بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی ڕوو لە هەڵکشان دەکات، سەرباری ئەوەی ئەمەریکا دەستی بە عێراقەوە گرتووەو سودانیش ناتوانێت کۆنترۆڵی دۆخی ئابووری و سیاسی و سەربازیش بکات.
دەیان و بگرە سەدان گروپی سیاسی و خاوەن بانکی ڕاسپێردراو دۆلار دەبەنە دەرەوە، کەچی حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی زۆر لۆکاڵی گرتووەتەبەر، هاتووە گرفت بۆ ئەوانە دروست دەکات کە مانگانەی هەزارو دوو هەزار دۆلاریان لەدەرەوە بۆ دێت، واتە وەکو ئەوەی نەخۆشییەکە لەدڵدا بێت و بڕۆی تیماری نینۆک بکەیت.
تا ئێستا ئەمەریکا خۆی ڕێگرە لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی خەیاڵی دۆلار بەرامبەر دینار، ئەگینا عێراق وڵاتێکی ناسەقامگیرە، ئاڵۆزی تێدایە، دۆلاری لێ دەبرێتە دەرەوەو سپی دەکرێتەوە، پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی مامەڵە دەکرێ، گەر ئەمەریکا خۆی دۆخەکەی رانەگرتبێت، ئێستا سەد دۆلار بەرامبەربوو بە ٥٠٠ هەزار دیناریش.
گەر دیقەتی ئەو وڵاتانە بدەن گرفتی سیاسییان تێدایە، ئێران، تورکیا، لوبنان، سوریا، یەمەن و زۆر وڵاتی تر، تەنانەت ئیسرائیلیش، دراوی هەموویان بەرامبەر دۆلار داڕووخاوە، کەچی بەم دۆخە خراپەشەوە هێشتا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار خراپ نییە، واتە ئەمەریکا چاوپۆشی دەکات.
هیزە سەربازییە شیعەکان لەچەند هەفتەی رابردووشەوە تا ئیستا، سەرقاڵی بە ئامانج گرتنی بنکەکانی ئەمەریکان، سودانی زۆر هەوڵی لەگەڵداون، هۆشداری پێداون بەوەی ئەمەریکا تەنها بە دۆلار دەتوانێت عێراق بڕوخێنێت، بێ سود بووە.
دواجار سەدر کەوتە جوڵە، هەندێک هێزی ناوشیعەش دژی سودانین، خەریکبوو بگاتە ئاستی موئامەرە، ئەمەریکا بەمەسەلەی دۆلار موئامەرەکانی پێڕاگرتن، چونکە سودانی باڵانس ڕادەگرێ.
وەلحاڵ، لێدان لە بەرژەوەندی ئەمەریکا لە عێراق بەردەوامە، عێراق شکستی هێنا لە کۆنترۆڵکردنی دۆلار، گروپە سیاسیەکانیش بەردەوامن لە بازرگانیکردن بە دۆلارەوە، عێراق وڵاتێکی هێندە خاوەن سەروەری سەقامگیریش نییە تا دراوەکەی بەهادار بێت، با بزانین بەهاکەی تا کوێ هەڵدەکشێ؟ یاخود پەتی چاوپۆشی ئەمەریکا لە کوێدا دەپچڕێ؟
دڵشاد ئەنوەر: