یەکێک لەو شتە خراپانەی بەهۆی هەڵەی سیاسیەکانەوە ، وە خراپی ئیدارەدانەوە لەم ماوەیەدا بەرهەم هاتوە ، لاوازبوونی ئاستی نیشتمان پەروەری یە تائاستی سفر ، خەڵک پێش ڕاپەرین و هاتنە سەر دەسەڵاتی حیزبی کوردی لەباشور ، ئینتمای بۆ سیاسەت و حیزبایەتی و نیشتمان زیاتر بوو ،خودانی ئاسۆو ئومێد بوون ، متمانە لە ئاستێکی باڵاتردا بوو ،ئێستە کە هەموو ئەوانە کەوتون ،بەدەستی خەڵکانێکی بێباک ، گەرانەوەی هەموو ئەو شتە حەیاتیانە پێویستی بە خەڵکی دڵسۆزو شارەزاو بە هێزی خاوەن ئیرادە هەیە ، ئەمەش بە سێ رۆژ نا ، بەڵکو کارنامەیەکی ئەوێت ، کە بتوانێت هەموو ئەو پۆخڵەواتیانەی لەم ماوەیە بەرهەمهاتون ، لەڕەگوریشەوە دەرهێنێت و بژاربکرێت .
ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابوردوو ، نامیلکەیەک هەبوو لە کتێبخانەکان ، لەسەر بەرگەکەی نوسرابوو ، چۆن فێری زمانی ئینگلیزی دەبی بە یەک هەفتە ، بێگومان ئەمە مایەی پێکەنین و گاڵتەجاریشە ، ئاخر چۆن مرۆڤ بە خوێندنەوەی نامیلکەیەک بەیەک هەفتە ، هەر خۆی و خۆی فێری زمانێکی بێگانە دەبێت ، بەڵام ئەسڵی بابەتەکە ئەوە نەبوو ، بەڵکو ئەوە تەنها عینوانێکی سەرنج راکێش بوو بۆ راکێشانی کڕیار بۆ نامیلکەکە ، لە ئەسڵا فێری کۆمەڵێ پیتو وشەی ئینگلیزی دەکردی ،
خولاسە و ئەسڵی مەتڵەمب ، ئەم قسەیەش کە گەرەکیانە بە سێ رۆژ سەرەتای دەست پێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ، ئینتما بۆ نیشتمان بگێرنەوە ، وەک ئەو عینوانی نامیلکەکە ، تەنها عینوانێکی ریکلام ئامێزە ، دەنا لە بنچینەدا گەرەکیانە لە زەرفی سێ رۆژدا بەقوتابی بڵێن ، مناڵینە ساڵ بەو عەیام ئێمەی کورد نیشتمانێکمان هەبوو ، لەناو ئەم نیشتمانە گوندو شار هەبوو ، شار بە خوێندن و زانانین و زانکۆ ، گوندیش بە داس و بێڵەکەیەوە جوان بوو ، ئێستە نە شار شارەو نە گوندیش سیمای گوندی ماوە ، ئێستە نە گەل بروای بە ژیانی نیشتمانەو ، نە تروسکەی رۆژێکی رونیش لە ئاسۆدا
دانا رەشید