لە چوار ساڵی ڕابردوودا تاڵیبان و ئەمریکا لە ڕێگای قەتەرەوە خەریکی سازان و گفتوگۆی ئاشکرا و نهێنی بوون. لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١دا ئیمپریالیزمی ئەمریکا، بە ڕابەرایەتی جۆرج بوشی کوڕ، فەرمانی داگیرکردنی ئەفغانستانیدا. بیانوی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن جورج بوشەوە، داڵدەدانی ئوسامە بن لادن و ئەلقاعدە بوو لەلایەن تاڵیبان و پەیوەندی ئەوان بوو بە ڕووداوەکەی ١١ سێپتەمبەرەوە.
بوونی ئەلقاعدە و ئوسامە بن لادن لە ئەفغانستان و پەیوەندی ئەوان بە ڕووداوەکەی ١١ سێپتەمبەرەوە، تەنها شانۆگەرییەک بوو کە ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەڕێیخست تا هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆی کلکی لە بن گوێی ڕوسیە و چیندا قوت بکاتەوە . ستراتیژی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستاندا داگیرکردنی هەنگاو بە هەنگاوی ئاسیای ناوەند و تێکدانی سەقامگیری ئەو ناوچەیە بوو بە جۆرێک تا لە درێژماوەدا ئاسایشی ڕوسیا و چین تێکبدەن و هەر دوو زلهێزەکە[چین و ڕوسیا] بخەنە گەمارۆی سەربازی خۆیانەوە، بەڵام ڕوسیا و چین بە هاوکاری ئێران و پاکستان و لەڕێگای تاڵیبانییەوە گەمەکەیان بە دیوە پێچەوانەکەیدا گۆڕی؛ چین کۆمەڵێک پرۆژەی ئابوریی گرنگی پێشکەشی پاکستانکرد و لە بەرامبەردا، پاکستانیش تاڵیبانی بۆ چین و ڕوسیا دەستەمۆکرد، تەنانەت کار گەیشتە ئەو ئاستەی کە شەش ساڵ لەمەوپێش چین ڕایگەیاند دەتوانێت ناوبژی نێوان تاڵیبان و ناتۆ و ئەمریکا بکات!. پاش ئەوەش، نوێنەری تاڵیبان سەری لە مۆسکۆوە دەرهێنا و ئێرانیش بەردەوام دەرگای بە ڕووی نوێنەری تاڵیباندا ئاوەڵا بوو. ئەنجامی پەیوەندییەکانی چین، ڕوسیا و ئێران لەگەڵ تاڵیباندا، گۆڕا بۆ تێکدادنی باڵانسی سەربازیی ناوخۆیی لە ئەفغانستاندا؛ هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە شەڕێکی بیست ساڵەی بێ ئاسۆ و بێ ئەنجام لەگەڵ تالیباندا بە تەواوی شەکەت و ماندووکران. هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی دەوڵەتی پەیڕەو ئەمریکایی لە ئەفغانستاندا لەبەر چەتەیی و ڕاو ڕووت و گیرفانپڕکردن، توانای خۆڕاگریان لەبەرامبەر هێزە شەڕکەرە ئیماندار و بڕوادارەکەی تاڵیبان لە دەستدا. لە دۆخێکی لەوجۆرەدا قەتەریش هاتە ناوگەمەکەوە. سەرەتا قەتەر وەک شانۆگەریی و کاردانەوەیەکی سیاسیی بەرامبەر بە نفوزی سعودییە لە ئەفغانستاندا هاتە ناو گەمەکەوە. پاشان کە بۆی دەرکەوت سعودییە سەنگ و سوکی و ڕۆڵێکی گرنگی وەک کۆتایی دەیەی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەمی لە ئەفغانستاندا نییە، ئینجا وەک دەڵاڵێکی لێزان گەمەکەی گۆڕی بۆ ئاشکردنەوەی تاڵیبان و ئەمریکا و ناتۆ. ستراتیژی قەتەر لە سازان و ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان گۆڕا بۆ دوورخستنەوەی تاڵیبان لە ڕوسیا و چین. لەو هەڵبەز و دابەزە ستراتیژییەی قەتەر لە ئەفغانستاندا، داعشیش وەک کارتی گوشارێک خرایە بەرامبەر تاڵیبانەوە وچەند دەستەو تاقمێک بە ناوی داعشەوە لە ئەفغانستان ڕاستکرانەوە، بەڵام تاڵیبان بەزوویی ئەوانەی سەرکوتکرد و نەیهێشت داعش جێ پێیەک لەئەفغانستاندا بۆخۆی بکاتەوە!. بەو شێوەیە وەرقەی داعش لەدەستی ئەمریکا و قەتەر لەلایەن تاڵیبانەوە سوتێنرا!.

کێشەی سەرەکی ئەو هێزانەی کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە ئەفغانستانیان داگیرکردووە و دواتر لەلایەن ئەفغانییەکانەوە ناچار بە پاشەکشەکراون، ئەوەیە کە ئەوان پێکهاتەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سایکۆڵۆجیی ئەفغانییەکانیان نە ناسیوە!. ئەفغانییەکان پێکهاتەیەکی زمانی، ئاینی و قەومی جیاوازیان هەیە، بەڵام لەڕووی کەسایەتییەوە و لەڕووی مێژووییەوە ئەوان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ یەکتردا نییە. پەشتویەک، تاجیکییەک، ئۆزبەکییەک، شیعەیەک و سوننەیەکی ئەفغانی، لەڕووی کەسایەتییەوە وەکو یەک تووندوتیژن. لەڕووی داب و نەریت و کڵتورەوە هەموویان پابەندن بە داب و نەریت خێڵەکی و شوانکارەیی هەزاران ساڵەوە. سکتاریزمی ئاینی و خێڵەکی لە خوێنی ئەفغانییەکاندایە. شەڕکردن، چەتەیی و ڕاوڕووت، وەک زۆربەی وڵاتانی ئاسیایی، بەشێک لە داب و نەریتی شوانکارەیی هەزاران ساڵەی ئەفغانییەکانە. ئەوان لەم سەردەمەدا ناتوانن بە بێ دزی و گەندەڵی حکومەت بکەن و لە ناوخۆیاندا بە ئاشتی و ئارامی بژین، مەگەر ئەوە کە هێزێکی دیکتاتۆری خۆیی بە سەریاندا حکومەت بکات!. تاڵیبان ئەزمونێکی لەوجۆە حکومەتە دیکتاتۆرە شوانکارەییە مۆدێل کۆن و هەزاران ساڵەییە لە ئەفغانستاندا هەیە. بەزۆر لابردنی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاو ناتۆ لەلایەک و لەلایەکیتریشەوە دزی و گەندەڵی، چەتەیی و بە تاڵانابردنی تریلیۆن دۆلار لە سەرمایەی ئەفغانییەکان لەلایەن حکومەتی پەیڕەو ئەمریکییەکانی وەک حامد کارزایی، غەنی ئەشرف و عەبدوڵا عەبدوڵاکانەوە، بەگشتی زەمینەی ماددی و سایکۆڵۆجی گەڕانەوەی تاڵیبانی بۆ دەسەڵات فەراهەمکردووە. هاوکاتیش تاڵیبان ئاوازی کۆنەپەرستانەی خۆی بەرامبەر بە ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ئەفغان گۆڕیوە و ئەوەش لەڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە دەتوانێت فاکتەرێکی سایکۆڵۆجی کاریگەرتر بێت بەسەر خێراترکردن پرۆسەی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا تاڵیبان ناتوانێت بە تەنها حوکمڕانی ئەفغانستان بکات، چونکە تاڵیبانەکان پەشتوون و لەزمانی تاجیکی و ئۆزبەکییەکان تێناگەن. خێڵە هەزارە شیعە مەزهەبەکانیش ناتوانن لە زمانی وشکی سووننەگەرایی تاڵیبانەکان تێبگەن. هەڵبەت زمان فاکتەرێکی سەرەکی نییە لە حوکمڕانیدا، بەڵام دەتوانێت کێشە و گرفتی گەورە بۆ حوکمڕانی دروست بکات.
لە کۆتاییدا؛ هەموو زلهێزە ڕەقیبەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا لەسەر ئەوە کۆکن کە پاش ٢٠ ساڵ لە شەڕ و وێرانکردنی وڵاتی ئەفغانستان، پاش تاڵانکردنی گرانترین سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو وڵاتە[بەتایبەتی ئەڵماس] کۆتایی بە جەنگ و کاولکارییەکان بهێنن وتاڵیبانە پەشتووەکان و ئەوانیتر لە حکومەتێکی سەرانسەریدا ڕێکبخەنەوە. هەڵبەت بەشی شێر بەر تاڵیبانە پەشتوەکان دەکەوێت و بۆ دووەمین جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، پەشتووەکان وەک زۆرایەتی لەڕێگای تاڵیبانەوە دەبنە حوکمڕانی زۆربەی ئەفغانییەکان، بەڵام بە هەندێک گۆڕانکاری و خۆ گۆڕینەوە کە هەم خۆیان بە ئەزمونی ٢٠ ساڵی ڕابردووی دەرەوەی دەسەڵات فێری بوون و هەم بە چوونە سەرەوەی چاوەڕوانی و ئارەزووە مەدەنییەکانی گشت خەڵکی ئەفغانستان. لە ڕۆژانی داهاتوودا بینەری نەخشەی سیاسیی ناوخۆیی ئەفغانستان دەبین بەو جۆرەی کە خەڵک و تاڵیبان دەیخوازن!.
١٥-٨-٢٠٢١