ھەموو تاکێک لەھەرێمی کوردستان گەورەترین ھیوای ئەوەیە ئەو ھەرێمە ببێتە دەوڵەت وە لەو پێناوە ھەزارەھا شەھید دراوە و سەدەیەک شۆڕش و خەبات بۆ ئەم مەبەستە کراوە، بەڵام بوون بە دەوڵەت ئەوەندە ئاسان نییە کە بەگوتار و راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی وێنە لە فەیس بووک دروست بێت، بەڵکو بوون بەدەوڵەت زۆر قورسە و ھەوڵ و کۆشش و ماندووبونێکی زۆری دەوێت، بەرنامەی تۆکمەی دەوێت لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و یاسایی و نێو دەوڵەتی .
ئەگینا وەک فەلەستین کە لە ساڵی ١٩٨٨ یاسر عەرەفات جاری سەربەخۆیدا، بەڵام چونکە ئامادەکاری باشی بۆ نەکرابوو بۆیە تا ئێستا ئەم راگەیاندنە ھیچ بەھایەکی نییە. بەتایبەت کوردستان کە ھیچ پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتی و محەلی نیە بۆ ئەم سەربەخۆییە تەنانەت رێگریشی لێدەکەن .
بۆیە لەھەرێمی کوردستان بەربەستی گەورە ھەیە بۆ ئەم ڕیفراندۆمە کە دەبێت بەزووترین کات کاری لەسەر بکرێت تا ئەو بەربەستانە نەمێنێت تا ڕیفراندۆمەکە سەرکەوتوو ئەنجام بدرێت .
بەربەستە ناوخۆییەکان :-
١-نەبوونی کۆدەنگی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەریەک لەو لایەنانە خاوەن جەماوەری خۆیانن بەبەشداری نەکردنی ھەندێک لەو لایەنانە ڕیفراندۆمەکە بە ئاقارێکی خراپ دا دەڕوات .
بۆیە دەبێت کۆدەنگیەکی بەھێز دروست بێت وە ھیچ لایەنێک نەخرێتە دەرەوەی ئەم گشت پرسییە.
٢-پەکخستنی پەرلەمان :- گەورەترین بەربەستی ئەم ڕیفراندۆمە پەکخستنی پەرلەمانە، چونکە دەبێت تەنھا پەرلەمان بڕیاری ڕیفراندۆم بدات ھەر بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (١) ساڵی (٢٠٠٥) ی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت (پەرلەمان تاکە مەرجەعی سیاسی و دەستورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسازەکانی کوردستانی عێراق ) واتە تەنھا پەرلەمان ئەو مافەی ھەیە کە یاسایەک بۆ ئەم ڕیفراندۆمە دەربکات کە ئایا ئەم راپرسیە کێ دەگرتەوە وە سنوری ئەم ڕیفراندۆمە تا کوێیە ھتد…. بۆیە ھەر دەسەڵاتێک بێجگە لە پەرلەمان ھەسێتێت بەم کارە ئەوا ئەم ڕیفراندۆمە دەچێتە ژێر پرسیارەوە وە شەرعیەتی بەھێزی نابێت .
٣-ناڕوونی ئامانجی ئەم ڕیفراندۆمە بۆ ڕایگشتی :- تا ئێستا کەس لە ھەرێمی کوردستان نازانێت ئامانجی ئەم ڕیفراندۆمە چیە ھەتا بەرپرسەکانیش پەیامەکانیان روون نییە، ئایا بۆ سەربەخۆییە یان تەنھا بۆ کارتێکی فشارە یان زانینی رای ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە.
ئەوەش خالیێکی لاوازە چونکە ئەو ناڕوونیە وا لەخەڵک دەکات بە گەرمو گوری بەشداری لەم پرسە نەکەن .یان بە پرسێکی جددی وەری نەگرن ھەست بکەن بەس بۆ مزایەدەی سیاسیە، چونکە دەبێت ئەمانجی ئەم ڕیفراندۆمە تەنھا بۆ سەربەخۆیی بێت.
٤-نەبوونی ئامادەسازی بۆ ئەم ڕیفراندۆمە:- ھەرێمی کوردستان تا ئێستا خۆی بەباشی ئامادە نەکرددوە بۆ ئەم ڕیفراندۆمە چونکە ئەم ڕیفراندۆمە خۆ ئامادەکردنێکی باشی دەوێت ئەگینا وەک ئەرزی سۆماڵ لەساڵی ١٩٩١ سەربەخۆیی راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا بێ سوود بووە، بۆیە دەبێت لەرووی ھێزەوە ھێزێکی نیشتمانی یەکگرتوومان ھەبێت وە لە رووی ئابوری ژێرخانی ئابورییەکی بەھێزمان ھەبێت وە لە رووی سیستەمی سیاسی سیتەمێکی دیموکراتی تۆکمەمان ھەبێت و بوونی پەرلەمانێکی ئەکتیف کەپرسە چارەنوسازەکان لە پەرلەمان یکلا بکرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا گریمان کوردستان سەربەخۆیی وەرگرت و ووڵاتە دراوسێیەکانمان ئابڵوقەی ئابورییان خستە سەر دەوڵەتی کوردستان چ دەگوزەرێت بێگومان ئەزمەکی ئابووری گەورە روودەدات، چونکە قەتەر بەو ئابوریە بەھێزەیەوە بەرگەی داخستنی سنوری نەگرت لە لایەن سعودیەوە بۆ ماوەی ھەفتەیەک کە تورکیا و ئیران بەھانایەنەوە چوون.
یان ووڵاتە دراوسێیەکان ھێرشیان کردە سەر ئەو دەوڵەتە کوردییە کە توانای بەرپەرچدانەوەی نییە لە ئێستادا بۆیە بەو ھەموو کێشە سیاسی و ئابووری و یاساییانە زۆر ئەستەمە سەربەخۆیی رابگەیەنیت.
٥– بەربەستە دەرەکیەکان :-
١-ڕیفراندۆم پرسێکی دوو لایەنە :- گەورەترین بەربەستی دەرەکی ئەم ڕیفراندۆمە ئەوەیە ئەو پرسەیە دوو لایەنە واتە دەبێت دەوڵەتی عێراقیش رازی بێت لەسەری، چونکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامەکەی وەرناگیرێت تا عێراقیش رازی نەبێت واتە تەنھا بەھەرێمی کوردستان ناکرێت بەڵکو دەبێت دەوڵەتی عێراقیش رازی بێت.
ئەگینا ئەم ڕیفراندۆمە تەنھا خۆ ماندوو کردنە ھیچ ئاسەوارێکی نابێت لە رووی نێو دەوڵەتیەوە.
بۆ نموونە بەنگلادیش لە سالی ١٩٧٠ یەک لایەنە جاری سەربەخۆییدا لە پاکستان، بەڵام چونکە پاکستان رازی نەبوو لەنەتەوە یەکگرتووەکان وەرنەگیرا تا ساڵی ١٩٧٤ بەنگلادیش لەگەڵ پاکستان پێکھات جا لەنەتەوە یەکگرتووەکان وەرگیرا یان کەتەلونیا کە لەساڵی ٢٠١٥ یەک لایەنەیاندا بڕیاری سەربەخۆییاندا لە ئیسپانیا، بەڵام بێ سوود بوو یان ریفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠٠٥ ھەرێمی کوردستان..بۆیە زۆر پێویستە ھەرێمی کوردستان پەلە نەکات چونکە لە ئێستا دەوڵەتی عێراق رازی نیە لەسەر ئەم ڕیفراندۆمە و پێویستە ھەرێمی کوردستان بەردەوام وەفد بنێرتە بەغدا و لەگەڵ بەغدا رێکبکەون تا بەغدا لەسەر ئەم ڕیفراندۆمە رازی بێت. چونکە گەر ووڵاتی دایک رازی بێت ئەوا لەنەتەوە یەکگرتووەرکان دانی پێدادەنێن وەک باشوری سودان، چونکە حکومەتی سودان رازی بوو لەسەر سەربەخۆیی باشوری سودان و سەربەخۆیی خۆی وەرگرت و بووە ئەندام لەنەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام کۆسۆفۆ تا ئێستاش نەبویتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان چونکە دەوڵەتی سربیا رازی نەبووە بە جیابونەوەی کۆسۆفۆ .
٢-نەبوونی پاڵپشتی لەلایەن ھیچ دەوڵەتێک بۆ ئەم ڕیفراندۆمە :-
بەربەستێکی تری ئەم ڕیفراندۆمە نەبوونی پالپشتیە لە لایەن ھیچ دەوڵەتێک بۆ ئەم ڕیفراندۆمە، ھەر لەیەکەم کاردانەوەی دیاریکردنی رۆژی ڕیفراندۆمەکە وڵاتی ئەمەریکا و روسیاو ئەلمانیا و تورکیا و ئێران نەک پشتگیری ئەم ڕیفراندۆمەیان نەکرد، بەڵکو ناڕازیبوونی خۆیان بۆ ئەم ڕیفراندۆمە دەربری .
بۆیە ھەریمی کوردستان لە (٢٥) ساڵی رابردوو تا ئێستا لەرووی پەیوەندی نێودەوڵەتیەوە زۆر لاوازە سەرەرای ئەنجامدانی شەڕی داعش لەبری ھەموو جیھان، بەستنی چەند گریبەستی نەوتی لەگەڵ چەند دەوڵەتێک، بەڵام بێسوود بووە چونکی بریاری سەربەخۆیی پێویستە بە پشتگیری دەوڵەتە زلھێزەکانە ھەروەک قرم بڕیاری جیابوونەوەیدا بە پالپشتی روسیا واتە روسیا لە پشتی بوو .
بۆیە ئەم ڕیفراندۆمە پێویستە بە پەلە نەکرێت، بەڵکو کار بۆ لابردنی ئەو بەربەستانە بکەین تا ڕیفراندۆمێکى سەرکەوتوو ئەنجام بدەین وە رێژەیەکی زۆری خەڵک بە بەڵێ بەشدار بن، لە رووی نێودەوڵەتیەوەش پاڵپشتی بکرێن دەرئەنجامی باشی ھەبێت و وە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا بھێنرێت ببینە دەوڵەتێکی دیموکراتی سەرکەوتوو.
ھونەر عەبدولرەحمان سەعید