لەکوردستان رۆژانە چەندین کەس رووبەڕووی سوکایەتیو قسەی ناشیرین دەبنەوە، چ بەڕاستەخۆو چ لەڕێگەی ئەلکترۆنییەوە، دەرونناسێک دەڵێت “توندوتیژیی شاراوە جۆرێکە لەتوندوتیژیی دەروونی، کە زۆرجار کەس پەی پێناباتو بەئاسانی درکی پێناکرێت”.
سارا عوسمانی تەمەن ٢٧ ساڵ، ئاماژە بەوە دەکات کە وەک هەر کچو ژنێک، چەندین جار رووبەڕووی قسەی ناخۆشو ناوناتۆرە بووەتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت “لەناو هاوڕێکانمدا لەبەرئەوەی شەل بووم ناووناتۆرەیان بەسەردا دادەبڕیم، لەقوتابخانە مامۆستا قسەی ناخۆشی پێدەوتم لەسەر شێوازی جلوبەرگم، لەزانکۆ لەختوخۆڕایی توانجی ناخۆشیان لێدامو لەسۆشیال میدیاشدا چی ناخۆش بووە پێموتراوە”.
وتیشی “هەست دەکەم جنێوو قسەی ناشیرین، بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لەواقیعی کوردستان، زۆرجار مرۆڤ بەئارەزووی خۆی یان بەبێ خواستی خۆی، یان دەبێت بەجنێوفرۆش یان دەبێت بەقوربانیو جوێن پێدراو”.
توندوتیژی زارەکی نەک هەر لەدەرەوەی خێزان بەلکو لەناو خێزانیشدا زۆر جار بەرامبەر بەکەسێکی خێزانەکە بەکاردەهێنرێت.
سارا محەمەدی تەمەن ٢٩ ساڵ، ئاماژە بەوە دەکات کە خاوەنی دوو کچەو لەوەتەی بووە بەدایک بیری نایەت دوو قسەی خۆشی لەگەڵدا کرابێت، ئەو کە لەگەڵ ماڵە خەزورانی دەژی، بەئاوێنەی وت “زۆرجار رووبەڕووی سوکایەتیو قسەی ناشیرینی هاوسەرەکەمو کەسوکارەکەی بوومەتەوە، چەندین ناوو ناتۆرەیان لیانومو گاڵتەیان پێکردوم”.
وتیشی “هەندیکجار تەنانەت بەڕادەیەک روبەڕوی سوکایەتی پێکردنەوە بوومەتەوە وەک ئەوەی بیانەوێ لەجنێوداندا پێشبڕکێی یەکتر بکەن”.
هەر کچانو ژنان نین کە ڕوبەڕووی توندوتیژی زارەکی دەبنەوە، بەڵکو کوڕانو پیاوانیش بەهەمانشێوە، لەبەرئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی بڵاوبونەوەی تەکنیکو تەکنەلۆجیاوە، قسەی زبرو جنێودان بووە بەدیاردەکی باو.
رێژوان ئازاد، باس لەوە دەکات کە لەچەندین شوێندا هەستی بە”توندوتیژی زارەکی” کردووە، لەجنێودانی باوکیەوە لەماڵەوە بگرە تا دەگات بەقسەی ناخۆشی مامۆستا لەقوتابخانە، ئەو بەئاوێنەی وت “لەئامادەیی بووم، لەپۆلدا کوڕو کچ بەیەکەوە دەمانخوێند، یەک دوو مامۆستای پیاومان هەبوو، بەرامبەر بەکچەکان زۆر نەرمو نیان بوون، بەڵام بەرامبەر بەکوڕەکان زۆر زبرو رەق بوون، چەند جار لەسەر شتێکی هاکەزایی تەریق کراومەتەوەو شکێنراومو کراوم بەبابەتی سووکایەتیو گاڵتەجاڕی قوتابیەکانی تر”.
وتیشی “کە چوومە زانکۆ ئیتر خۆشە ببووم، ئەوەی بەخۆم کرابوو، منیش بەخەڵکی ترم دەکرد، لەناو زانکۆو بەتایبەتیش لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا”.
لەکوردستان ئامارێکی فەرمی نییە ئاماژە بەتوندوتیژی زارەکی بکات، ئەمەش پەیوەندی بەتێنەگەیشتن لەچەمکەکەوە هەیە، لەکاتێکدا ئەگەر سەیری ئاماری جیهان بکەین، باوترین فۆرمەکانی توندوتیژی زارەکی بریتین لەسووکایەتئ پێکردن، ناچارکردنی مرۆڤ بۆ ئەوەی بەپێچەوانەی ویستی خۆی کارێک بکات، باوترینیشان ناوو ناتۆرەو ناونانی ناوی گاڵتەجاڕانەیە لەکەسێک.
شەونم مەغدید، پسپۆڕی بوای کۆمەڵناسی ئاماژە بەوە دەکات قسەی ناشرینو جنێوو ناوو ناتۆرە، جۆرێکە لەتوندتیژییو یەکێکە لەکێشە ڕاستەقینەکانی جیهانی مۆدێرن، کە دەرئەنجامەکەی گۆشەگیرکردنی بەئەنقەستی مرۆڤە، ئەو بەئاوێنەی وت “بەداخەوە لەکۆمەڵگەی کوردیدا لەناو خێزانو لەقوتابخانەو زانکۆو لەناو بازاڕو کۆمەڵگەو لەنێوان لایەنە سیاسیەکانو لەمیدیاشدا پەرە بەدیاردەی جنێودانو سوکایەتی کردن بەیەکتر دەدرێت”.
وتیشی “توندوتیژی زارەکی زۆرجار قوربانییەکە وا لێدەکات هەست بەکەمی خۆی بکات، ناتوانێت گەشە بەتواناکانی خۆی بداتو متمانەشی بەخۆی نامێنێت، قوربانیانی قسەی ناشرینیش زیاتر ئەو کەسانەن کە هەریەکەو پەیوەندی بەهۆکارێکەوە هەیە، جا چ جەستەیی، دەروونی، نەتەوەیی، ئایینی یان رەگەزییو شتی دیکە بێت، بەتایبەتی ئەوەندەی تێبینی دەکرێت قسەی ناشرینو ناووناتۆرە لەنێوان قوتابیانو خوێندکاراندا لەکوردستان چالاکانە ڕوودەدەن”.
توندوتیژی زارەکی ئەمڕۆ چەند بەشێوەی راستەوخۆ روودەدات، هەزاران هێندە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا روودەدەن، لەبەرئەوەی لەم سەردەمەدا هەمووان دەستیان بەئینتەرنێت دەگاتو بۆ کۆمەڵگا ئەم کارە گۆڕاوە بۆ کات بەسەربردنێکی کۆنترۆڵنەکراو، نوسینی کۆمێنتی گاڵتەجاڕانە لەسۆشیال میدیا بووە بەشتێکی باو، کە ئەمەش جۆرێکە لەتوندوتیژی شاراوە.
بەهەشت زاهیر، دەرونناس ئاماژە بەوە دەدات کە توندوتیژیی شاراوە جۆرێکە لەتوندوتیژیی دەروونی، کە زۆرجار کەس پەی پێناباتو بەئاسانی درکی پێناکرێت، خەڵکیش ئاگای لێی نییەو زۆر زیادیشی کردووە، ئەو وتی “ئەمڕۆ قسەی ناشیرینو جنێودان لەسۆشیال میدیادا بۆ کەسێک زۆر ئاسانترە تا ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕوو بیڵێت”.
وتیشی “قسەی ناشیرین لەئەلیکترۆنیدا بووەتە باوترین جۆری توندوتیژی لەجیهانی ئەمڕۆدا، لەهەموو جیهاندا، دەستدرێژکارانو قوربانیانی توندوتیژی بەئازادی لەسەر یەک پلاتفۆرم کۆدەبنەوە، لەئەنجامدا زۆرێک لەمنداڵانو هەرزەکارانو گەورەکان دەبنە قوربانی قسەی ناشرین، ئەمەش بەهۆکاری جۆراوجۆر، هەروەها کۆمێنتی سووکایەتیکردن لەسەر پۆستە جۆراوجۆرەکانیان دەنوسرێت، هەر کەسێک هێڵی ئینتەرنێتی هەبێت دەتوانێت دەستبکات بەتوندوتیژی شاراوەو هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر کەسێکو بەبێ ئەوەی شوناسو ناوی خۆیشی ئاشکرا بکات، واتە هیچ شوێنێکو تەنانەت ماڵەوەش ئیتر سەلامەت نییە”.
