بۆ ئەوەی زەمینەی دروستکردنی دەستورێکی مەدەنی بۆ ھەرێمی کوردستان دەستەبەربکەین، سەرەتا پێویستیمان بە کارێکی دەستەجەمعی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورە ھەیە، چونکە ھەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی یەکجار خراپدا گوزەردەکات.
پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە ھەموو شێوازەکانیەوە لەیەکتری دابڕاوە، کۆکردنەوەی ئەم ھەموو کێشانە لەژێر پەردەی دەستورێکی ئازادو لێبڕاڵدا لە قۆناغی ئێستای کوردستاندا کارێکی یەکجار زەحمەتە.
ئەو کەلێنانەی لە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستانداھەیە رۆژانە بە روونی دەبینرێت و گەورەترین دەلالەتە کە مەناخی سیاسی و کومەڵایەتی لە ھەرێمدا توانای داڕشتنی ھیچ پرۆژەیەکی دەستوری نیە، بەتایبەتی دەزگای یاسادانان واتا پەڕلەمان لە ئێستادا بە دۆخێکی یەکجار خراپی چەقبەستودا ھەنگاو دەنێ، ئەم دەزگا بەناو شەرعیە ناتوانی دەستەبەری میکانیزمەکانی نووسینەوەی دەستورێکی مەدەنی ئازاد بکات.
پرۆسەی نووسینەوەی دەستور یەکێکە لەو کارە ئاڵۆزو ھەستیارانەی کە بەشێوەیەکی ئاسان دروست ناکرێ پێویستی بە خەڵکانێک ھەیە کە شارەزایی مێژووی سیاسی ناوچەکەو گەلان بن وە ئەزموونێکی تەواویان لە بوارەکانی فەلسەفی سیاسی و دەستوری جیھاندا ھەبێت.
ھەتا وەکو بتوانن ئەم دەستورە زامنی ھەموو مافەکانی تاک بەتاکی کۆمەڵگا بێت.
ئەوەی ئێستاکە لە کوردستاندا دەبینرێ کۆمەڵگای کورد ھیچ یەکێک لەم تایبەتمەندیانەی نووسینەوەی دەستوری نیە.
زانکۆ و ناوەندەکان ھیچ توانایەکی بەرزی سیاسی و یاسایی نێودەوڵەتیان نیە تا بتوانن ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتیەی نێوان سیستەمی سیاسی و خەڵک بەشێوەیەکی بێلایەنانە جێبەجی بکەن.
لە پێش بیرکردنەوە لە نووسینەوەی پرۆژەی دەستوری ھەرێم گرنگە کۆی گشتی لایەنە سیاسیەکان بیر لە ریفۆڕمێکی حەقیقی گەورە بکەنەوە لە ستراتیژێتی کاری خۆیان دا چونکە بەم شێوازەی ئێستا کە کاری حیزبایەتی پێ دەکرێ بڕوام نیە ناوەندەکانی حیزبە سیاسیەکان توانای داڕشتنەوەی دەستورێکی مۆدێرنیان ھەبێت، چونکە ھەتا ئێستا گوتاری کارکردنی حیزب و سیاسەت و سیستەمی سیاسی بریتیە لە گوتاری خێل وە لە ھیچ دنیادا عەقڵی خێڵ توانای خولقاندنی پرۆژە دەستوری دیموکراسی و مەدەنی نیە.
عەقڵێتی سیاسی کورد لە ئێستادا بڕوای بە نووسینەوەی دەستورھەرێمی کوردستان نیە چونکە بوونی دەستورێکی نیشتمانی کە توانای ئیجماعی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەبێ و کۆکەرەوەی ھەموو دەنگ و رەنگەکان لەناو مانڤێستی ھیچ حیزبێکی کوردی دا بوونی نیە.
تەنھا ئەوەی کە دەوترێ زەرورەتی دەستور بۆ زامنی پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی یە باشترین نمونە رەشنووسی پرۆژە دەستوری ساڵی ٢٠٠٩ لە کوردستانە.
بەپێی ئەم رەشنووسە ئەوەندەی گرنگی دراوە بە شکلیاتی سیستەمی سیاسی ئەوەندە ماف و ئەرکەکانی ھاووڵاتی تێدا دەستەبەر نەکراوە . تەنانەت بەپێی ئەم ڕەشنوسەی دەستور، بەتەواوی رژێمی سیاسی ووڵات دەکاتە بەشێک لە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی رووت چونکە زۆربەی دەقە یاساییەکان جورێک لە بەرگی دینی بە بەردا کراوە کە ئەمە لە داھاتوویەکی نزیک دا کێشەیەکی گەورەی ئیسلامی سیاسیمان لە کوردستاندا بۆ دەخوڵقێنی باشترین نمونە دەستوری نوێ ووڵاتی تونس بە ھەمان شێوەیەی ھەرێمی کوردستان کاتێک بزوتنەوەی نەھەزەی ئیسلامی دەسەڵاتیان گرتە دەست ھەوڵیان دا رۆحی دەستوری تونسی بکەنە بەشێک لە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی کە ھەتا ئێستا کۆمەڵگای تونسی نەیانتوانیوە دەستکاری بەشێک لە برگەکان دەستوری تونسی بکەن، بۆیە دەبێت رەشنوسی دەستوری ھەرێمی کوردستان بریتی بێت لە دەستورێکی مەدەنی ئازاد کە بڕوای تەواوی بە مافە مەدەنیەکانی ھاووڵاتیانی کوردستان بێ ھیچ ئینتمایەکی دین و مەزھەبی دیاریکراو ھەبێت.