پێشەکی
لە دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵێی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی پیشاندا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە دانیشتنی حەوتەم و وەرزی تەشریعی دووەمی ساڵی یاسادانانی چوارەمدا ڕۆژی ١٢/٥/٢٠١٨ی وەک ڕۆژی هەڵبژاردنەکان جێگیرکرد. هەرچەندە سوننەکان ناڕازین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو کاتەدا، چونکە پێیانوایە دۆخی ناوچە سوننەنشینەکان بۆ هەڵبژاردن گونجاو نییە. بێجگە لەوە پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە لەسەر بانگهێشتکردنی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە نابێ لە مانگی 12ی ئەمساڵ زیاتر تێپەڕێت.دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، دەرگای بۆ لیست و هاوپەیمانیەتیەکان کردەوە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانیان و لە ئێستاشدا سەرجەم لیست و هاوپەیمانیەتیەکان کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەکان پێشکەشکردووە بە پێی بازنەکانی هەڵبژاردن.ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێی یاسای ژمارە ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣ی هەموارکراو بەڕێوەدەچێت و لە چوارچێوەی یاساکەشدا لیست و هاوپەیمانێتیەکان کاندیدیان پێشکەشکردووە. ئەو میکانیزم و شێوازانەی کە دەنگدەر و کاندید پێویستە ڕەچاویبکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق بریتین لە:
یەکەم: نابێت کەسی کاندید لەكاتی خۆپاڵاوتنیدا سەر بە هێزە چەكدارەكان یان دەزگاكانی ئاسایش بێت یاخود ئەندامی دەستەكانی سەرۆكایەتی كۆمسیۆنە سەربەخۆكان بێت.
دووەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە لیستی نیمچەکراوە و فرە بازنە بەڕێوەدەچێت، بازنەکان بەپێی پارێزگاکان جیاکراونەتەوە و ١٨ پارێزگاکەی عێراق بەسەر ١٨ بازنەدا دابەشکراون، هەر پارێزگایەک لیست و کاندیدی تایبەت بەخۆی دەبێت و دەنگەکانی کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی دیکە نابێت.واتە جیا لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، هەر پارێزگایە وسەرۆک لیست و کاندیدی جیاوازی خۆی دەبێت لەو پارێزگایانەی کە حیزبێکی سیاسی بەشداری هەڵبژاردن دەکات تێیدا، دەنگدەریش دەنگ بەو لیست و کاندیدە دەدات کە لە پارێزگاکەی ئەودا خۆی کاندید کردووە.لیستەکانیش بە شێوازی لیستی نیمچەکراوە پێشکەشکراون بە پێی یاسای ژمارە ی٤٥ هەموارکراوی ساڵی ٢٠١٣، کە لە ڕۆژی دەنگداندا دەنگدەر دەتوانێت دەنگ بە لیست و کاندیدێکی ناو لیستی دڵخوازراوی خۆی بدات، لەم جۆرە لیستەدا ئازادی بەردەم دەنگدەر لە لیستی داخراو زیاترە و لە لیستی کراوە کەمتر دەبێت.
گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی: سەبارەت بۆ گۆڕینی ئەو دەنگانەی کە لە بازنەیەکی هەڵبژاردن بەدەستدێت بۆ لیستێکی دیاریکراوو گۆڕینی بۆ کورسی، لە یاسای ژمارە (٤٥)ی ساڵی ٢٠١٣ی هەموارکراودا ، شێوازی (سانت لیگۆی هەموارکراو)ی پەیڕەوکردووە، لە پیادەکردنی سانت لیگۆی هەموارکراودا دەنگی قەوارە سیاسیەکان بەسەر ژمارەکانی (٩،٣،٥،٧، ٤،١) دابەشدەبن، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی هێزە گەورەکانە.سێیەم: دەنگدان لەهەموو ناوچەكان بەشێوەی ئەلەكترۆنی دەبێت و پرۆسەی جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكانیش لەرێگەی بەكارهێنانی ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكانی ئەلەكترۆنی”یەوە ئەنجامدەدرێت و بریكارەكانی حیزبە سیاسییەكان لەهەر وێستگەیەك لەوێستگەكانی دەنگداندا کۆپییەکی ئەلەكترۆنیان لەفۆرمی ئەنجامەكان و كارتەكانی دەنگدان پێدەدرێت، کە ئەمەش ئەنجامدانی ساختەکاری بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە ئەگەر مەحاڵی نەکات، چونکە لە شەوی کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا تا ڕادەیەکی زۆر حیزب و کاندیدەکان بەرچاوڕوونیان دەبێت لە ڕێژەی دەنگ و کورسیەکانیان لەو پارێزگایانەی بەشداریان تێداکردووە. هەروەها ڕێگە بە گۆڕینی سندوق و یاریکردن بە ئەنجامی دەنگەکان نادات لە پاش جیاکردنەوەی بەرایی دەنگەکان.جیاواز لە هەرێمی کوردستان کە بەهۆی بەکارنەهێنانی ئامێری ئەلکترۆنی لە پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگدان، ڕێگە بۆ حیزب و دەسەڵاتەکان ئاسانە بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری و شێوازەکانی ساختەکاری لەبەردەمیان فراوانە. بە تایبەت لە دوای جیاکردنەوەی بەرایی دەنگدان کە زۆر کات ژمارەکان لەگەڵ ئەنجامی کۆتاییدا گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا دێت.
چوارەم: کارتی دەنگدانی تایبەت(هێزە چەکدارەکان) لە کارتی دەنگدانی گشتی جیاکراوەتەوە، لە ڕیگەی هێماو ڕەمزەوە کە وا دەکات ڕێگە بگرێت لە دووبارە دەنگدانەوە لە دەنگدانی گشتیدا، ئەمەش دووبارە هەنگاوێکی باشە بۆ ڕیگەگرتن لە ساختەکاری.جیاواز لە هەرێمی کوردستان کە زۆر کات هێزە چەکدارەکان تۆمەتباردەکرێن بە دووبارە دەنگدانەوەیان لە دەنگدانی گشتیدا، بەهۆی نەبوونی جیاکاری لە کارت و زانیاری کەسییان لەگەڵ هاوڵێتی ئاسایی.
دەرئەنجام
بڕیارە رۆژی 12-5-2018 هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عێراق پێکەوە ئەنجامبدرێن، بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە 405 قەوارە، لەنێوایاندا 27 هاوپەیمانێتی ناوی خۆیان تۆمارکردووە. هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە بچێتە ئەم جەنگی هەڵبژاردەنەوە، هەرچەندە پەرتەوازەیی و ناڕێکخراوبوونی پێدەچێت زیانی پێبگەیەنێت بە تایبەت لە پارێزگای کەرکوک ناوچە جێناکۆکەکان. پێویستە ئاماژە بەوەبدرێت کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٣٢٨ کورسی پێکهاتووە و لەو ڕیژەیە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ٤٤ کورسیان بۆ دیاریکراوە بە جۆرێک پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (١٨ کورسی) و پارێزگای هەولێر ( ١٥ کورسی) و پارێزگای دهۆک (١١ کورسی)، جگە لە پارێزگاکانی هەریم لیستە کوردیەکان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمیش لیست و هاوپەیمانێتیان هەیە و ململانێ دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی کورسی لەو ناوچانە.
گمۆ محەمەد
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن
سەرچاوە:سایتی دیبلۆمات