رۆژ لە دوای رۆژ ڕووداوەكان گەڕانەوەی هەرێمی كوردستان پێشان دەدەن بۆ چوارگۆشەی یەكەم، ئەم گەرانەوەیە بەجۆرێكە لەگەڵ خۆیدا رۆژانە مافە سیاسی و ئابورییەكان زیاتر دەقلیشێنێتەوە، ئەوەی پێش 30ساڵ لە ئەنجامی ڕاپەرین و تێكۆشانی گەلی كوردستان بەدەستهاتبوو ئەمرۆ لەبەردەم مەترسی گەورەدایە. مەترسیەك پێش ئەوەی لەسەر چوارچێوەی قەوارەكەبێت، وەك هەندێك باسی دەكەن لەسەر شكۆی دانیشتوانەكەیەتی.
رووداوی یەكەم، حكومدانی بادینان
شێوەی دەستگیركردن و زیندانیكردن و ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەرونی و تەواوی رێكارەكانی دادگایكردن و سزاكەی وەك چاودێران باسی دەكەن، ئەوە دووپات دەكاتەوە رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان باجی هەڵوێستی سیاسی دەدەن و ئەوەی روویداوە بەرامبەر ئەوان و زۆری تریش حوكمێكی سیاسیە لە بەرگێكی یاسایدا.
كاردانەوەی رەتكردنەوەی سزاكە لە ئاستی ناوەخۆیی و دەرەوە خالێكی گرنگە لە چەندین لاینەوە دەتوانین قسەی لەبارەیەوە بكەین، هەڵوێستی سەرۆكی حكومەت دەچێتە چوارچێوەی كاردانەكان بەڵام بە ناوەرۆكێكی جیاوازتر، مسرور بارزانی دەڵێت: داوا لە هەموو لایەك دەكەم رێز لە سیستەمی دادوەری هەرێم بگرن. لەكاتێكا ئەو پێش دادگا حوكمی خۆی دابوو؟
لەم رێگای ئەم ڕستەوەیەوە، دەیەوێت دووشت بپێكێت:
یەكەم، بێ بەریكردنی خۆی و حزبەكەی لە دەستوەردان لە دادگاكان پاكبكاتەوە و بیخاتە سەر خەڵكی تر.
دووەم، بۆ گۆرین یان بەتاڵكردنەوە و كپ كردنی ڕای گشتیە دژ بە بەكارهێنانی دادگاكان بۆ سەركوتی سیاسی، كە ئەمرۆ خەریكە زۆرینە لەوە تێدەگات.
ئەم ڕستەیەو زۆر ڕستەو پەراگرافی تریش لە لایەن هەندێك لایەن و كۆمەڵێك پارێزەرو سەندیكا، پێشتر و دواتر بەیەك ناوەرۆك و بە فۆرمی جیاواز دووبارە بویەوە كە مەبەستی هەموویان رێگری و مەترسیە لە فراوانبوونی نارەزایەتییەكان و تەشەنەكردنیەتی، ئەوان لە هەر ئەگەرێكی شلەقانی زیاتر دەترسێن، لە پشت “رستەی دەست وەرنەدان لە دادگاكان” هێشتنەوەی دەستوەردانیانە لە دادگاو هەمووكایەكانی تریش.
رووداوی دووەم، دروستبوونی ڕای گشتی
دروستبوونی ئەم جۆرە لە ڕای گشتی و ناڕەزایەتی سەرتاسەری وبەرەیەك دژ بە رووداوی سزادانی رۆژنامەنووسان و چالاكوانان، زیندوویەتی كۆمەڵگاكەمان پیشاندەدات، لەكاتێكا ماوەیەكی زۆر نابێت هەزاران گەنج لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان نارەزایەتییەكانیان لە سۆشیالمیدیاوە گواستەوە سەرشەقام و دواتر بە زبری هێز كپ كرایەوە و چەندین خۆپیشاندەریش شەهیدكرا.
رووداوی دەستگیركردن و حكومدانی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان یەكم رووداو دوا رووداویش نابێت، ماوەی سی ساڵە لە سایەی ئەم مۆدێلە لە حكومرانی، دەیان رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر و چالاكوان و هاوڵاتی بەهۆی بیرورای سیاسی شەهید و تیرۆركراون تا بە ئێستا تۆمەتبارانیش لە دەرەوەی یاسادان.
ئەوەی ئەمرۆ روودەدات دابڕاونیە لە دوێنی، جیاوازی ئەمرۆ لەوەدایە، بە شێوەیەكی ئاشكرا لە ئاستی چوارچێوەی یاسایی و رێنماییەكان و لە ئەرزی واقیعیش رێگری لە ماف و ئازادییە سەرەتاییەكان دەكرێت و هەوڵی بەیاسایكردنیشی دەدەن .
رووداوی دواتر … ؟
زیندووتر و واقیعبینانەتر لەوەی ئێستا، رێكخستن و ئاراستەكردنی ئەم بەرەییە بۆ بەدیهێنانی گۆرانكاری سیاسی و ئابوری و ئازاد كردنی دادگاكان و هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و كۆمەڵگایە لەدەست هەیمەنەی حزبە دەسەڵاتدارەكان. ئەوەی هەیە دەبێت بپەرێتەوە لە دیاردەی گلەیی و رەخنە لە دەسەڵات، چیتر نابێت خەون لەسەر دەسەڵاتێك هەڵبچنیت كە زیاتر لە چارەگە سەدەیەكە تاقی كراوەتەوە، كاتی ئەوە هاتووە بەزووتنەوەی نارەزایەتی كۆمەڵایەتی و هێزە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات و چین و توێژەكان بیر لە خۆرێكخستن و دروستكردنی بەرەی سێیەم بكەنەوە، ئەم بەرەیە ئەگەر هێزە چەپەكانی هەوڵی بۆ نەدەن و تەنیا خۆمان لە پشت بەیاننامە لاوازەكان بشارینەوە، بێگومان واقیعەكە ناگۆرێت و هێزی تر دروست دەكات، دروستبوونی هەرهێزێكی تر ئەگەر هەڵگری دوونیابینیەكی جیاوازی سیاسی ئابوری كلتوری نەبێت جارێكی تر گوتاری پۆپۆلیستی زاڵ دەكات و بەرهەمەكەی نائومێدی و خۆبەرهەمهێنانەوە دەبێت .