کورد لە کوێی ئەو شەڕە جێگە دەگرێت؟!.
لە ٢٤ ی مانگی رابوردوو، کۆشکی سپی بۆ وۆڵستریت جۆرنەڵ ئاشکرایکرد، کە ئەوان خەریکن بۆ ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا لە شەڕی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ناوێک دابنێن.
ناونان ئەگەرچی کارێکی شەکلییە، لێ واتای خۆی هەیە و دەربڕی ئەوەیە ئەمەریکا ئامانجی شەڕی هەیە، لە هەموو کردە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە دەرەوەی سنورەکانی ناوێکی لێناون، بۆ نمونە(گەردەلولی بیبان، ئازادی عێراق، و دەیەها ناوی دیکە بۆ شەرەکانی دیکە).
ئەم خاڵە بەواتای ئەوەیە ئەمەریکا پلانی هەیە بۆ شەڕ، کەواتە ئەم شەڕەی روسیا دەستیپیکرد، هەروا کۆتایی نایەت ودرێژە دەکێشێت.
ئەم خاڵە گرنگە لەتەک ئەوەشدا، ئەمەریکا ٣ ملیار دۆلاری دیکەی بۆ ماوەی سێ سال بۆ ئۆکرانیای تەرخانکرد کە لە شێوەی چەک و تفاق و هاوکاری لۆجستیدا بەکاردەهێنرێت.. بەواتا ئەمەریکا پلانی هەیە لانی کەم تا ٣ سالی دیکە ئەو شەڕە درێژە بکێشێت.
لەبەرامبەردا روسیا ئاشکرایکرد ١٣٧ هەزار سەربازی دیکەی بۆ سوپای روسیا زێدەکرد، بەمەش تەواوی ژمارە سوپای روسیا بووە بە ١ملیۆن و ١٥٠ هەزار سەرباز، کە ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە، روسیاش لە گەمەکە گەیشت و، بەهەڵە لێکدانەوەی کردبوو، کە بۆ ماوەیەکی کورت شەڕەکە دەکات و دەیباتەوە، کەچی وا دەرنەچوو. ئێستا بۆی دەرکەوت هێشتا لە سەرەتایەکەیەتی، ئەمەریکا رێگە نادا کۆتایی بەو شەڕەی بێت. پێشتریش لە سەرەتای ئەم شەڕە چەندین وتارمان نوسی کە ئەمەریکا، پۆتینی تێوەگلاند، ئەویش بە چەمکی (Overe Estimate) زێدەڕرۆیی لە نرخاندن، تێکەوت.
ئاماژەیەکی دیکە کە ئەو شەڕە کۆتایی نایەت وا زوو، بەرژەوەندی دەوڵەتانە، هەرکاتێک روسیا وئۆکرانیا نزیک بووبنەوە لە شەڕ وەستاندن، هەندێ دەوڵەت کەوتونەتە دەورێ ئەو هەوڵانەیان تێکداوە، بۆ نمونە مانگی چواری ئیمساڵ کە هەوڵێک هەبوو، لێ بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا وەک سیاسەتی دەوڵەتەکەی خۆی گەیاندە ئۆکرانیا و، تێکیدا، نەیهێشێت ئەو کارە بەئەنجام بگات. کەواتە درێژەدانی ئەو شەڕە لەبەرژەوەندی هەندێ دەوڵەتە. ئەم زانیارییە رۆژنامەی پریڤدای سەر بەزلینسکی درکاندی.
چین یەکێکە لەو دەولەتانەی دەیەوێت شەڕەکە درێژە بکێشێت، بۆچی؟
– چین دەیەوێت روسیایەکی لاواز هەبێت، بەبەردەوامی شەڕ روسیا لاواز دەبێت، لە رووی سەربازییە و نابێتە مەترسی بۆ سەر ئایندەی چین.
– روسیا گەمارۆ دەدرێت، غاز ونەوتەکەی نافرۆشرێت، لە مەودای مام ناوەند ، ئەوروپا واز لە نەوت وغازی روسیا دەهێنن، بەمەش روسیا غاز ونەوتێکی زۆری دەبێت و کڕیاریش کەم ، چین ئەوکاتە بە نرخێکی هەرزان لێیدەکڕێت. بەتایبەتی ئێستا چین خەریکی راکێشانی بۆڕیی دووەمی غازە بۆ روسیا کە دوو ساڵی دیکە تەواو دەبێت.
– ئیدی لە لاوازی روسیا بۆ بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیا، کۆمپانیاکانی چین، روسیا کۆنترۆڵ دەکات و، بەمەش ئابوری روسیا تەواو بە چین دەبسترێتەوە، دەبێتە بەشێک لە بڕیاری سیاسی ستراتیژی چین.
– دواتر چین دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیایەکی لاواز بخاتە بازاڕەوە لەگەڵ ئەمەریکا بۆ پرسی تایوان و تەنانەت بۆ پرسی پرۆژەی پشتێن و رێگای چین.
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە وایکرد ئەمەریکا شەڕيکە درێژە پێبدات، کەمتوانای سوپای روسیا لە داگیرکردنی ئۆکرانیا، دەرکەوت روسیا ئەو تەکنەلۆژیا سەربازییەی هەیە هی درێژەدانی شەڕ نییە و بێکەڵکە، ئەمە سەرباری نارەزایەتیەکانی ناوخۆی روسیا هەتا دێت زێدە دەبێت. هێزی ئۆکرانیا ١ بۆ ١٠ی روسیایە، کەچی وا دەرنەچوو، بەرگرییەکی بێوێنەی ئۆکرانیەکان هەیە.
چەندەها بەڵگە و ئارگۆمێنتی دیکە دەسەلمێنێت کە ئەو شەڕە درێژەی دەکێشێت. لێرەدا ئەگەر بپرسین، کاریگەری ئەو درێژەدانە بەشەڕ بۆ سەر دۆزی کورد، کە دۆزیکی گەرمە و فیگەرێکە لە هاوکێشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، چی دەبێت؟
ئیمڕۆ ئەمەریکا لە لەگەڵ قەسەدە لە دوری ٨ کم سنوری تورکیا و بارۆس مانۆری سەربازییان ئەنجامداوە.
لەهەمان کاتیشدا، ئەردۆگان لە سربیا ئیمڕۆ وەک باڵوێزی پۆتین قسەیکرد و دژی ئەمەریکا وئەوروپا دوا.
هەموو ئەمانە دەریدەخاتە کە دۆزی کوردیش بەهۆی فیگەربوونی لە هاوکێشەکان و بوونی دوژمنێکی سەرسەختی وەک ئەردۆگان، کاریگەری ئەو شەڕە جیهانییە دەچێتەسەرێ ، وەک سەدەی رابوردوو، پرسێکی لۆکالی نابێت.
شرۆڤەکاری سیاسی:نیاز حامد