لە دوای جێبەجێكردنی بڕیاری دەستگیركردنی سێ تۆمەتباری موستەشارو ئامرسریە لە سنووری گەرمیان، لەلایەن دادوەری دادگای بەرایی شاری كفری “هاوژین حامد”، رۆژ دوای رۆژ بەریەك كەوتنەكان زۆرتربوون، تا گەیشتە ئاستی بڕیاری گوازتنەوەی دادوەر هاوژین حامد لە شاری “كفری”یەوە بۆ شاری “ئامێدی”، ئەمەش مەودای ناڕەزایەتیەكانی لە نێو كەس و كاری قوربانیانی ئەنفال و زۆرێك لە چالاكوان و رێكخراوەكانی ئەم بوارە فراوانتركردو سەرەتای ئەم هەفتەیەش ناڕزایەتیەكان گەشتە بەردەم سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی “كەركوك- گەرمیان”و درووستبوونی قسەو گفتوگۆی گەرم، ئەمەش لە بەرامبەر ئەوەی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی “كەركوك – گەرمیان” ئامادە نەبوو پێشوازی لە خۆپیشاندەرانی ناڕازی و كەس و كاری قوربانیان بكات.
بەداخەوەو دەیانتوانی ئەمە نەكەن، بۆ رۆژی دواتر بە پاساوی شكاندنی شكۆی دادگا، دادوەرەكان نەچونەوە سەردەوام و رایانگەیاند دەوامكردن هەڵدەپەسێرن، كە ئەكرا لە شوێن و جێگای ئەم هەڵوێستە سەربەخۆیی دادوەری خۆیان بپارێزن و داواكاری خۆپیشاندەران كامەیان راست و رەوایە جێبەجێی بكەن و كامەشیان نایاساییە بە هێمنی تێیان بگەیەنن و روونكردنەوە بدەن، كە گومانی تێدا نیە ئەگەر ئەمەی دووەم وەك بژاردە ئەنجام بدرایە كارەكە نەدەگەشتە ئاستی بەریەككەوتنی قسەو پەیامی توندو شێوازی تری نەخوازراو بە تایبەت هەڵپەساردنی كاری دادگای تێهەڵچونەوەی “كەركوك- گەرمیان” و ئەگەری پەڵكێشانی بۆ شوێنانی تر؟؟
كۆمەڵێك پرسیاری كۆنكریتی هەیە، ئەویش ئەوەیە: 258 كەس لە موستەشارو ئامرسریە لە سەرئاستی كوردستان و 147 كەس لە گەورە ئەفسەرو موخابەرات و حزبی لە سەر ئاستی عێراق لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە داوا كراون یان نا؟ جۆری سكاڵاكانی سەریان تایبەتە بە بەشداری لە ئەنجامدانی شاڵاوەكانی تاوانی ئەنفال یان نا؟ ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان ئەمەی پشڕاست كردوەتەوە یان نا؟ لە سەر ئاستی كوردستان بڕیاری دەستگیركردنی ئەم 258 كەسە دەرچوە یان نا؟ بڕیارەكە بۆ دەزگاكانی جێبەجێكردن گشتێنراوە یان نا؟
ئەگەر خۆمان نەخڵافێنین و راست و راستگۆیانە قسە بكەین، دەبێت لە وڵام بەو پرسیارانە بە “بەڵێ” وڵام بدەینەوە، كاتێكیش كە وڵامەكان “بەڵێ” بوو، ئیتر بێئەوەی سۆزو هەڵچوون بەسەرماندا زاڵ بێت، دەبێت بڵێین دەستپێكشەری و بڕیارەكەی دادوەر هاوژین راست و رەوایەو هەڵوێستەكەی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی “كەركوك- گەرمیان” پێچەوانەكەی؟
پرسیاری جدیتریش ئەوەیە بۆچی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی “كەركوك- گەرمیان” ئەم هەڵوێستی پێچەوانەوەی بنەماكانی رەوایەتی دۆسیەی ئەم تۆمەتبارانەو دەستگیركردنیان و دادگاییكردنیان بنوێنێ؟ بەرژەوەندی ئەوان وەك دادگا لە لاوازكردنی ئەم دۆسیەو هەڵدانەوەی پەڕاوەكانی چیە؟
چ عەیبەیەكی گەورەیە، چ خەم ساردییەكی خوێن ساردانەیە، لە جیاتی ئەوەی دادگاو دادوەر ببێتە سەنگی مەحەك و پارێزەرو بەدەست هێنانی مافی بەشخوراو، تاوانلێكراو، كۆمەڵكوژكراو، تاڵان و ئەنفالكراو، كەچی بەجۆرێك لە جۆرەكان و بە پاساوی بێبنەما، ببێتە چەتری پاراستنی تۆمەتبارو داواكراو؟ خۆ ئەگەر كەسێك یان دادوەرێكی بەرێز بێتە وڵام و بڵێ ئەمە راست نیەو پێچەوانەكەی درووستە، ئەوكاتە دۆسیەی دادوەر هاوژین حامد باشترین وڵامە بۆی و هەموو نووسراوەكانی پێشووترو فرمانی گرتنەكان و پێش ئەوانەش بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق، گەواهی ئەو راستیەی سەرەوەن.
ئێستا ئەم دۆسیە، دۆسیەی دەستگیركردن و دادگاییكردنی موستەشارو ئامرسرییەكان لە كوردستان و ئەوانی تریش لە سەرئاستی عێراق، چەندو چونی زیاتر هەڵناگرێ، یان ئەوەتا تا هەتایەو بۆ نەوەكانی داهاتووش دەبێتە پەڵەیەكی شەرم بە نێوچاوی دەسڵاتی سیاسی ئەم قۆناغەو ئەنجومەنی دادوەری و دادگاكانی كوردستان لەلایەك و دەسڵاتی سیاسی و دادگا تایبەتمەندەكانی عێراق لەلایەكی تر، یان راستی و دروستیەكەی ئەوەیە، مل بە داخوازییەكانی خاوەن ماف بدرێ و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
كەسیش نەیوتوەو ناڵێ “پەتی سێدارە” بۆ دوا تۆمەتبار هەڵبخرێ، بەڵكو خاوەن مافەكان كە كەس و كاری قوربانیەكانی تاوانی ئەنفالن، دەڵێن با دادگا بۆمان ساغ بكاتەوەو پێمان بڵێ” كێ تاوانبارەو كێ بێتانەوە”، ئەوەی تاوانبار بوو سزای خۆی وەربگرێ كە هیچ مەرج نیە ئەم سزایە لە سێدارەدان بێت، ئەوەشی بێتاوانە تا شەرافەتمەندانەو روو سورانە بەنێوماندا بگەڕێ و ئێمەش رێزی لێبگرین.
دوا سەرنجیشم ئەوەیە ئەوە كەس و كاری قوربانیان نین شكۆی دادگا بشكێنن، بەڵكو ئەوە دادگا خۆیەتی شكۆی خۆی دەشكێنێ، چونكە ناتوانێ ببێتە لایەنگیری ماف خوراو، ئەنفالكراو، تاوان لێكراو، ماڵ بەتاڵانبراو، تا دادگاش لەو بێباكیەوە لەم داخوازییە رەوایە بنوڕێ، ئەم پرسە ئەمڕۆش بان بدرێ و كپ بكرێتەوە، جار لە دوای جارو بە شێوازی تر دووبارە یاخەیان بە توندی رادەوەشێنێ، دادوەرێكی وەك هاوژینیش بڕوا، ئەوا دەیان خەڵكی تری بە هەڵوێستی وەك هاوژین و تەواوی كەس و كاری قوربانیان دەبنە هاوژین و هاوژینەكان، بچوكترین كارلێك و كاردانەوەی نەخوازراویش تەنها دەسڵاتی سیاسی و دادوەری بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن نەك كەس و كاری قوربانیان.