
دەشڵێت، ئەوەش بووە بەهۆی دانانی کاریگەری گەورە لەسەر کەمی بژێوی و هەلیکار و ئاسایشی خۆراکی هاوڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی پێویستی بە هاوکاری هەیە بۆئەوەی بتوانێت رووبەڕووی گرفتەکە ببێتەوە و چارەسەرێکی بۆبدۆزێتەوە.
سەرۆککۆماری عێراق باسی لەوەشکرد، لەماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا عێراق چەندینجار رووبەڕووی گرفتی وشکەساڵی بووەتەوە و لەمساڵانەی دواییشدا بەشێوەیەکی بەرچاو دیاردەکە دووبارە بووەتەوە کەئەوەش ئاماژەیەکی نەرێنی گەورەیە لە گۆڕانی کەشوهەوادا.
وتیشی، بەدرێژایی مێژوو هەردوو روباری دیجلەو فورات سەرچاوەیەکی گرنگی ژیانی هاوڵاتییانی عێراق بوون، بەڵام لەئێستادا بەهۆی وشکەساڵی و کەمی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا و پیادەکردنی سیاسەتی ئاویی لەلایەن وڵاتە دراوسێکانی عێراقەوە مەترسی لەسەر هەردوو رووبارەکە هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەئەمڕۆدا عێراق بە قورسترین دۆخی گۆڕانی کەشوهەوادا تێدەپەڕێت و بەمەش لەبەردەم قورسترین و خراپترین گرفتی کەمی ئاودایە بەدرێژایی مێژوو.
لەتیف رەشید باسی لەوەشکرد، عێراق پێویستی بەڕەچاوکردنی سیاسەتێکی ئابوری دروست هەیە لەلایەن وڵاتانی دراوسێیەوە و پێویستی بە هاوکارییەکانی ئەوانە بەتایبەتی تورکیا. لەلایەن خۆشیانەوە بەرپرسانی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هەوڵی بوژاندنەوەی ناوچە ئاوییەکان دەدەن لەسەرتاسەری وڵاتدا لەڕێگەی ئامێرو تەکنەلۆجیا سەردەمییەکانەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو هەتا بتوانرێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی گرفتی کەمئاوی کەمبکرێنەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرێت دۆخی کەمئاوی لەعێراقدا بەهۆی گەشەکردنی زیاتری رێژەی دانیشتوان و گۆڕانی کەشوهەوا و خراپی دۆخی ئابورییەوە لەچەند ساڵی ئایندەدا خراپتر بێت. هاوکات، وشکەساڵی بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە لەبەردەم ژیانی هاوڵاتییان و عێراق بووە بەیەکێک لەو ناوچانەی جیهان کەمترین رووپۆشی سەوزایی هەیە و بەبیابانبوون بەڕێژەی ٤٠٪ زیادی کردووە و هەڕەشە لە وڵاتەکە دەکات