بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەو پرنسیپو نۆرمە سەرەکییانەی کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر دامەزراوەو بەڕێوەدەچێت. وڵاتان بەگشتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانیان سیاسەتی دەرەوەیان دادەڕێژن. ئەگەر ئەم تێگەیشتنە بکەینە چوارچێوەیەک بۆ شرۆڤەی هەڵوێستی هەر یەکێک لەلایەنە پەیوەندارەکان ئەوکات لە بێدەنگی یان بێهەڵوێستی وڵاتانی وەک ڕوسیاو ئەمریکا باشتر بگەین.
ڕوسیا لە سوریا چەند ئامانج و ستراتیجێکی هەیە، لەوانە: نیشاندانی خۆی وەک بکەرێک کە دەیەوێت جارێکی دیکە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وەک جاری جاران ڕۆڵی زلهێزێک بگێڕێت و لەلایەن ئەمریکا و بکەرە سیاسییەکانی دیکە دانیپیابنرێت.
ڕوسیا کە هاتە ناو هاوکێشەکانی سوریا وەک پشتیوانیکەرێک لە ڕژێمەکەی ئەسەد هاتە گۆڕەپانەکە، ئێستاش ئامانجی سەرەکی ئەو هێشتنەوەی ئەسەد و لەناوبردنی گروپە تیرۆریستەکانە.
بەڕازیکردنی تورکیا لە هەندێک لە داواکانی ڕوسیا زیاتر لە ئامانجەکەی لە هێشتنەوەی ئەسەد نزیکدەبێتەوە. کاتێکیش تورکیا داوای بێدەنگی ڕوسیا دەکات لە هێرشکردن بۆ سەر عەفرین لەبەرابەر دەرچوونی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەدلیبو دەوروبەری بۆ ڕوسیا و سوریای ئەسەد دەسەڵات بەسەر ئەدلیبو دەوروبەرەکەی گرنگترە چونکە عەفرین هە ر لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا نیە.
بۆ ڕوسیا و سوریا ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانە مەترسین کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، کاتێک ئەوان بێلایەندەکرێن مەترسی لەسەر ڕژێمەکەی ئەسەد کەمتر دەبێتەوە. دواجاریش، ڕوسیا و سوریا پێیانوایە کە وەرگرتنەوەی ناوچەی عەفرین لە تورکیاو گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان ئاسانترە لە وەرگرتنەوەی لە کورد و ئەمریکا.
بێدەنگی ئەمریکا لە هێرشەکانی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا هەر لەسەرەتاوە خۆی لە ناوچەی عەفرین بێبنەبانکردوە، بەو مانایەی کە وەک ناوچەیەکی نفوزی خۆی تەماشای نەکردووە.
هاوکات، ئەمریکا نایەوێت دڵی تورکیا بڕەنجێنێت. ڕاستە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا گەیشتونەتە ئاستێکی زۆر نزم، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە ئەمریکا دەیەوێت تورک بە کورد بگۆڕێتەوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەنگی تورکیا لە هاوکێشە ئیقلیمی و جیهانییەکان ئێجگار گەورەیە.
ڕەنجاندنی تورکیا واتە چونی تورکیا بۆ باوەشی ڕوسیا، کە نیشانەکانی هەر ئێستا دەرکەوتوون. ئەمریکا هەست بەو نزیکبوونەوەی تورکیا و ڕوسیا دەکات، بەڵام نایەوێت ئەم دەرکەوتەیە ببێتە ئەمری واقیع.
ئەمریکا دەیەوێت لە سوریا نفوزی ئێران کەمبکاتەوە، بەڵام دەزانێت کە تەنیا لەڕێگەی کورد بەو ئامانجەی ناگات، بەڵکو بە کەڵک وەرگرتن لە تورکیا لەم ئامانجەی زیاتر نزیکدەبێتەوە.
ئەمریکا ئەوەش دەزانێت کە ئەگەر لە دواڕۆژدا هەڵبژاردن لە سوریا بکرێت ئەوە ئەگەری زۆرە کە لەڕێگەی زۆرینەی پەرلەمانییەوە سوننەکان بێنە سەر حوکم، هاوکات، دەشزانێت کە حکومەتێکی سوننە لە سوریا نزیک لە تورکیا دەبێت.
لەپاڵئەمانەش، ئەمریکا پێیوایە کە تواناکانی کورد لە ئاراستەکردنی سیاسەت هەم لە سوریا هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریکراون، بۆیە نایەوێت بۆ کورد تورک و عەرەب لەخۆی بکات.
بەکورتی، هەم ڕوسیا هەم ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕەچاودەکەن و بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو دەوڵەتەش زیاتر هاوتای بەرژەوەندییەکانی تورکیا و سوریایە.
ئەوە بەو مانایە نیە کە کورد ناتوانێت بە هیچ جۆرێک ڕۆڵی هەبێت یان ناتوانێت سەرنجی ڕوسیا و ئەمریکا بۆ خۆی ڕاکێشێت.
من پێموایە کوردەکان هەم لە باشور هەم لە ڕۆژاڤا سەلماندویانە کە دژی تیرۆریزمن لە ناوچەکە، ڕوسیا و ئەمریکاش درکی ئەو ڕاستییەیان کردوە بۆیە نایانەوێت بەیەکجاری پشت لە کورد بکەن.
من واشی بۆ دەچم کە هەم ڕوسیا هەم ئەمریکا حەزنەکەن تورکیا لە عەفرین سەرکەوێت، بەڵام هەردووکیان نایانەوێت کە تورکیا هەستبکات کە ئەوانن هۆکاری شکستەکەی، بۆیە بێدەنگی و بێلایەنیان هەڵبژاردوە.
مەرجیش نییە هەڵوێستەکان هەر ئاوا بمێننەوە چونکە بەردەوامبوونی خۆڕاگری و بەرخۆدان ئەگەری زۆری هەیە کە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەمریکا و ڕوسیا دروستبکات.