لەچلەی كۆچی بێ گەڕانەوەی هاوڕێ بەهادین نوری سەركردەی شۆڕشگێر و تێكۆشەری دێرین و كاریگەری كوردستان و عێراق بەناوی خۆم سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەمان هاوخەمی خۆمان دووپات دەكەینەوە و لەم بۆنە خەمناکەدا رایدەگەیەنین كە لەدەستدانی كەڵە خەباتكاری رێگای ئازادی و پێشكەوتنخوازی كەلێنێكی ئێجگار مەزنبوو،دڵنەوایی بۆ خۆمان و تەواوی ئازادیخوازان و شۆڕشگێرانی ڕێگای یەکسانی و دادپەروەری و خانەوادە خەباتگێرەکەیان دەخوازین .
مامۆستا بەهادین نوری سیاسەتمەدار و سەرکردەی سیاسی و ڕۆشنبیری دیاری عێراق و کوردستان هەرلەتەمەنی لاوێتیەو ژیانی تەرخانکرد لە پێناو ڕزگاری و ئازادی،لەم پێناوەشداقوربانی زۆری بەخشی و هەرگیز سڵی نەکردەوە ،هەربۆیە لە دیرۆکی خەبات و تێکۆشانی گەلانی عێراق و كوردستان ، ناوی بە نەمری دەمێنێتەوە و تاهەتایە لاپەڕەكانی رووبەرووبوونەوەی ستەم و زۆرداری ناوی هاوڕێ بەها بەوپەڕی ئازایەتی دەنووسێتەوە، مامۆستا بەهادین نوری پاش تێپەڕینی پێنج ساڵ بەسەر ئەندامێتی لەحزبی شیوعی، رەوتی روداوەكان دوای لەسێدارەدانی “فەهد”ی دامەزرێنەرو سكرتێری حزب، ئەوی لەتەمەنی 22 ساڵیدا کرد بەسكرتێری ئەم حزبە لەساڵی 1949دا، كە لەو رۆژگارەدا یەكێك بو لەحزبە هەرە گەورەو كاریگەرەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقو کوردستانیش.
مامۆستا بەهادین نوری لەو چوار ساڵەی سكرتێری حزبی شیوعی بوە، توانیویەتی چەند خاڵێك بكات بەبڕیارو بیخاتە بەرنامەی حزبەوە كە گرنگو جێی بایەخ بون، “یەكەم كەس بوودیاریكردنی مافی چارەنوسی بۆ كورد خستە بەرنامەی حزبی شیوعییەوە، دروشمی خۆماڵیكردنی نەوتو دروشمی روخانی پاشایەتیش بەهەمانشێوە”. ئەو دەڵێ “ئەو شانازییەم پێبڕا كە دوای فەهد من ببم بەسكرتێرو لەقۆناغێكی هەستیارو پڕ مەترسیدا حزبی شیوعی لەقەیران رزگار بكەمو بەسەركردایەتی من ئەم حزبە بەرینو زیندوو بۆوەو چەندان خۆپیشاندانی گەورە و مێژوویی رێكخست”. مامۆستا بەهادین نوری كە 11ی شوباتی 1927دا لەگوندی تەكیەی سەر بەناوچەی قەراغ لەدایكبوە، مخابن لە ڕێکەوتی 2020/12/1 ماڵئاوایی یەکجارەکی کرد. گیانت شاد و ئارامبێت و هەمیشە لەبیرەوەیمان بەزندوویی دەمێنیتەوە.