گوڵهی تهمهن 27 ساڵ ناوهڕاستی ساڵی رابردو بههۆی دروستکردنی پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ گەنجێکدا روبەڕوی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووهو ڕایکردە یەکێک لە شەڵتەرەکانی پاراستنی ژنان، پاشان لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە کێشەکە چارەسەر کرا، بەڵام سهرهتای ئهمساڵ گوڵه له روداوێكدا به “بێدهنگی كوژرا”، ئهمه چیرۆكی یهكێك لهو دهیان ژن و كچانهیه كه دوای “توشبونیان به ههڵهیهك” دهبنه قۆچی قوربانی و یاسا و دادگا و خێزانهكانیش له ئاستیاندا دەستەوەستان دهمێننهوه.
گوڵه ژنێکی تەمەن 27ساڵی دانیشتوی قەزای کۆیە، ئەو خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە ، مانگی (حوزەیران/6)ی ساڵی 2019 لە ئەنجامی دروستکردنی پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ گەنجێکدا و ئاشکرابوونی لە مانگی (تشرینی دوەم/11)ی هەمان ساڵ روبەڕوی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە و ڕادەکاتە یەکێک لە شەڵتەرەکانی پاراستنی ژنان، لە هەمان مانگدا لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە کێشەکە چارەسەر دەکرێت، بەڵام لە مانگی (شوبات/2)ی ئەمساڵ و دوای وەرگرتنەوەی بە گەرەنتی پاراستی ژیانی لەلایەن خێزانەکەیەوە بەبێ دەنگی دەکوژرێت و تۆمەتبارانی روداوەکەش دادگایی ناکرێن.
سەرەتای کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ بونی پەیوەندییەکی سۆزداری لەنێوان ژنێکی خاوەن هاوسەر و منداڵ بەناوی (گ.ا.م)ی تەمەن 27 ساڵ و کوڕێکدا بەناوی (ه.ع.س)ی تەمەن 25 ساڵ، دروستبونی ئەو پەیوەندیەش لەکاتی یەکترناسینێک بوە لەرێگەی مارکێتێکەوە لە قەزاکە، کە ئەو کوڕە لە گوندەوە بەرهەمی سروشتی و خۆماڵی بۆ بردوە.
دوای نزیکەی 5 مانگ لەو پەیوەندییە و ئاشکرابونی پەیوەندییەکە، لەلایەن هاوسەری ژنەکەوە و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و کوشتنی کوڕەکە لە خێزانی کوڕەکە دەکات، بەڵام دواتر کێشەکە لەرێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە چارەسەر دەکرێت.
خێزانی کوڕەکە دەڵێن، “بێ بەرین لێی و ئەگەر دۆزیتانەوە بیکوژن”، (ه.ع.س) لە دوای ئاشکرابونی پەیوەندییەکەی لە 5ی (تشرینی دوەم/11)ی ساڵی 2019 ڕائەکات و دیار نامێنێت ، دوای تێپەڕبونی نزیکەی 11 مانگ خێزانەکەی و لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، نازانن چارەنوسی کوڕەکە چی لێ بەسەر هاتوە و بۆ كوێ رۆیشتوه.
یەکێک لە نزیکەکانی گوڵە ئیسماعیل چیرۆکەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە، “ئەو ژنە و دو منداڵ و هاوسەرەکەی لە ماڵێکدا دەژیان کە بەشی خوارەوەی مارکێت بو، هەفتانە چەند جارێک گەنجێک بە ناوی (هەندرێن) بەروبومی کشتوکاڵی وەک سەوزەو میوەی هێناوە بۆ ئەو مارکێتە ، لەوێ (گوڵە)ی ناسیوەو چەند جارێک لەسەر داواکاری گوڵە ئەو گەنجە بەرهەمی خۆماڵی بۆ بردوە و دواتریش چەند جارێک لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە قسەیان کردوە”.
پەیوەندی نێوان هەندرێن و گوڵه لە پەیوەندی نێوان جێبەجێکارێک و كڕیارێك زیاتر تێدەپەڕێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی خێزانی و ئامانجی سەرەکی یەکترناسینیان، کە خواست و داواکردنی بەروبومێکە بەرامبەر بڕێک پارەی دیاریکراو، پەیوەندییەکەیان دەکەن بەیەکترناسین و هاوڕێیەتی و دەگاتە ڕادەی سەردانیکردنی گەنجەکە بۆ ماڵی ئەو ژنە، تا ئەو کاتەی له پێنج (تشرینی دوەم/11)ی ساڵی 2019 هاوسەری گوڵه ئاگاداری وردەکاری ئەو بابەتە دەبێت و لەکاتی هاتنە دەرەوەی گەنجەکە لەماڵەکەیدا گەنجەکە دەبینێت.
ئاشکرابونی ئەو پەیوەندییە سەرئەنجام گرفتی کۆمەڵایەتی بۆ دو خێزان دروست دەکات و ژنەکەش لەبەرمەترسی لەسەر ژیانی ڕادەکات بۆ یەکێک لە ناوەندەکانی داڵدەدانی ئەو ژن و کچانەی بەهەرهۆکارێک بوە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان، هاوکات هەندرێن کە دەرچوی زانکۆشە لەڕۆژی ڕودانی ڕوداوەکەوە ڕادەکات و دیار نامێنێت لەئێستادا بەوتەی خێزانەکەی نازانن چارەنوسی چی لێ بەسەرهاتوە.
دوای تێپەڕبونی نزیکەی سێ مانگ بەسەر سوڵحی عەشایەری بەنێوەندگیری مەکتەبی کاروباری کۆمەڵایەتی یەکێک لە حزبەکان لە کۆیە و بێ بەریبونی خێزانەکەی لە هەندرێن و دەستکراوەکردنی هاوسەری گوڵە بۆ هەرجۆرە تۆڵەیەک لە حاڵەتی دۆزینەوەیدا، هەروەها دوای داواکردنەوەی ژنەکە بە گەرەنتیکردنی پاراستنی ژیانی لەلایەن خێزانەکەیەوە لە ناوەندی داڵدەدانی ژنان لە سلێمانی، سەرئەنجام لە مانگی (شوبات/2)ی ئەمساڵدا گوڵە لەلایەن خێزانەکەیەوە دەکوژرێت و لەلایەن سەرجەم دەزگا و رێکخراوەکان بێ دەنگی لە مەسەلەکە دەکرێت.
سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لهبارهی دۆسیهكهوه بە خەندان-ی رایگەیاند، هەر حاڵەتێکی پەیوەندیدار بە توندوتیژی خێزانی یان کوژران لەسەر شەرەف روداوێکە کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس، ئەنجومەنی خانمان، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگابونەوەی توندوتیژی خێزانی و داواکاری گشتی و دەستەی مافی مرۆڤیش لەهەندێك قۆناغدا کاریان لەسەر دەکەن، ئەویش دوای ئەوەی ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەرکراوە سکاڵا لەلای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس تۆماردەکات.
زیا پترۆس باسی لهوهشكرد: ئەو کچ و ژنانەی بەهەرهۆیەك مەترسی لەسەر ژیانیان دروستبێت یان مەترسی ئەوەیان هەیە روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، دەتوانن سکاڵا لەدەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ تۆماربکەن، ئهوانیش بەگوێرەی یاسا و بەهاوکاری داواکاری گشتی دۆسیەکەی دەبەنە دادگا و چاودێری و بەشداردەبن لەسەرجەم قۆناغەکانی لەدادگادا.
سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لەبارەی بونی مەترسی لەسەر ژنان کە دەنێردرێنە سەنتەرەکانی داڵدەدانی ژنان وتی، ئەو کچ و ئافرەتانە بە فەرمانی دادگا دەنێردرێنە سەنتەرەکانی داڵدەدانی ئافرەتان و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، بەڵام ئەگەر کەسوکاریان بیانەوێت ئەو کچە یان ئەو ئافرەتە بگەڕێننەوە ماڵەوە ئەوە دادگا بەڵێننامەیان لێوەردەگرێت، كه نابێت توندوتیژی بەرامبەر بکرێت یان مەترسی لەسەر ژیانی دروستبکرێت، ئەگەر شتێکی ئاوا هەبێت دادگا رادەستیان ناکاتەوە، “بەپێچەوانەشەوە دەرکردنی کچ و ژنان لە شەڵتەرەکان بەبێ بڕیاری دادوەر رێکارێکی یاسایی نیە”.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ ساڵی 2019 لە هەرێمی کوردستان، 41 ئافرەت بە هۆکاری جیاواز کوژراون، 69 ئافرەت خۆیان کوشتوە، 103 ئافرەت خۆیان سوتاندوە، 155 ئافرەت روبەڕوی توندوتیژی سێکسی بونەتەوە و هەروەها 11 هەزار و 902 سکاڵاش لەلایهن کچان و ژنانەوە تۆمارکراون کە روبەڕووی توندوتیژی بونەتەوە.
دەستەکە باوەڕیوایە زیادبونی ژمارەی ئەو کەسانەی سکاڵایان تۆمارکردوە لەسەر ئەوەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە بەراورد بە ساڵی 2018 کە لەو ساڵەدا 8 هەزار و 568 سکاڵا تۆمارکراوە، ئەگەر لەلایەکەوە ئاماژەی ئەوە بێت کە ئاستى هۆشیارى ئافرهتان بۆ داواكردنى مافهكانیان زیادیکردوە، لەلایەکی دیکەوە ئەو ژمارەیە پێویستی بە لێكوڵینەوە و دیراسهكردن ههیه.
روداوەکانی کوشتن لەسەر شەرەف، موڵکداری، کێشەی نێوان عەشیرەتەکان لەهەرێمی کوردستان بەراورد بە چەند ساڵی رابردو زیادیکردوە و بەشێکی هاوڵاتیان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان پەنا دەبەنەبەر بەکارهێنانی رێکاری دەرەوەی پۆلیس و دادگاکان، بەتایبەت لەو کێشانەدا کە پەیوەندیدارن بە پرسی شەرەف ژنان و کچان قوربانی یەکەمی روداوەکانن بەوپێیەی کوژرانی بکەرانی روداوەکە وەک تاکە رێگەی پاکبوونەوەی شەرەفیان دەبینن.
جوان رەحیم، بەرپرسی دۆسیەکان لە رێکخراوی ئاسودە بە خەندان-ی رایگەیاند، “لە نۆ مانگی رابردودا ئەگەر بەراوردی بکەین بە هەمان ماوە لە ساڵی 2019دا بەتایبەت مانگێک دوای کەرەنتین و داخرانی هاتوچۆ ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی زیادیکردوە، بەشێکی هۆکارەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی رێژەی بێ کاری بەهۆی داخرانی بازار و شوێنە گشتییەکان و مانەوە لە ماڵەوە بۆ ماوەیەکی زیاتر، توندوتیژییەکانیش تەنها ژن و مێرد نەبون بەڵکو روداومان هەبوە لەنێوان خوشک و برا، باوک و کوڕدا”.ئهوهشی وت، لەگەڵ بونی هۆشیاری لەلایەن ژنان و خێزانەکان بەرامبەر بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، بەڵام تائێستاش بەشێک لە ژنان و کچان هەن کە “استغلال” کراون و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ئەو کەسانە بەهۆی ئەوەی بێ دەنگی لەو پرسە دەکەن وەک پێشێلکاری نایەتە ناو ئامارەکانی توندوتیژی، لەگەڵ ئەوەشدا هەر کەسێک بێتەلای رێکخراوەکەیان و مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت لەرێگەی نوسینگەکانی توندوتیژیی لە هەرێمی کوردستان دۆسیەی بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی له شەڵتەرەکاندا بپارێزرێن.
رێکخراوی ئاسودە حاڵەتی پێشێلکاری دوای دەرچونی ژنانی لە شەڵتەرەکانیشی تۆمارکردوە و لەوبارەیەوە جوان رەحیم وتی، “بۆ دەرچوونی هەر ژنێک دەبێت کەسوکارەکەی گەرەنتی ئەوە بکەن کە سەلامەت دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانی نابێت، بەڵام جاری وایە باوکەکە یان مێردی ژنەکە کەفالەتی دەکات، بەڵام ژنەکە بەدەستی ئامۆزا یان براکەی دەکوژرێت، بەداخەوە سەرەتای ئەمساڵیش حاڵەتێکی لەو شێوەیەمان هەبوە”.
بهردهوامبونی چیرۆكی كوشتن و دهستدرێژی كردنه سهر ژنان له كوردستان لهكاتێكدا، ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لە 25ـی تشرینی دوەم هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، بەرپرسانی حكومی و حزبی بەشداری تیادا دەكەن، هاوڵاتیانیش له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان بهشێوهیهكی فراوان داوای دوركهوتنهوه له توندوتیژی دهكهن.
ژن و كچان له ههرێمی كوردستاندا دوای ئهوهی له “ههڵهیهك” تێوهدهگلێن كه بهها كۆمهڵایهتییهكانی رهتیدهكاتهوه، ئیتر ماڵ و خێزانهكانیان جێگهی ئهوانی تیایدا نامێنێتهوه و دهبێت روبكهنه ئهو ماڵانهی بهناوی “شەڵتەر” لهلایهن حكومهتی ههرێمی كوردستانهوه بۆیان دروستكراوه، بهڵام لهوێشهوه چاوهڕوانی بهزهیی خێزان و كۆمهڵگه دهكهن تاوهكو جارێكی دیكه باوهشیان بۆ بكهنهوه.
لەیلا كچێكی تەمەن 28 ساڵه و ماوەی چەندین ساڵە لە شەڵتەرەکان ماوەتەوە، ئەو دەڵێت بەهۆی نەریتی نێرسالاری و ژینگەی کۆمەڵایەتی ناچارکراوە بەزۆر هاوسهرگیری لهگهڵ ئامۆزایەكیدا بكات، بەڵام ئەو رەتیکردوەتەوە و بهوهۆیهوه خێزانهكهی دژایهتی زۆریان كردوه.
لهیلا کە لەلایەن خێزانەکەیەوە رەتکراوەتەوە زیاتر وتی، ویستویەتی خۆی لەو ژینگە نائارامهی بۆی دروستكراوه رزگاربكات، دەڵێت، “بۆم گرنگ نەبوە” ئیتر ئەنجامهكهی ههرچییهك بێت، چونكە گرنگترین شت ئەوەیە خۆم بدۆزمەوە دور لە لێدان و بەزۆر بەشودانم لەتەمهنێكی زودا بە كەسێك كە خۆشمناوێت”.
شنە-ش کۆنترین ژنه کە لە شەڵتەری تایبەت بە داڵدەدانی ئافرەتان لە سلێمانی دەمێنێتەوە و ماوەی 8 ساڵە لهوێ ژیان بهسهر دهبات، ئەو لەسەر کورسی کەمئەندامی دانیشتوەو ناتوانێت لەسەر قاچەکانی خۆی بڕوات.
چیرۆکی پشت کەمئەندامبونی شنەی تەمەن 35 ساڵ لەو ڕۆژەوە سەری هەڵدا کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە هاوسەرەکەی تەقەی لێدەکات بۆ ئەوەی بیکوژێت، بەڵام ژیان هیوای دوبارە ژینی پێداوە و گیانی لەدەستنەداوە، کە برینداربوە دکتۆرەکان 24 کاتژمێری بۆ دادەنێن بەڵام ئەو دوبارە چانسی ژیانەوەی دەبێت و رەنگە تاکە ئومێدی مانەوەی ئەو بینینی منداڵەکانی بێت، كه دوای تێپهڕبونی ئەو ماوە زۆرە نهیبینیونهتهوه.
شنە وتی، “منداڵەکانم ئێستا گەورە بوون، دڵنیام ڕۆژێک دێن من لێرە دەبەنەوە بۆ ماڵەوە”، ئەو هەرچەندە چارەسەری بۆ کراوە و رۆژانه دەتوانێت کارە تایبەتەکانی خۆی بکات بێ ئەوەی پێویستی بەکەس بێت، بەڵام قاچەکانی تائێستا وەک پێویست چاک نەبونەتەوە بهشێك له روخساریشی بههۆی روداوهكهوه شێواوه.