سۆسیۆلۆجیای کوردیی، ئەگەر شتێک هەبێت بەو ناوەوە، دەبێت سۆسیۆلۆجیای «بزووتن و یاخیبوون» بێت. سۆسیۆلۆجیای کۆمەڵە خەڵکێک کە داناسەکنێن و وەک ئەوەی ماخۆلانیان بێت، لە سنووری دڵخوازی خۆیاندا هەمیشە لە سووڕانەوە و خولخواردن و ژێرە و ژوورکردندان. لە سۆمەرەوە هەتا پۆستمۆدێرنیزم، کوردبوون گوزارشت بووە لە کۆمەڵە خەڵکێک کە بەردەوام لە جووڵەدا بوون، وەکو تارمایی دەرکەوتوون و لەپڕیش نەماون.
گەڕانەوە بۆ مێژوو، هەندێک لەم خەسڵەتە بنەڕەتییەی کوردمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. لە هەر دوو بالۆرەی «سەرکەوتنی ئوتوخیگال» و «نارام سین»-دا، باس لە چیانشینەکان دەکرێت -بە پێی خوێندنەوە تازەکان باووباپیرانی ئێمە-، کە وەکو تارمایی دەردەکەون، تاڵانیی دەکەن و هەموو شت لە ناو دەبەن و لە پڕیش دیار نامێنن، تا دەگاتە ئەو ئاستەی ئوتوخیگال-ی سەرکردەی سەربازیی سۆمەریی، گومان بکات ئەوانە مرۆڤی ئاسایی بن، بۆیە داوا لە یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی دەکات یەکێک لەو «ئەژدیهایانەی گۆتیوم» بگرێت بۆ ئەوەی بزانن داخۆ ئەوانە مرۆڤی ئاسایین یان نا –ئەمە ڕەنگە لە پراکتیزەکردنە هەرە سەرەتاییەکانی وەرگرتنی نموونەی توێژینەوەش بێت لە مێژووی هزری زانستییدا-، کاتێک بە نێزە دیلەکە بریندار دەکەن، ئینجا ئەرخایەن دەبن ئەو چیانشینانەش وەکو سۆمەرییەکان مرۆڤن و دەکرێت ببەزێنرێن.
سەردەمانێک دواتر و کاتێک گریکییەکان لە سوپای ئەردەشیرپاشادا بەشدار دەبن بۆ لەناوبردنی کۆرشی برای و پاشەکشە دەکەن، کە بە پاشەکشە؛ یا گەڕانەوە و لە زمانی گریکیشدا بە «ئاناباسیس-Anabasis» بەناوبانگە و ئێکسەنەفۆن «Xenophon» لە کتێبێکدا بەهەمان ناوەوە باسی کردووە، هەندێک لە تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی باووباپیرانمان دەخوێنینەوە کە بە وتەی ئێکسنەفۆن ناویان “کاردۆخییە، نە ژێردەستەی شای ئێران و نە هی ئەرمەنستانن، جارێک شای ئێران سەدهەزار جەنگاوەری کردە سەریان و تاقیان لێ نەگەڕاوەتەوە، گەلێکی شەڕانی و شەڕکەرن”.
کاردۆخییەکان ژەهرێکی وا دەکەن بە قوڕگی یۆنانییەکاندا کە بە هەموو ماوەی مانەوەیان لە وڵاتی پارس نەیانچەشتووە، ماوەی حەوت ڕۆژ هەر دەمە و لە سووچ و قوژبنێکەوە دەردەکەون و گورز دەوەشێنن و دواتر دیار نامێنن، نە زمانی ڕێکەوتن دەزانن نە دانوستان، ئەوەی دەیزانن تەنیا زمانی پێداکێشان و بزربوونە.
لەم دەقەشەوە دیسانەوە تایبەتمەندیی دانەسەکنان و بزێویی و یاخیبوون ئەدگاری سەرەکیی کوردبوونن. نەتەوەیەک کە بە شێوەیەکی لەولەبییانە لە سەر خاکی خۆی بەردەوام لە جووڵەدا بووە، نە خۆی نیشتەجێ دەبێت و نە دەهێڵێت ئەوانی دیکەش نیشتەجێی بکەن و زیاد لەوەش بەردەوام مەترسییەکی گەورە بووە بۆ سەقامگیریی ئەوانی دیکە، کە ئەوەش بە زەقی لە داڕمانی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا بە دەستی لوولووبییەکاندا بەرجەستە دەبێت.
لە سەردەمەکانی داواتردا؛ هەمان تایبەتمەندیی بەدی دەکەین، لە شەڕی چاڵدێڕانەوە «١٥١٤ز» هەتا دەگاتە پەیماننامەی زەهاو «١٧٦٤ز»، یەکێک لە سەرئێشە بەردەوامەکانی ئەو ناوچەیە بریتیی بووە لە جووڵە وبزاوتی خێڵە کوردییەکان. لەگەڵ دەرکەوتنی «زایەربەگ»؛ وەکو باوەگەوەرەی خێڵی جاف لەسەر شانۆی ڕووداوەکان لە دەوروبەری ساڵانی ١٧٥٠ی زایینیی بە دواوە، ئەم نەبزووتن و دانەسەکنانە زۆر بە ڕوونتر لە کەسێتیی ئێمەدا دەردەکەوێت و خۆیا دەبێت.
بە درێژایی نزیکەی ٢٠٠ ساڵ، دوو ئیمپراتۆرییەتی گەورە «عوسمانیی و سەفەوی»؛ بە دەست سەرووژوورکرن و ئەمدیواودیوکردنی خێڵی جاف و خێڵە کوردییەکانی دیکەوە ناڵاندوویانە و بە هیچ جۆرێک نەیانتوانیوە پابەندی نیشتەجێبوون و ژیانی شارستانییان بکەن هەتا پەیماننامەی ئەرزڕوومی یەکەم «١٨٢٣ز» و ئەرزڕوومی دووەم «١٨٤٧ز».
ئێلی جاف؛ کە گەورەترین کۆنفیدراسیۆنی خێڵەکیی کوردان بووە، کۆمەڵی کوردی ئەوسای دابەش کردووە بۆ دوو چین: کورد و گۆران، کورد کە هەموو ئێڵی جاف و هۆز و تیرە سەرەکییەکانی دەگرێتەوە، گۆران؛ کە هەموو جووتیار و گوندنشینەکانی گەرمیان و شارەزوور و مەریوانی گرتۆتەوە. لە دیدی جافدا “خێڵەکێتیی و نیشتەجێبوون (واتە کۆچەرێتیی و ڕەوەندایەتیی)، پێوەری سەرەکیی دابەشکردنی پایەی کۆمەڵایەتیی بوون، پیاوی خێڵەکی جەنگاوەرێکی ئازا و ئازاد بووە و بە پێچەوانەشەوە نیشتەجێ؛ کابرایەکی ترسنۆک و ملکەچ بووە”. جاف هەر کات بە لای گوندنشینە نێشتەجێبووەکاندا ڕۆشتبن وەکو مرۆڤی ترسنۆک و هیچلەبارانەبوو لێیان ڕوانیون، کە توانای ڕیسک و ئاڵنگارییان نییە، ناتوانن ڕاووڕووت و تاڵانیی بکەن، وەکو کۆمەڵێک مرۆڤی دەستەوستانی تەمبەڵ تەماشایان کردوون کە هەموو ئەوەی ئەوان بە ساڵێک بە دەستی دەهێنن، ئەوان لە ڕووتکردنەوەی یەک کارواندا چنگی دەخەن.
(ئەمەی سەرەوە یەکێکە لە بنەما سۆسیۆهسترییەکانی تێگەیشتن لە گەندەڵی دوای ڕاپەڕین، کە من دەمێکە بە نیازم سۆسیۆلۆجییانە لێی بکۆڵمەوە. هەڵپەی دەستکەوتی خێرا؛ ساڵانێکی دوورودرێژ، بنەمای ژیانی ئابووریی ئێمە بووە کە زۆر کات لە ڕاووڕووت و تاڵانییدا بەرجەستە بووە، هەر بۆیە دزینی ئەو هەموو داهاتە، گەندەڵیی پەرەسەندوو وەکو شێرپەنجە، هەروەها سەرمایەگوزاریی قەبە لە کەرتی بیناسازیی و بازرگانیی، کە دوو کەرتن زۆر زوو دەسکەوتی خێرا دەخەنەوە، شاڕەگێکیان لەم مێژووەدایە، لە کاتێکدا پیشەسازیی، کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی تێکنۆلۆجیی، چونکە خوازیاری ئیشی دەست، پلان، کاری تاقەتپڕووکێن و دوورمەودان؛ بە خێرایی کیسەڵ گەشە دەکەن).
ئەگەر لادان نەبێت لە بابەتەکە، ئەوا پێم وایە بەشێک لە ڕەیسیزمی سۆرانیی بەرامبەر هەورامیی هەر لەم دیدە کۆچەرییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەورامیی کە خەریکی وەرزێریی و ئیشی دەست بوون، لە لای خێڵە ڕەوەندەکان هەر زۆر جێی سووکتەماشاکردن و لاقرتێ بوون، بە تایبەتیی ئیشی دەست و هەندێک کاری دیکەی خەڵکانی نیشتەجێ؛ لای ڕەوەندەکان و بە تایبەتیی لای جاف تایبەت بوون بە ژنان و کچان.
هۆکاری ئەم نیشتەجێنەبوونە لای ڕیچ، کاتێک میرانی بابان بۆی ڕوون دەکەنەوە؛ بریتیییە لە هەردوو زلهێزی عوسمانیی و ئێرانیی، کاتێک ڕیچ پرسیار لە میرێکیان دەکات بۆچی کۆشکی نییە، ئەویش لە وەڵامدا باسی ئەوە دەکات کە ئەوان ناتوانن هیچ شتێک بینا بکەن، چونکە زۆری پێ ناچێت عوسمانیی یان ئێرانی دەدەن بەسەریاندا و هەموو شتێک پایەماڵ دەکەن و لە ناوی دەبەن. بە بڕوای من ئەم پاساوهێنانەوە و حەزە شاراوەیە بۆ نیشتەجێبوون و جێگیریی، تەنیا و تەنیا حەزێکی زۆر درەنگوەخت و تێپەڕی بنەماڵەیەکە کە ئەزموونی ژیانی شارستانییان کردووە، جا لە بەغدا یان لە تەبرێز یاخود لە ئیستانبووڵ بووبێت.
لە دیدی مندا فاکتەری یاخییبوون و لارەملیی؛ یەکێکە لە بزوێنەرانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و ڕامیاریی مرۆڤی کورد، دەکرێت وەکو یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکان بۆ داینەمیکییەتی کۆمەڵی کوردەواریی بەکار ببرێت. ئەوەی ناو نراوە بە شۆڕشی ئەیلوول و هەموو ڕووداوەکانی دواتر تا دەگاتە نسکۆی ١٩٧٥، چیین جگە لە مانیفێستبوونێکی زۆر زەقی ئەم یاخیبوون و دژایەتییکردنەی سەقامگیریی؟ بە تایبەتیی ئەگەر ئەوە لەبەر چاو بگرین کە بە دیاریکراوی لەو دەمەدا عەبدولکەریم قاسم، پیاوێکی هەژار و هەژار دۆست بوو، دژەکورد نەبوو و بگرە دۆستی کوردیش بوو، یاساکانی و بەتایبەتیی یاسای چاکسازیی زەویی کشتوکاڵی لە بەرژەوەندیی زۆرینەی کۆمەڵی کوردەوارییدا بوو کە ئەوکات زۆرینەی کشتیار و ئاژەڵدار بوون.
لێرەدا من بە هیچ جۆرێک گومان ناخەمە سەر ڕەوایەتیی داواکارییەکانی کورد، بەڵام ئەوەی لێرەدا کێشەیە ئەوەیە کە بە بڕوای من داواکاریی کورد بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە، داوایەک نییە بۆ جیاکردنەوەی ماڵێک بۆ ئەوەی تێیدا سەقامگیر بێت، بەڵکو داوایەکە بۆ ئەوەی جوگرافیایەک جیا بکاتەوە و وەکو مزراح بە ئازادی تێیدا بسووڕێتەوە، ئەگەر وا نییە، بۆچی لەگەڵ هەموو لاوازبوونێکی حکومەتی مەرکەزیی و مۆنۆپۆڵکردنی ماڵێکی تایبەت بە خۆمان، لە بری ئەوەی سەقامگیر و ئارام بین؛ کەچی یەکسەر دەستمان داوەتە یەکترقڕکردن و شەڕی ناوخۆیی؟! درزتێبوونەکەی پارتی لە شەستەکانەوە، هەتا شەڕی جەلالیی و مەلایی، هەتا دەگاتە شەڕی ناوخۆی دوای ١٩٩١ و دوو ئیدارەیی و هەموو ئەو ناسەقامگیرییەی تا دەگاتە ئێستاش؛ یەک بزوێنەری سەرەکیی هەیە کە ئەویش دانەسەکنان و ئەو بزۆکییە نەبڕاوەیە کە لە هەناوی مرۆڤی کورددا هەزاران ساڵە ئیش دەکات و لە جمیندایە.
زۆرێک لە دیاردە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستامان، پەیوەندییان بەو ڕەگە مێژووییەی بزۆکییەوە هەیە، بزۆکیی تا ئاستی ماخۆلان، ئەمە بە دیوێکیدا پەیوەستە بەو کۆنەستەی کە یۆنگ پێی وایە یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی کەسێتیی مرۆڤ، بە دیوێکی دیکەدا پەیوەستە بەو نەریتەوە کە پرۆفێسەر ڕاڵف ستێفان سۆڵتسکی «Ralph Stefan Solecki»، ١٩١٧-٢٠١٩، ئارکیۆلۆجیستی ئەمریکیی، کە ساڵی ١٩٧١-١٩٧٢ دۆزەرەوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵە لە ئەشکەوتی شانەدەری هەرێمی کوردستان؛ ئاماژەی پێ دەدات.
سۆڵتسکی لەگۆڕی یەکێک لە نیاندەرتاڵەکاندا پاشماوەی گوڵی دۆزییەوە. ئەو بۆی دەرکەوت ٥٦ هەزار ساڵ لەمەوبەر نیاندەرتاڵەکان پێش ئەوەی مردوو بنێژن، گۆڕەکەیان گوڵڕێژ کردووە، هەر لەم کاتەدا کە ئەو سەرقاڵی هەڵکۆڵین بوو، بینی هەموو کرێکارە کوردەکان خۆیان لە ئیش دزیوەتەوە و دیار نەماون، کاتێک کرێکارەکان گەڕاونەتەوە بینیویەتی هەموویان گوڵیان چنیوە و کردوویانە بە بەرپشتێن و کڵاو و خاکەنازەکانیانەوە. لێرەدا بوو سۆڵتسکی وتی: «کۆنەنەریت لەناو ناچێت».
بۆیە هەر دیاردەیەک کە من و تۆ پێمان ناشرینە و دەهرییمان دەکات، مەرج نییە لە حیرس و دەمارگیریی و هۆشیاریی کەسەکەوە بەرجەستە بووبێت، هەندێک دیاردە (بۆ نموونە بێگوێیەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ئێرە، لە نموونەی نوێژەکانی دەرەوەی مزگەوت، کۆبوونەوەکانی دیکە)، ڕەگی قوڵتریان هەیە و دەگەڕێنەوە بۆ مێژوویەکی دوورتر. ئێمە نەتەوەیەک بووین کە هەمیشە هەوڵی ئارامکردنەوە، ملکەچپێکردن، نیشتەجێبوونمان دراوە، ئێمەش میکانیزمی بەرگرییمان بریتیی بووە لە لارەملە و یاخییبوون.
بۆ نموونە پەرچەکرداری ئێمە بۆ (منع التجول)ـی سەردەمی بەعس، هەمیشە بەرگریی و جووڵە و ڕاکردنی بەردەوام بووە، ئەم پەرچەکردارە خۆی لە خۆیدا ئاساییە و درووستە، نەک مرۆڤ بگرە تەنێکی بێگیانیش کاتێک فشاری دەخرێتە سەر، پەرچەکرداری دەبێت، بەڵام ئاسایی و درووستە تا ئەو جێیەی کە وەکو پەرچەکردار دەمێنێتەوە، کێشەی پەرچەکرداری کوردییانەی ئێمە لەوەدایە بۆتە ماکی سەرەکی کەسێتییمان، هەموو ژیان و کار و پرۆژەمان هەر بەو پەرچەکردارە بونیاد دەنێین، یەکێکە لە هۆکارەکانی پەرتیی و یەکنەگرتوویی و شەڕی بەردەواممان هەر ئەو بەردەوامییدانەیە بە پەرچەکردارە مێژووییە ڕەگاژۆکە، تا لەم خەسڵەتەی خۆمان تێنەگەین، پێ ناگەین.
ژێدەرکان:
نەوشیروان مستەفا، بەدەم رێگاوە گوڵچنین (کتێبی یەکەم؛ بەرگی ١ و ٢)
محمد مسعود محمد، گەشتەکەی زینۆفۆن.
کلۆدیۆس جەیمس ڕيچ، گەشتەکەی ڕیچ
پەیجی دیپلۆماتیک مەگەزین