ماندووم لەهەرچی وشەو نووسین و ھۆنینەوەیە…لە نووسینەوەی درۆو دەلەسەی ئەموو ئەوو فیسارە کەس…لە وشە رووت و بێ ماناکان…دەستەواژە سیاسی وفەلسەفی و ئەبستراکتەکان…چەمکە باق و بریقەدارەکان…لە وەسفی ژیان و گێڕانەوەی نەهامەتیەکان…لە بۆنەو مەراسیم و یادکردنەوە بێ ئەنجامەکان…لە کۆنفرانس و سمینارو وتارە دووبارەبووەکان…لە پارادایم و مەفاهیمە ڕەقەکانی دونیای فەلسەفە…لە گوتارە ئایدیۆلۆژیەکان…لە رووبەری کۆمەڵگەی نەریتگەراو تێزەکانی عەیبەو مەیکە…لە وتارە وشک و کارپێ نەکراوو سیستەمە تۆز لێ نیشتووەکانی پەروەردەی کۆمەڵایەتی، خێزانی و خوێندنگەکان…لە وتارە سیاسیە ئەزبەر کراوەکانی پیاوانی سیاسی و قات لەبەرو پۆشتەوپەرداخەکان…لە ناکۆکیە بەردەوامەکان…لە ململانێکان…باڵباڵین و دەستەگەریەکان…لە ئاوارەییە ئەزەلیەکان…لە نامرۆڤە هەزەلیەکان…پێک نەهاتنەکان…دووبەرەکیەکان…رق و قینە پەنگ خواردووەکان…تۆڵەکردنەوەکان…پارە وپوڵ پەرەستەکان…رووداوە تراژێدیەکان…مەرگەساتەکان…عێراقی بوونە بێ سوودەکان…دڵخۆشکردنە درۆینەکان…بەڵێنە سەرابەکان…لە یاریە سیاسیەکان…لە سەرلێ شیوانەکان…لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان و تەوەرە کراوەکان…
ماندوو لە گەڕانە بێ بەرهەماکانی پانتای ژیان…لە شکست ونوشستەکان…لە گشت چیرۆکە وتراوو حیکایەتە نەوتراوەکانی ژیان…لە ئەفسانەکان…لە خشتەبردنەکان…چەواشەکاریەکان…تەنانەت لە گێڕانەوەی مێژووی رابردوو وئێستاو سبەیش…
ماندوو لە راکە ڕاکە بە دوای هیچ…نەگەیشتن بە ئامانجەکان…دڵشکانەکان…هاورێتی هەرچی و پەرچیە بۆدەڵەکان…لە سپڵەکان…ترسنۆکەکان…مایەپوچەکان…دۆڕاوەکان…لە بێ خەویەکانی پەنجا ساڵی رابردوو…ماندوو لە قومارو گرەوە ناواقعیە خەیاڵیەکان…لە فەرهەنگی موجامەلەو خۆبە زل زانینەکان…لە بێ پرەنسیپ و بێ موڕاڵەکان…لە مشەخۆران…لە تێرنەخۆران…گەندەڵەکان…لە پانکەرەوەکان..جاسوس و راپۆرت نووسەکان…
ماندوو لە گشت گوتارە بارگاوی کراوەکان بە ئایدیۆلۆژیای سۆسیالیزم، کاپیتالیزم، پۆپۆلیزم، کۆنسێرڤاتیزم و فاشیزم و شۆفینیزم…ئایدیۆلۆژیایەک لە بری ھۆشیاری نەتەوەییەوە پەیوەستم دەکا بە کۆمەڵێک چیرۆک و بەسەرھاتی مێژوویی و دەسکردو ساختەوە و سەرەنجام لە واقع و ئێستام دامدەبڕێ…دەمباتەوە بۆ رابردوو، رابردوویەک کەم تا زۆر خۆم لە ناویدا ژیاوم و لە زۆر وێستگەیدا ھەستم بەئازارو مەینەتیەکانی نەتەوەم کردووە…بەڵام پێویستم بەوە نیە ئەویتر بۆمی باس بکات، ترش و خوێی پێدابکات و بە وشەو دەستەواژە شۆرشگێڕی و حەماسیەکانی رابردووی پۆست مۆدێرنە و پۆست شۆڕشەوە بۆمی برازێنێتەوە.. بیکات بە بناغەی گوتارە ئایدیۆلۆژی و حزبیەکانیەوە و ھەوڵی لە خشەبردنم بدا.
ماندووم لە ھیچ لە بارادانەبووەکان، لە لەشکەرە بێ ئەستێرەکانی فەزای پیاھەڵدان و مەدح وسەناو پانکەرەوەی بێ مانا…لە سوپەر پاڵەوانەکانی رووبەری فەزای مەجازی و تۆرەکۆمەڵایەتیەکان…لە ھەلپەرەستەکان، مشەخۆرەکان، خۆبەرەوپێشەوەبەران، لە ھاشوھۆشچیەکان، لە بێ ویژدانەکان، بەرژەوەندچیە بێ ئابرووکان، لە مامەحەمەییەکان، لە قەڵەم و پێنوسی فرۆشراو، لە گەندەڵە تێرنەخۆرەکان، لە ناوچەگەرێتی و شارچێتیەکان، لە لوتبەرزو لە خۆباییەکان، لە درۆنووس و درۆزنەکان، لەوانەی لە ژێر سێبەری خەڵکانی گەورەوە، خۆیان مەلاس داوەو فیزبە ژێر دەست و دەوروبەریان دەفرۆشنەوە، لە شانامە نووسەکان، شایەرو چاوەشە دەف بەدەستەکان، لە سۆفیە ریشدارو بێ ریشەکان, لە دەروێشە بێ دەفەکان و چەقو وەشێنەکان، لە کاڵفام و نەفامەکان…
ماندووم لە وشە و نووسین و شانامە و لە ئەدەبی بێ ئەدەبەکان…ماندوو بووم لەوەی کۆنەجاش و کۆنە ھین و کۆنە قین و ئەنفالچیە ناشرینەکان ببن بە گێڕەرەوەی بەسەرھاتی ژیان و مێژووی مەرگەساتم…ببن بە دەمڕاستی گێڕانەوەی رابردووی پڕ لە ھەورازو نشێوم و بیانەوێ لە رێگەی فرۆشتنەوەی گوتارگەلێکی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی و حەماسیەوە سەرقاڵم کەن، فریوم دەن، چەواشەم کەن، بە شتێکەوە خۆم دەمێک ساڵە بەھەست و نەست و جەستەو روح و گیانەوە لەناویدا قاڵ بوومەتەوەو کوڵاوم و نسکۆ و ھەستانەوەکانیم بینیوەو تاڵی و سوێری و نەھامەتیەکانیم ئەزمون کردووە…ماندوو بووم
ماندوو لەو قومارەی بە سەرکەوتن یا بنکەوتن، دواجار هەر دۆڕاوی…کە دۆڕاشی، نەیارانت بە چەکوچی بێرەحمی وردو خاشت دەکەن.