ژن کوشتن لەهەرێمی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو و مەترسیدار، ناو بە ناو شەپۆلێکی ژن کوشتن هەرێم دەگرێتەوە، وەک ئەوەی لەچەند مانگی ڕابردوودا بینیمان، ٩ ژن بەدوای یەکدا کوژران، کە شێوازی هەندێک لە کوشتنەکان، مەترسیدار و نامۆبوون، بەتایبەت شێوازی کوشتنی شنیار کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێنرا. گرفتی گەورەی دیاردەی ژن کوشتن، خراپ مامەڵەکردنە لەگەڵ دۆسیەکانی توندوتیژی دا، ڕێوشوێنەکان چوارچێوەی ئیدانەکردنیان تێنەپەڕاندووە و هەنگاوی کرداری نەنراوە بۆ سنوردانان بۆ ژنکوژەکان. ڕێوشوێنە یاسایی و کۆمەڵایەتیەکان، لەبری ئەوەی دیاردەکە سنوردار بکات و تێڕوانینی کۆمەڵگا بەرامبەر ژن کوشتن بگۆڕێت، کەچی مامەڵەی هەڵە، پەرەیداوە بە ژن کوشتن و لە حاڵەتەوە بردویەتی بۆ دیاردە! کاتێک ژنێک دەکوژرێت، خێرا کۆمەڵگا دابەش دەبێت، بەشێکی خەڵک ئیدانەی تاوانەکە دەکەن و هاوسۆزن لەگەڵ قوربانیەکەدا، بەڵام بەشێکی تر، پاڵپشتی تاوانبارەکە دەکەن و ئەو مافەی پێدەدەن کە ژیان لە ژنێک وەربگرێتەوە، لەکاتێکدا هیچ هۆکارێک نیە شەرعیەت بە ژن کوشتن بدات، چونکە پێش دەستبردن بۆ کارتی کوشتن، چەندین ڕێگەی تری عەقڵانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە دواجار کوشتنیان بەدوادا دێت..
دەبێت شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی ژن کوشتن بگۆڕێت، ڕای گشتیان لە دژ دروست بکرێت، لە رێگەی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراو و میدیاوە هۆشیاری بڵاو بکرێتەوەو ژن کوشتن تەحریم بکرێت، ئەمەش کارکردنی عەقڵانی و هەنگاوی وردی دەوێت، هێنانە سەرهێڵی هەموو چین و توێژەکانی پێویستە، بە جۆرێک هەوڵبدرێت کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ڕەگەزی دابەش نەبێت، بەڵکو لەسەر بنەمای ژیان دۆستی یەک بخرێت. خاڵێکی تر کە لەپاڵ هۆشیاری گشتی و تەحریم کردنی ژن کوشتندا گرنگە، ڕێوشوێنە یاساییەکان بەرامبەر ژن کوژەکان توندوتۆڵ بکرێن، هیچ دەرەچەیەک نەهێڵرێت بۆ دەربازکردنی ژن کوژ لە چنگی یاسا، گەر ئەمە کرا، بێگومان ئەوانەی خاوەنی بیری ڕەجعین و ناهۆشیارن، ناوێرن دەست بۆ کارتی ژن کوژی بەرن. بەداخەوە، ناهۆشیاری و سەروەر نەبوونی یاسا و سوڵحی عەشایەری وایانکردووە، زۆرێک لە ژن کوژەکان بەئاسانی لەدەست یاسا دەربازیان ببێت، یاخود هەندێکجار ژن کوژەکان وەک پاڵەوان وێنا دەکرێن، گوایە لەو ڕێگەیەوە لەکەی سەریان سڕیوەتەوە، بێ ئاگا لەوەی هیچ کارێک هێندەی ژن کوژی نامۆ و ناشیرین و بێزراو نیە.
گەر ژن کوژەکان هۆشیاربایەن، لە قێزەونی لێسەندنەوەی ژیان لە مرۆڤێک تیگەشتبان، هەرگیز دەستیان بۆ کارتی ژن کوشتن نەدەبرد، بەڵام بێگومان خەڵکی ڕەجعی و ناهۆشیار و ناحاڵی لە ژیان، دەبێت بە یاسا جڵەو بکرێن و لە نێو کۆمەڵگادا وەکو کەسێکی نەفرەتلێکراو تەماشا بکرێن، تا چیتر بیر لە کارتی قێزەونی ژن کوشتن نەکەنەوە. پێش ڕێوشوێنە یاساییەکان، هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا گرنگترە، چونکە زۆرجار تانەی کۆمەڵگا، پاڵ بەژن کوژەوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە، خۆ ئەگەر تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ دۆزەکانی ژن گۆڕا، ئەوا زۆرێک لە کێشەکانی ژنان چارەسەر دەبن.