رۆژی یەكشەممە 2022/8/21 وەفدێكی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستانی كە لە حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكیشانی كوردستان و بزوتنەوەی دیمكراتی گەلی كوردستان پێك دێن، سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ،بزوتنەوەی گۆڕان ،بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەشاری سلێمانی سەبارەت بەبارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و پێشهاتە نوێیەکان کرد.
لەكۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا، شاندی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان دیدوبۆچوونی خۆیان لەبارەی رەوشی سیاسی عێراق و كوردستان خستە بەرباس و بەتایبەتی لەمەڕ رەوشی عێراق و ئەو چەقبەستووییە سیاسیەی تێی كەوتوە، تێڕوانینی هاوبەشی حیزبەكانی چەپی كوردستانییان لەمەڕ هەڵسەنگاندنی رەوشەكەو ئەگەرو پێشهاتەكانیان بۆ هەر سێ پارتی سیاسی ڕوونکردەوە.
بەتێڕوانینی لایەنەكانی ناو لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستانی، ئەم ڕەوشە سیاسیەی ئاڵۆزەی و مەترسیدارەی عێراق کە دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی کێشەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراقە کە بەچارەسەر نەکراوی ماونەتەوە،ئەم ڕەوشە نوێیەی بەغداد و داواکاری ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمانی عێراق و جارێکیتر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دەستووری هەمیشەیی عێراق ، دەخوازێت پارت و حیزبە کوردستانیەکان بە هەستیاریەوە تـێـیـبڕوانن و لەنێو هێزە کوردستانیەکانیش گفتوگۆی نیشتیمانی هاوبەش دروست بکرێت، ئامادەکاری بۆ هەر پێشهاتێکی نوێی سیاسی لە عێراقدا بکرێت.
لای خۆیانەوە هەرسێ لایەنی سیاسی لەسەر ئاستی سکرتێر و ڕابەر و ڕێخەری حیزبەکانیان پێشوازیان لە لیژنەی چەپی کوردستانی کرد،لەهەمانکاتدا بەشێوەیەکی دڵسۆزانە لە هەوڵ و بەرنامەی هەرسێ لایەنی چەپیان ڕوانی و هاوڕا بوون لەسەر مەترسیەکانی ناوخۆی عێراق و ئەوناسەقامگیریە سیاسیەی لەناو ڕیزی هێزە کوردستانیەکان ،بەتایبەت هەردوو حیزبی حکومڕاندایە و ئەو ناعەدالەتی خراپی ژیانی ئابووری خەڵکدا هەیە کە دەبێت هۆشداریان پێ بدرێت کە لە بەرژەوەندی گشتی کاربکەن و پێیان باشبوو گفتوگۆیەکی نیشتیمانی ساز بکرێ لەسەر لایەنی کەمی بەرنامەیەک کە خاڵی هاوبەشی هەموو هێزەکان و جەماوەر لەخۆبگرێت.
ئامانجی سەرەکی هەرسێ لایەنی چەپی کوردستانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی نیشتیمانی و پاراستنی قەوارەی هەرێم لە مەترسیەکانی نیازی هەندێک ڕەوتی سیاسی ئایینی ناو عێراق کە دەیانەوێت سیستەمی سیاسی و دەستووری عێراق بگۆڕن ،لەهەمان کاتدا لەڕوانگەی بەرژەوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و داخوازیە چینایەتیەکانی خەڵکی زەحمەتکێشەوە سەرچاوەی گرتووە ،کەدەبێت کۆتایی بە ناعەدالەتی و ناسەقامگیری سیاسی ناو هەرێمی کوردستان بهێنرێت.
شاندی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان، كە لەحزبەكانی چەپی كوردستانی( حزبی شیوعی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان) پێك دێت و لەنێوان خۆیاندا، دیدو بۆچوونی سیاسی هاوبەشیان هەیە و بڕیارە لەرۆژانی داهاتوو سەردانی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان بكەن.