


لەیاداشتێكدا، كە ئاراستەی سێ سەرۆكایەتییەكە كراوە، نەهرۆ عاڵایی ناوەرۆكی یاداشتەكەی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن خوێندەوە، كە سەرجەمی ناوەرۆكی یاداشتەكە داواكارییە لە پێناو دادپەروەری لە هەرێمی كوردستان و تێشیدا هاتووە “هەموومان لە بیرمانە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی ئەوە بە هاووڵاتیانی كوردستان درا پارەی نەوت بۆ هەمووان بێت و سۆسیالیان بۆ ببڕدرێتەوە و كابانی ماڵەوە خاوەن موچەی خۆیان بن، هەموو ئەو حیزبانەی كابینەی بەناو دادپەروەریان پێك هێناوە ئەو بەڵێنانەیان بە دەنگدەرانیان دا، وەلێ ئەوەی بینیمان یەكەم یاسای پەرلەمان زیادكردنی بودجەی پارتە سیاسییەكانیان دەستی پێكرد”.
داواكارییەكانی ئەم هەڵمەتەش بریتین لەوەی كە موچەی سەرۆكی هەرێم, وەزیر و پەرلەمانتاران و دادوەرانی ئەنجومەنی دادوەری بۆ نیوەی ئێستا كەم بكرێتەوە، خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیر و سەرجەم پلە باڵاكان رێكبخرێتەوە و بە پێی رێنوێنی خانەنشینی رێكبخرێت، ئەوانەی خزمەتی گشتی و تەمەنیان لە خوار تەمەنی خانەنشینییەوەیە بگەڕێندرێنەوە بۆ سەركارەكانیان و ئەوەی كاری نییە كاری بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوانەشی خانەنشین دەكرێن موچەی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان لە 3 ملیۆن تێنەپەڕێت و هەروەها ئەوانەی هیچ خزمەتێكی گشتیان نییە و خانەنشینكراون لە دەرەوەی یاسا و رێنوێنی و هەندێكیشیان بە پلەی بەرز وەكو بندیوارەكان كاریان بە پێی شهادە و توانایی بۆ بدۆزرێتەوە و خانەنشینییەكەیان هەڵوەشێتەوە، ئەوانەشی لە پێش راپەڕین پێشمەرگە بوونە بگەڕێندرێنەوە سەر خانەنشینی پێشمەرگایەتی، سەركردە سیاسی و سەربازییەكان بە پلەی شایستە خانەنشین بكرێن.
خاڵێكی تریشی داواكاریەكانیان بریتییە لەو بڕە پارەیەی لە فرۆشتنی نەوتی كوردستان بۆ خەرجی سیادی دەچێت بۆ بەغدا ببڕدرێت، خەڵكی كوردستان باری گرانی ئەو خەرجییە قورسە كە بەشی زۆری لە گەندەڵی سەرفە كرێت هەڵنەگرێت.
هەر لەدرێژەی داواكاریبەكانیان هاتووە “سنورێك بۆ دامەزراندنی راوێژكار و پلەی باڵا لەسەر بنچینەی حیزبی دابندرێت، دامەزراندن بۆ كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری بێت لە كوردستان، تەنها ئەوانە بگرێتەوە, خانەوادەكەیان سەرچاوەی بژێویان نییە لە موچەو زەوی كشتوكاڵی و پرۆژەی ئابووری, بە پلەی یەكەم ئەو خانەوادانە بگرێتەوە كرێچین و كەسی بەخێوكەریان نییە و هەروەها سنورێك بۆ بەتاڵان بردنی سامانی سروشتی كوردستان و خاك و زەوی ئەم وڵاتە دابندرێت , تەواوی كۆنتراكتەكانی رابردوو بۆ دڵنیایی خەڵك لە رۆژنامەیەكی فەرمی بڵاو بكرێتەوە, تا متمانە بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان”.
ئەمەش لە كاتێكدا ساڵ و نێوێك زیاترە هەرێم دووچاری قەیرانی قوڵی دارایی بووەتەوە مووچە بووە بە سێ مانگ جارێك، بەڵام حكومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێكی نەناوە، ئەمە لە كاتێكدا بەغدا ئەگەرچی مووچەی فەرمانبەرانیش دووچاری قەیران نەبووە، بەڵام دەستی بە چاكسازی و كەمكردنەوەی مووچەى پلە باڵاكان كردووە.