یه‌كه‌م ئافره‌ت كه له سنووری پارێزگای دهۆك مۆڵه‌تی گشتیی شوفێری به‌ده‌ست هێناوه و هه‌موو جۆره ئۆتۆمبێلێك لێ ده‌خوڕێت و كاری چاككردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلیش به باشی ده‌زانێت، ئێستا پیشه‌كه‌ی كردووه‌ته ئه‌وه‌ی كه ئافره‌تان فێری شوفێری بكات و له نووسینگه‌یه‌كی تایبه‌ت به فێركردنی شوفێری زیاتر له دوو هه‌زار ئافره‌تی فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل كردووه.
هه‌یفا محه‌مه‌د كه ته‌مه‌نی 34 ساڵه و خه‌ڵكی شاری دهۆك-ه، ئه‌و ئافره‌ته‌یه كه له سنووری پارێزگاكه یه‌كه‌م ئافره‌ت بووه بتوانێت مۆڵه‌تی گشتیی شوفێری به ده‌ستبهێنێت و ئێستا هه‌موو جۆره ئۆتۆمبێلێك لێ ده‌خوڕێت به ئۆتۆمبێلی پیك ئاپ و بارهه‌ڵگریشه‌وه.
هه‌یفا محه‌مه‌د له باره‌ی ئه‌زموونی كاره‌كه‌ی بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ قسه‌ی كردوه و ده‌ڵێت “زۆر حه‌زم له لێخوڕینی ئۆتۆمبێل هه‌بووه، بۆیه هه‌ر زوو ده‌ستم به لێخوڕینی كرد و به‌رله پێنج ساڵ من یه‌كه‌م ئافره‌ت بووم له سنووری پارێزگای دهۆك بتوانێت مۆڵه‌تی گشتیی شوفێری به‌ده‌ستبهێنێت و بۆ ئه‌م ئامانجه‌یش خێزانه‌كه‌م زۆر هاوكارم بوون”.
ده‌شڵێت “دوای ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی گشتیی شوفێریم وه‌رگرت بیرم له‌وه كرده‌وه ئافره‌تانی سنووری پارێزگای دهۆك فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بكه‌م، چونكه ئه‌وكات كه‌م ئافره‌تی دهۆك ئۆتۆمبێلیان لێ ده‌خوڕی، بۆیه به‌رله پێنج ساڵ له نوسینگه‌یه‌كی تایبه‌ت به فێركردنی شوفێری كه به‌شی ئافره‌تانی كرده‌وه، له‌وێ ده‌ستبه‌كاربوم و له‌وكاته‌وه تائێستا به‌رده‌وامم له‌سه‌ر كاره‌كه‌م و زیاتر له دوو هه‌زار ئافره‌تی سنوری پارێزگای دهۆك-م فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل كردوه”.
هه‌یفا محه‌مه‌د ده‌شڵێت “خێزاندارم و خاوه‌نی سێ منداڵم، هاوسه‌ره‌كه‌م زۆر یارمه‌تیم ده‌دات و ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بوایه نه‌مده‌توانی ئه‌و كاره‌ی ئێستا بكه‌م”.
هه‌یفا محه‌مه‌د له باره‌ی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی گه‌وره و بارهه‌ڵگریشه‌وه وتی “له‌به‌رئه‌وه‌ی من راهێنه‌ری شوفێریم و ده‌توانم خه‌ڵك فێری لێ خوڕینی ئۆتۆمبێل بكه‌م، بیرم له‌وه كرده‌وه كه ماده‌م ده‌توانم خه‌ڵك فێر بكه‌م، ده‌بێت بتوانم هه‌موو ئۆتۆمبێلێك لێ بخوڕم و حه‌زیشم هه‌بوو كه ئۆتۆمبێلی گه‌وره لێ بخوڕم بۆیه به‌شداری خولێك بووم بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر بێ ئه‌وه‌ی پێشتر ئه‌و ئه‌زموونه‌م هه‌بێت، من یه‌كه‌م ده‌رچووم له‌سه‌ر خوله‌كه و ئێستا هه‌موو جۆره ئۆتۆمبێلێكی گه‌وره لێ ده‌خوڕم”.
ئه‌و باسی له‌وه‌یش كرد، جگه له لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بچوك و گه‌وره، توانایه‌كی باشیشی هه‌یه له چاككردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل و وتی “زۆرجار من خۆم هه‌ندێك كێشه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌م یان ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی كه لێیان ده‌خوڕم، چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م”.
هه‌یفا محه‌مه‌د له كۆتایی قسه‌كانییدا وتویه‌تی “زۆر له ئافره‌تانی سنوری پارێزگای دهۆك ته‌نانه‌ت كوردستانیش ئه‌و جورئه‌ته ناكه‌ن، كه ئۆتۆمبێل لێ‌بخوڕن، من پێیان ده‌ڵێم ئافره‌تیش وه‌كو پیاو هه‌موو توانایه‌كی هه‌یه و ئه‌گه‌ر ئیراده‌یان هه‌بێت نه‌ك ته‌نها لێخوڕینی ئۆتۆمبێل به‌ڵكو ده‌توانن هه‌موو كارێك بكه‌ن”.
هه‌یفا محه‌مه‌د یه‌كه‌م ئافره‌ت بووه له سنووری پارێزگای دهۆك كه بتوانێت موڵه‌تی گشتیی شوفێری به ده‌ستبهێنێت و یه‌كه‌م ئافره‌تیش بووه له سنووری پارێزگاكه كاری راهێنه‌ری فێركردنی ئۆتۆمبێل بكات، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م ئافره‌تیش بووه له سنوری پارێزگاكه ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر لێبخوڕێت و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای دهۆك-یش رێزی لێ گیراوه و خه‌ڵات كراوه.