دلێر محەمەد نوری:
پیاوێتی وشەیەکە، پێکهاتووە لە(پیاو) لەگەڵ پاشگری (ێتی). پاشگری (ێتی)یش هەمیشە ئەو وێنانەمان نیشان ئەدەن کە لەهزرماندا چەسپاونو بەستراونەتەوە بەو وشانەی کە بەپێشیانەوە لکێنراون.
وشەی پیاو، ئەگەر چی بەتەنها، وا وێناکراوە کە پێچەوانەی ژنە، بەڵام لەڕاستیدا پیاو هیچ پێچەوانەیەکی نییەو بگرە پیاوو ژن پێکەوە دوو پێکهێنەری سەرەکی مرۆڤن. کەواتا پیاو بەتەنها مرۆڤێکی ناتەواوەو ئەمە بۆ ژنیش ڕاستە. هەر کاتێکیش ژیان شتێکی بەخشی بەمرۆڤ، دەبێت بکرێت بەدوو بەشی یەکسانەوەو نیوەی بدرێ بەژنو نیوەشی بەپیاو. ئیتر ناکرێ کۆمەڵگاو ئایین (کولتور) بێن یاری بەم دوو بەشە یەکسانەوە بکەن.
بۆ نموونە ژیان کە ئازادی ئەبەخشێ، ئەوا ئەیبەخشێتە مرۆڤو ناپرسێ بەشە زۆرەکەی ئەم ئازادییە تایبەتە بەکام پێکهاتەی مرۆڤ پیاو یان ژن، بەڵکو دەڵێت مرۆڤ بەئازادی لەدایک ئەبێت، دواجار ئەو هزری کۆمەڵایەتیو ئایینی (کولتوری)یانەن، کە بڕیار ئەدەن، بەشی شێری ئازادی پیاو بیباتو بەشە کەمەکەش دیسان لەژێر چاودێری هەر پیاو خۆیدا بدرێ بەژن. کەواتا ئەتوانین بڵێین لەم دۆخدا مرۆڤ یان ئازادێکی نیوەناچڵە یان ئازادێکی نایەکسانەو لەقە.
ئەگەر لەتاریکیدا بوونەوەرێکی دوو پێ ببینین، دەڵێین زەلامێک یان مرۆڤێکمان بینی، بەڵام تا لەبەر ڕووناکیدا نەیبینین ناتوانین بڵێین ئەم زەلامە یان ئەم مرۆڤە، زەلام یان مرۆڤێکی ژنە یان پیاوە.
کەواتا مرۆڤبوونی ژنو پیاو لەبنەچەدا یەکن، ئەوەی وەکو دوو پێکهێنەری سەرەکی مرۆڤ بوون جیایان ئەکاتەوە هەندێ وردەکاری پێکهاتەی لەشو وەزیفە فیسیۆلۆژیو بایۆلۆژییەکانیانە. هەر بوونی ئەم جیاوازییانەشە کە وەکو یاری پوزڵ لەمرۆڤدا کۆدەبنەوەو یەکانگیردەبنو وێنە ڕێکو جوانەکە پێکدێنن کە مرۆڤە، نەک پیاو یان ژن بەتەنها.
کەواتا ئێمە ڕاستەوخۆ کە دەڵێین ژن یاخود پیاو هیچ جیاوازییەک نابینینو ئەتوانین مرۆڤ بێنینە بەر چاوی خۆمان یان لەمێشکی خۆماندا وێنەی مرۆڤ ئەبینین نەک بوونەوەرێکی دیکە، بەڵام کە جەخت لەسەر مرۆڤێکی پیاو ئەکەینەوە، ئیتر لێرەوە جگە لەمرۆڤبوون، ئەتوانین ئەوەش لەخەیاڵماندا بدۆزینەوە کە ئەمجۆرە مرۆڤە ئەشێ ماسولکەدار بێ، سمێڵی هەبێ، لەشی تووکن بێ، مەمکەکانی تەخت بن، هەرگیز سکی پڕ نەبێ، دەنگی گڕبێو دڵنیایشین کە چ جۆرە ئۆرگانێکی سێکسی لەژێر جلەکانێوە شاردراوەتەوە. هەمان شتیش ڕاستە بۆ تایبەتمەندییەکانی مرۆڤێکی ژن. تا ئێرە تێگەشتنێکی گشتی بوو سەبارەت بەماناکانی وشەی پیاو، ئیتر لێرەوە ئەچینە ناو کڕۆکی کێشەکانی مرۆڤەوە. کاتێک وشەی پیاوو ژن، بەهۆی پاشگرێکەوە کە (ێتی)یە، باڵانسی هێز بەلای پیاودا ئەگۆڕێتو دونیایەک کێشەو سەرلێشێوانی خێزانیو کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دێنێت.
وشەی (پیاو+ێتی=پیاوێتی) لەکوردیدا لەڕاستیدا بەرانبەرە بەوشەی (Masculinity)و وشەی (ژن+ێتی=ژنێتی)ش بەرانبەرە بە(Femininity) لاتینی. لەڕووی زمانەوانییەوە لەژێر ئەم دوو ناونیشانە هەمان ئەو خەسڵەتە بایۆلوژیو فیسیۆلۆژیو تایبەتمەندییانەی پیاو یان ژن جێی دەبێتەوە کە پێشتر باسمان کرد لەمانای وشەی پیاودا، بەڵام پێوەرە خێڵەکیو خێزانیو ئایینیو کۆمەڵایەتییەکان (کولتورییەکان) تێڕوانینی مرۆڤ بۆ مانای پیاوێتی یان ژنێتی دەگۆڕن، بەجۆرێک لەکیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی دیکەو لەنەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی دیکەو لەشارێکەوە بۆ شارێکی دیکەی هەمان وڵاتو نەتەوەو تەنانەت لەنێو خێزانە جیاوازەکانی هەمان شارو دێهاتو ناوچەش ئەم تێڕوانینانە گۆڕانی بەسەردادێت.
(وفاو السلگان 1958ز) کە ژنێکی ئەمریکی بەبنەچە سورییەو دکتۆرێکی دەروونی ناسراوو چالاکوانێکی گەورەی بواری ئازادی ژنانو ڕەخنەگرێکی دیاری ئایینە، لەچاوپێکەوتێکی تەلەفزیۆنیدا باس لەکاریگەری پەروەردەو ڕۆشنبیریی خێزان دەکات لەتێڕوانینی ئەندامەکانی خێزاندا، بۆ پیاوێتیو ژنێتی هەر لەیەکسانبوونیانەوە تا جیاوازی نانەوە لەنێوانیاندا.
ئەو دەڵێت منو براکەم لەدایکو باوکێکی زۆر ڕۆشنبیری شاری بانیاسەوە هاتووین. ڕۆژێک براکەم وێنەی دانشتنێکی ڕۆژانی پشووی خێزانی ماڵی خۆمان ئەکێشێت، لەو قوتابخانە سەرەتاییەی کە بۆی ئەچووین، بەڵام لە لایەن مامۆستاکەیو قوتابییەکان، تووشی گێچەڵو کاڵتەپێکردن دەبێتەوە، کاتێ ئەو وێنەیەکی کێشابوو وەکو خۆی کە دیبووی، تیایدا باوکم خەریکی قاپ شتن ئەبێو دایکیشم لەسەر کورسییەک دانیشتووەو ڕۆژنامە ئەخوێنتەوەو فینجانە قاوەیەکیشی بەدەستەوەیە. ئێمە وا فێرکرابووین کە ئەرکەکانی ماڵەوە هی هەمووانە بەبێ جیاوازی، کە ئەمە لەنێو زۆرینەی خێزانەکانی شارەکەم وانەبوو، بۆیە کێشەی دروستئەکرد بۆ ئێمە. ئەم نموونەیەم وەکو کاریگەری پەروەردەی خێزان لەسەر دیتنمان بۆ پیاوێتیو ژنێتی، هێنایەوە. جا کاریگەری کۆڵانو قوتابخانەو ئایینو وڵاتو نەتەوەش بهێنە بەرچاوی خۆت لەمڕووەوە، ئاستی جیاوازییەکە دەگەیەنێت بەچی؟
لەکوردستان بەگشتیو لەباشور بەتایبەتی تێڕوانینێکی تایبەتی هەیە بۆ پیاوێتی کە دەبێت چۆن بەرخوردو هەڵسوکەوت بکات. ئەم پێوەرانە لای بادینییەکو گەرمیانییەکو یەکێکی خەڵکی سلێمانی یان هەولێر جیاوازییان هەیە. ئاستی ڕۆشنبیرییو وابەستەگی ئایینیو خێڵەکی خێزانەکانیش جیاوازی لەتێڕوانین بۆ پیاوێتی دروستئەکەن.
ئەوەی من لەزمانی کوردی وردبووبمەوە گەورەکردنێکی سەیری کارەکتەری پیاو هەیە لەچاو ژندا، بۆ نموونە وشەی پیاو بەستراوەتەوە بەزۆر شتی دیکەوەو زیادەڕۆیی پێوەکراوە. لەنموونەی پیاوەتییەکم کرد واتا چاکەیەکم کرد، یان سەرمایەکە پیاو ئەتەزێنێ، واتا ژن هەر بەرگەی ناگرێت، یاخود پیاوم ئەوێت فڵان شت بکات واتا بە ژن هەر ناکرێت، لەکاتێکدا ئەکرا لەهەریەک لەم نموونانە وشەی مرۆڤ بەکار بهێنرێ بۆ ڕەچاوکردنی یەکسانی.
نموونەیەکی دیکەش کە زۆر مەبەستە بۆ ئەم باسە ئەوەیە کە زۆرجار لەهەندێک هەڵکەوتدا، پیاوانی کورد داوا لەپیاوانی بەرانبەریان دەکەن یان پێیان دەڵێن (پیاوبە…) واتا باش بە، هەڵوێستێکی جوان بنوێنە، ڕێزی خۆت بگرە، نەرم بە، ئارام بە، بەعەقڵ بیربکەرەوە، تێبگە، باڵانس ڕابگرە، بەڕێز بە، …) کە هەموو ئەمانە ئەچنە خانەی هەڵسوکەوتو ڕەوشتی پیاوێکەوە کە لەزمانی ئینگلیزیدا پێی دەڵێن (Gentleman) یان (پیاوی بەڕێز)، ئەگەر پیاوان بەگوێی یەکتری بکەن لەم دۆخانەدا ئەوا زۆر جێگەی ڕێزو شانازی دەبنو دەبنە نموونەی پیاوانێک کە وەکو پەند لێوەرگرتن سود لەهەڵوێستەکانیان دەبینرێن، بەڵام گەربێت لایەکی هاوکێشەکە ژن یان کچ بێت یان ململانێکە لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەربێت، لێرەوە پیاوانی خێزانو خێڵو ئایینو تەنانەت دەسەڵاتو یاساش چاوەڕوانییەکی دیکەیان لەپیاو هەیەو بۆ چارەنووسی ژنیش هەیە. لێرەوە پیاو تکاکارو ڕجاکارو داواکارنییە، بەڵکو جێبەجێکاری فەرمانە وەهمییەکانی پیاوێتییە.
لێرەوە داواکراوە لەپیاو پیاوێتی خۆی نیشانبدات، خۆی بنوێنێ بەو جۆرەی کۆمەڵگاو ئایین ئەیخوازێت. ئیتر لێرەوە پیاوێتی ئەو پێناسە گشتییەی سەرەوە لەدەستدەدات، بەوەی هەندێک جیاوازی بایۆلۆژیو فسیۆلۆژی بێت، بەڵکو پیاوێتی لەم دۆخەدا پێناسەیەکی دیکەی کولتوری وەردەگرێت کە دەبێت (دڕ بێ، توند بێ، دڵڕەق بێ، بڕیاربەدەست بێ، سنور بۆ دانەر بێ، سەرگەورە بێ،…). گەر بەنموونەی کوشتنی ژن لەسەر شەرەف ڕوونی بکەینەوە دەبینین: کوشتنی ژنێکی بیست ساڵ بەدەستی برا حەڤدە ساڵییەکەی، هەڵسوکەوتێی تەواو پیاوێتی کولتوری کوردییە نەک پیاوێکی بەڕێزی کورد.
لێرەدا پیاوێتی باوکو مامو برا لەم دۆخی کوشتنەدا، بەکەمتر لەچاوەڕوانیو داواکاری پیاوانی دیکەی خێزانو خێڵو کۆڵانو ئایینو دەسەڵات ڕازینابنو قبووڵناکەن لەژنەی قوربانیو کوژراو. لەم دۆخەی تیرۆری ژندا لەسەر شەرەفی ڕووشاوی خێزان، ناچنە هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ جگەر گۆشەی ژنو کچو خوشکی خۆیانو یەک ڕێگەی بۆ دادەنێن یان خوێنی خۆی یان زیندانی لەنێو یاساو ڕێساکانی خێزاندا، بەو پێوەرانەی کە پیاوانی کۆمەڵگا دایانڕشتووە. لێرەداو لەدیدی کۆمەڵگاوە بێ شەرەفیە کە ژنێکی 20 ساڵ داوای 10٪ی ئازادی برا 17 ساڵییەکەی خۆی بکاتو ڕێزیشی وەکو براکەی بگیرێت.
ئەو برایەی کە لەسمێڵ بۆرکردنەوە هەنگاوەکانی ئازادی دوورتر دوورتر دەکەونەوە، ئازادە بڕوا، بخواتەوە، سەربکا بەمەلهادا، سێکس بکڕێ، شەو بەمەستی بێتەوە، …هتد. ژنەی کوژراویش لەو ڕۆژەوەی سینگی تەختی گۆپکە بگرێ، ئیتر هەنگاوەکانی ئازادی کورت ئەبنەوە تا چوار دیوارو بەردەرگای حەوشە، یاخود ئازادییەک کە تیایدا ئێوارە جەردی هەنگاوو هەناسەکانی ڕادەستی پیاو بکات تا ڕەزامەندی لەسەر نیشاندا، بەڵام بەلای پیاوانی کۆمەڵگاوە بێ شەرەفی نییەو شەرەفمەندییە کە مامو باوک بەپیلانێکی ڕەش بۆ شتنەوەی ئابڕوو لای پیاوانێک کە زۆربەیان تێوەگلاون لەدەیان کردەوەی ئابڕووبەرانە (کە دەڵێم ئابڕووبەرانە، هەموو کایەکانی وڵات پیاو ئەیبا ئەیبات بەڕێوە ناپرسن بۆ وا کاولە!؟) …بۆ شتنەوەی ئابڕووی خێزان، دەستی برایەک لەهەڕڕەتی لاوێتیدا سوربکەن بەخوێنی خوشکێک لەهەڕەتی نەشونمادا. ژنێک کە ئەیتوانی کچە مۆدێل بێ لای دەسەڵاتو بەجی کڵاس بگەڕێتەوە ئەو کۆشکەی بەپارەی ناشەرعی بۆ باوکو برای ئەکڕیو نەیکرد، ئەیتوانی لەشی خۆی بفرۆشێ بەپیاوانی دەسەڵاتو سیاسەتو خۆی لەئێوەش بپارێزێو بژی وەکو زۆرێکی دیکەو نەیکرد. خوشکێک نە بەئێوە ڕازیبوو نە بەڕێکخراوەکانی ژنانو نە بەشێڵتەرەکانو نە بەپیاوانی سیاسەتو ئایینو نە بەکچانی کەیفو سەما. چەند ساڵێکی کوولەمەرگی ژیا لەچاوەڕوانی مەرگی خۆیدا.
پرسیاری گرنگ لێرە بۆ پیاوانی دیکەی کوردە، ماریا چەند هەزارێک ئەیناسی بەهۆی باوکو براوە ئێستا چەندین ملیۆن دەیناسێت، ماریا چەند پەیڤێکی سۆشیال میدیا بوو ئێستا بووە بەگۆرانییەکی بەربڵاو. ئەگەر بەر لەکووشتن سەد پیاوێکی خێزانو خێڵو ئایین ئاماژەیان بۆ ئابڕووی موزەیەفی باوکو برا بکردایە، ئێستا میللەتێک تا سەددەیەکی دیکەش ئەم ئاماژەیەتان بەتوڕەییەوە بۆ ئەکات. ئاخۆ نەدەکرا لەجێی ئەو پیلانە گفتوگۆ بووایەو لەجێی ئەو فیشەکە گڕدارانە باوەشێکی گەرمو دڵسۆزی خێزانی بووایە؟ ئاخۆ نەدەکرا لەجێی ئەوەی لەجێی پیاوێتی کوردی هەڵوێستی پیاوی بەڕێز (Gentleman) بنوێننو ماریاش نەکەن بەسیمبولو بەگۆرانی.