لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا سیاسییەکانی ئەفلاتۆن و سیاسییەکانی ئەرستۆ

سیاسییەکانی ئەفلاتۆن و سیاسییەکانی ئەرستۆ

0 تێبینییەکان 38 بینینەکان

ئارام قادر حەمەسور:

فەیلەسووفان و بیرمەندان چەندین تیۆریای سیاسییان داناوە بۆ ڕێکخستنی دەسەڵات و کۆمەڵگە. لە فیکری سیاسییدا دوو بۆچوونی بڵاو هەیە بۆ حکومڕانی و دادپەروەریی، هەردووکیان لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسییدان، هەریەکەیان دادپەروەریی دەبەستێتەوە بەستایلێکی دەسەڵاتەوە.

بۆچوونی یەکەم لە فیکری ئەفلاتۆندایە و بۆچوونی وایە ئەوەی حکومڕانی دەکات دەبێت فەیلەسووفان بن بە تەنیا، چونکە تەنیا فەیلەسووفان شایستەن و دەتوانن دادپەروەریی بچەسپێنن. ئەفلاتۆن کۆمەڵگە دەکاتە سێ چین؛ یەکەم چینی زۆرینەی کۆمەڵگەیە یان جەماوەر، ئەم چینە زۆرینەن و خەریکی چێژەکانی خۆیانن. دووەم چینی سەربازەکانە، کە سیفەتی توڕەییان تێدایە و ئازان. سێیەم چینی عەقلانییەکانن کە بریتین لە فەیلەسووفان.

ئەفلاتۆن بۆچوونی وایە فەیلەسووفان دوورن لە چێژ و تووڕەی. واتا جیاوازن لە چینی جەماوەری گشتی و سەربازەکان، بۆیە فەیلەسووفان بەتەنیا شایستەی حکومڕانین. چونکە تەنیا ئەوان بە عەقڵانی دەجووڵێنەوە.

ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆنیش بەمانا سیاسییەکەی ئەم بۆچوونەی ئەفلاتۆن دەردەخات، ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن بابەتێکی فیکریی قووڵە و گرنگە. بە خوێندنەوەی سیاسیی بۆ ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن دەکرێت ئەو کەسەی ڕزگاری بووە فەیلەسووف بێت و شایستەی حکوومڕانی بێت.

لای ئەفلاتۆن نوخبەی فەیلەسووفان شایستەی حکومڕانین و ئەوانی تر نەزانن و دەبێت ڕزگار بکرێن، لە بەر ئەوەش ئەفلاتۆن دادپەروەریی دەبەستێتەوە بە بوونی فەیلەسووفان لە دەسەڵاتدا. ئەم بۆچوونە پێمان دەڵێت سەرکردە دەتوانێت دوونیامان بۆ بگۆڕێت و بەهەشتمان بۆ درووست بکات.

بەڵام ئەم بۆچوونەی ئەفلاتۆن زۆرکات دەبێتە هۆی دروستبوونی دیکتاتۆر. دونیا پڕە لەم ستایلەی ئەفلاتۆن، وەک خومەینی و سەددام حسین و هیتلەر و ستالین… کە خۆیان بەتاقانەی دەسەڵات دەزانی.

ئەفلاتۆن هەبوونی کۆمەڵگەیەکی دادپەوەر و خۆشگوزەران دەبەستێتەوە بە سەرکردەیەکی فەیلەسووف، نەک یاسا و دەزگاکانی دەوڵەت. ئەفلاتۆن سەرکردەیەک درووست دەکات کە خاوەنی حەقیقەتە و ئەوانی تریش جاهیلن، ئەمەش مەترسییەکەیە بۆ درووست بوونی دیکتاتۆری سیاسییی. وەک نیچە گوتی؛ حەقیقەتی ڕەها مرۆڤ دەکوژێت. مێژووش پڕە لە تەرمی خاوەن حەقیقەتە ڕەها و دیکتاتۆرەکانی دەسەڵات.

بۆچوونی دووەم هی ئەرستۆیە و پێچەوانەی ئەفلاتۆنی مامۆستایەتی. ئەرستۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە و دادپەروەریی نابەستێتەوە بە بوونی سەرکردەیەکی لێهاتوو، بەڵکو دەیبەستێتەوە بە هەبوونی یاسا و دەزگای دەوڵەت. ئەرستو بوچوونی وایە ناکرێت سەرکردەی باش بەردەوام خۆشگوزەرانی بێنێت، چونکە کاتێ سەرکردە باشەکە دەمرێت لەوانەیە سەرکردەکەی دواتر باش نەبێت، بەڵام کاتێ دەزگاکانی دەوڵەت باش دەبن خۆشگوزەرانی بەردەوام دەبێت.

ئەفلاتۆن بەدوای درووستکردنی سەرکردەی تاقانەدا دەگەڕێت کەخاوەنی هەموو دەسەڵاتێکە. بەڵام ئەرستۆ دەیەوێت دەزگاکانی دەوڵەت بچەسپێنێت و بەهێزیان بکات.

تا ئێستاش ئەم دوو بۆچوونە لەئارادان، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێکیان خەریکی چەسپاندنی سەرکردەی پیرۆزکراو و بنەماڵەی خۆسەپێنن، بەشەکەی تر لەگەڵ درووستکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەستور و یاسادان.

لە هەرێمی کوردستان ئەوانەی لە دەسەڵاتن بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، ئەفلاتۆنئاسا خەریکی پیرۆزکردنی سەرکردە و حیزب و بنەماڵەکانیانن. کەمن ئەو هێزانەی خەریکی چەسپاندنی دەستوور و دامەزراندنی دەزگاکانی دەوڵەتن.

بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر دووربین، پێویستە پاڵپشتی چەسپاندنی دەزگاکانی دەوڵەت بکەین و بەنیشتیمانییان بکەین، نەک ببینە دەروێشی سەرۆکەکان.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە