محەمەد ئەمین پێنجوێنی، نوسەر و سیاسەتمەداری دیاری هەرێمی کوردستان لەبانگەوازێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی کردوە هۆشداری دەدات لە بونی زەنگێکی مەترسیداری شەڕی کورد بە کورد، ئەوەش دوای لێدوانە دژ بەیەکەکانی ناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و راگەیەنراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان بەرامبەر یەکتر، داواش دەکات شەڕی ناوخۆ وەک تاوان بناسرێت.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، نوسەر و سیاسەتمەداری دیاری هەرێمی کوردستان لەبانگەوازێکدا کە ئاڕاستەی ڕوناكبیران، هونەرمەند، سیاسەتمەدار و هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستانی کردوە باسی لەوەکردوە، “چەند ڕۆژێکە زەنگێکی مەترسیداری شەڕی نەگریسی کورد بە کورد لێ دەدرێت ، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، کە سێ (باند)یان دەسگیرکردوە، کە ویستویانە کاری تیرۆرستی بکەن و (پەکەکە) یان بێ تۆمەتبار کردوە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەوان و سێ ئەندامەکەیان لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بێ ئاگان و ناوەرۆکی ڕاگەیێندراوەکەشیان پێ قبوڵ نییە. ئەمەش نائومێدی و پشێویەکی زۆری لەناو گەلدا دروست کردوە، پەکەکەش لە زمانی بەرێز موراد قەرەیەڵانەوە، ڕایانگەیاند کە ئەو تۆمەتانە ڕاست نین و ئامادەن بە بێ شەڕو بە دیالۆگ هەمو کێشەکان چارەسەر بکەن .ئەمەش ئاماژەیەکی پۆزەتیفە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، “بەڕێزان: ئەگەر شەڕ ڕوبدات، بە تەنیا شەڕی پارتی و پەکەکە نابێت، شەڕی هەمو کورد دەبێت، دەبێتە شەڕی باکور و باشور، دەبێتە هۆی لاوازکردن و بێبایەخکردنی دۆزی کورد لە هەمو جیهاندا، پرۆسەی سیاسیی باشوور بەرەو ئاڵۆزی و گێژاوێك دەچێت کە نیو سەدە پرسی کورد بۆ دواوە دەگێڕێتەوە . ئەمەش دوا تیرە کە دو دەوڵەتی داگیرکەر بە دڵی کوردەیەوە دەنێن، بەرێزان: بەو سیفەتەی کە بەندە لەشەڕی 1992 ی پەکەکە و بەرەی کوردستانی، شەڕی پەکەکەو پارتی و پەکەکە و یەکێتی لەناوەندگیریدا بوم، زۆر نهێنی و لایەنی شاراوەی شەڕەکانم بۆ ئاشکرا بون، کە هەموویان بۆ لەناوبردن و لاوازکردنی دۆزی کورد بون”.
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد ئەوەشی خستوەتەڕو، “بۆیە داوا لەم بەڕێزانە دەکەم کە ڕێگری لەم پیلانە هەرێمایەتییە بکەن؛ بەڕێز جەنابی کاك مسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەنابی کاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەنابی کاك مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ،جەنابی خاتوو رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمان، بەرێز جەنابی کاك کۆسرەت بەرێزان جەنابی شێخ لاهور، کاك باڤڵ تاڵەبانی، کاك قوباد تاڵەبانی هەڤاڵانی بەڕێز جەمیل بایك، مراد قەرەیەڵان و هەڤاڵ سەبری ئۆك داواتان لێ دەکەم کە هەموتان پێکەوە هەوڵ بدەن ڕێگە لەم پیلانەی دوژمنی کورد بگرن!”.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی باس لە ناوەڕۆکی چەند دیدارێکی خۆی لەگەڵ ئەو سەرکردانە دەکات و نوسیویەتی، “بۆ ئاگاداریتان بەندە لەهەردەرفەتێکدا یەکێك لەم بەڕێزانەم بینیبێت ئەم دروشمەم دوپاتکردوەتەوە، کە دو هێزی سەرەکی و کاریگەر لە کوردستاندا هەیە و دەتوانن ڕۆڵ لە هەمو کایەکاندا ببینن. پارتی و پەکەکە ئەگەر تەبا و کۆك بن دۆزی کورد بۆ پێشەوە دەچێت و لەئامانجە سەرەکییەکەمان نزیکمان دەکاتەوە و ئەگەر ئەم دو هێزە ناکۆك و لە شەڕدا بن هێزەکانی تریش لە شەڕ دەگلێنن و دۆزی کورد بەرەو لەناوچون دەبەن. با هەمو پێکەوە هەوڵ بدەین شەڕی کورد و کورد تەحریم بکەین”.