بەپێی ئامارەکانی نوسینگەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ( یۆنامی) لە مانگی حوزەیرانی ڕابردودا بەهۆی حاڵەتەکانی پێکدادان و توندوتیژییەوە لەعێراق ٦٦٢ کەس کوژراون و هەزار و ٤٥٧کەسى دیکەش برینداربوون.
لەم ژمارەیە ٣٨٢ کەس لە کوژراوەکان هاووڵاتی مەدەنی بوون، کە ٢٨ کەسیان بریتی بوون لە پۆلیسی فیدراڵی و کارمەندانی ئاگرکوژێنەرەوە و بەرگری شارستانی سەحوە و کارمەندانی ئاسایش و پۆلیسی پاراستنی شوێنە گشتییەکان.
هەروەها هەزار ١٤٥ کەس لە برینداربووان هاووڵاتی مەدەنی بوون کە ٢٣ کەسیان پۆلیسی فیدراڵی و کارمەندانی ئاگرکوژێنەرەوە و ژمارەیەک کارمەندی دیکەی حکومی بوون.
هەر بەپێی ئامارەکان ٢٨٠ ئەندام لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژراون کە ئەو ژمارەیە پێشمەرگە و هێزە تایبەتەکان و میلیشیاکانیش دەگرێتەوە کە شانبەشەکانی سوپای عێراق جەنگاون، ئەم ژمارەیە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار ناگرێتەوە. هەروەها ٣١٢ ئەندامیش برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە پارێزگای بەغداد زیاترین ژمارەی قوربانی لە خۆگرتووە کە ٩٧٨ هاووڵاتی مەدەنی بوون، ٢٣٦ کوژراو و ٧٤٢ بریندار.
لەدوای بەغداد پارێزگای نەینەوا بە ٥٦ کوژراو و سەڵاحەدین بە ٢٤ کوژراو و ٢١ بریندار زیاترین ژمارەی قوربانیان تێدابووە.
پاشان پارێزگای کەرکوک بە ٢٠ کوژراو و ١١ بریندار و پارێزگاری دیالە ٢١ کوژراو و ٨ بریندار و پارێزگاری کەربەلا بە ٨ کوژراو و ١٨ بریندار زیاترین قوربانییان تێدابووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی یۆنامی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئەنباری وەرگرتووە ٣٥٧ هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی کە ١٥یان کوژراو و ٣٤٢ برینداربوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتەکەی یۆنامی ژمارەی قوربانییان لە مانگی حوزەیراندا لەچاو مانگی مانگی ئایاردا کەمی کردووە کە بەگشتی ٨٦٧ کوژراو و هەزار و ٤٥٩ برینداربوون، بەڵام پێشبینیش دەکات کە ژمارەی قوربانییەکانی مانگی حوزەیران بەهۆی پێکدادانەکانی ڕزگارکردنی فەللوجەوە ڕوو لە زیادبوون بکات.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەردەوامی توندوتیژی و پێکدادانەکان لە مانگی ڕەمەزاندا.
هەروەها نەیشاردەوە کە چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد لە مانگی ڕەمەزاندا کە مانگی لێبوردەیی و ئاشتییە، کردەوە توندوتیژییەکان کەم بکەن، بەڵام بەپێچەوانەی پێشبینییەکان و دوور لە هەموو بەها ئاینییەکان کردەوە توندوتیژی و تەقینەوەکان نەوەستان و ئەو شوێنانە دەکرانە ئامانجە کە هاووڵاتییان تیایاندا کۆدەبونەوە وەکو ناوبازاڕەکان و مزگەوتەکان.
ئەمەش سەرەڕای ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاووڵاتی و جێهێشتنی ماڵو حاڵیان لە فەلوجە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە ئەم ژمارانە بە کەمترین ژمارەی مەزەندەکراو سەیربکێرن، چونکە پێدەچێت ژمارەی قوربانییەکانی پارێزگای ئەنبار کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندرستییەوە وەرگیراون هەمان ئەو ژمارەیە نەبێت کە لە ڕاستیدا هەیە.
هۆکاری ئەمەشی بۆ نەمانی خزمەتگوزارییەکان و خراپی دۆخەکە گەڕاندووەتەوە.
ئەمەش سەرەڕای مردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە ئەنجامی بەرکەوتەی دووەمی پێکدادانەکان وەکو ماددە گازییەکان یاخود بەهۆی نەبوونی پێداویستی تەندروستی وەکو دەرمان یاخود برسێتی و تینوێتی لەکاتی هەڵهاتن بۆ ناوچە ئارامەکاندا.