وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەوەی لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە ڕوویدا مایەی سەرسوڕمان نەبووە و ئەمریکاش ئاگاداری ئەو پلانەی عێراق بووە، ئەوە بەشێک بوو لە هۆکاری ئەوەی ئێمە نیگەرانی خۆمان لە ریفراندۆم دەربڕی.
هیزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی وەزارەتەکەدا ڕایگەیاند، “پێشهاتەکانی ئەم دواییە جێگەی سەرسوڕمان نەبوو، بەڵام سەرنجێکی زۆری خرایە سەر، هەروەها بەلای زۆرێک لە ڕۆژنامەنوسانەوە مایەی سەرسوڕمانە، کە پێدەچێت ئەو ڕۆژنامەنوسانە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەیان نەکردبێت”. هیزەر ناورت ڕاشیگەیاند، عێراق پلانەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کردبوو، ئەوەی ڕووشیدا هەندێکی لە دەستوری عێراقدا هەیە و هەندێکی تریشی بەپێی ڕێککەوتنی پێشتر بووە کە عێراق دوای شەڕی داعش دەچێتەوە ئەو هێڵانەی پێش ساڵی ٢٠١٤ کە بە هێڵی سەوز ناودەبرێت .
وتەبێژەکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، ئەوە بەشێک بوو لە هۆکاری ئەوەی ئێمە نیگەرانی خۆمان لە ریفراندۆم دەربڕی، جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەمریکا عێراقێکی یەکگرتوو و دیموکراتی دەوێت. هیوادارین هەموو لایەنەکان لە عێراق بگەڕێنەوە و بۆ دەستور و پەیڕەوی دەستوری عێراق بکەن. هەموو لایەنەکانیش کرد خۆیان لە توندوتیژی بەدووربگرن .
شەوی دووشەممە ١٦ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ هێزە عێراقییەکان هێرشیان بۆ سەر کەرکوک و دەورووبەری و دەستپێکرد و لەو هێرشەیاندا تاوەکو ئێوارەى ڕۆژی ١٦ى تشرینى یەکەم، ناحیەى تازە، دووزخومارتوو، داقوق، قەرەتەپە، بنکەى سەربازیى کەیوان، فڕۆکەخانەى کەرکوک، کۆمپانیاى غازى باکوور و چەند شوێنێکى تری شارى کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد. لە شەڕەکانى ئەو ڕۆژەدا بەلانیکەمەوە ٣٠ پێشمەگەر شەهیدبوون و زیاتر لە ٥٠ پێشمەرگەش برینداربوون و دواتر لە کەرکوک و دەورووبەرى پاشەکشیان کرد.
هێزە عێراقییەکان لە بەردەوامیى پێشڕەوییەکانیاندا و لە دواى کشانەوەى هێزەکانى پێشمەرگە ڕۆژى ١٧ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ بەبێ تەقە چوونە خانەقین، جەلەولا، مەخمور، دوبز، کێڵگە نەوتییەکانى هاڤانا و باى حەسەن، گوێر، باشیک، شەنگال، بەنداوى موسڵ.
ڕۆژی ١٩ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دواى کۆبوونەوەیەک، ڕایگەیاند پێشوازی لە داواکەى عەبادى دەکەن بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنى کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەچوارچێوەى دەستوورى عێراقدا.
لە بەردەوامیى ئەو پێشهاتانەدا ئەمڕۆ هێزە عێراقییەکان (سوپاى عێراق، حەشدى شەعبی و پۆلیسى فیدڕاڵی و یەکەى دژە تیرۆری عێراق) بە پاساى ئەوەى پردێ بەشێکە لە پارێزگاى کەرکوک، هێرشیان کردە سەر ئەو ناحیەیە لە ٣٠ کیلۆمەتریى شارى هەولێردا لە دواى شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە لەو میحوەرەدا چوونە ئەو ناحیەیە و کۆنتڕۆڵیان کرد. بەپێى ڕاگەیاندراوەکانى فەرماندەیى پێشمەرگە لەو میحورەدا ١٥ تانک و هەمەر و ئالیاتى حەشدى شەعبى لەلایەن پێشمەگەرەوە تێکشکێنراوە و زیاتر لە ١٥٠ چەکدارى حەشدی شەعبیش بەهۆى بەرەنگاریى پێشمەرگەوە کوژراون.
ئەمڕۆش لە بەردەوامیى ئەو پێشهاتانەدا سوپاى عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ناوچەکانى زومار و عەین زالە ٤٤ کێڵگەى نەوت، کە دەکەونە باکوری ڕۆژئاواى موسڵ، کۆنتڕۆڵکردووەتەوە.