لەبەرئەوەی سۆشیاڵ میدیا لەم سەردەمەدا بۆتە کایەیەکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەمان، ھەم لەبواری شهخصیو کەسێتیەوە، ھەم لەبواری پیشەییەوە، بۆیە دەستبەرداربون لێی مەحاڵە، بەڵام خۆپاراستن لێیو خۆبەدور گرتن لەئاکامە خراپەکانی گرنگە.
سۆشیاڵ میدیا بەھەموو جۆرەکانیەوە وەک فەیسبوک، تویتەر، ئینیستگرام، سناپ چات، یانەی یاریو گەمەکانی وەک پۆپ جیو چەندەھا جۆری تر، کاریگەریەکی گەورەو گرنگیان ھەیە لەسەر بڵاوبونەوەی زانیاری لەسەر خودی خۆمان، چۆنیەتی ژیانمان، حەزو خولیاو ئارەزووەکانمان، لەسەر پیشەکەمانو ھەڵسووکەوتی ڕۆژانەمان.
ھەتا ڕادەیەک ئەم زانیاریانە لەوانەیە ھیچ زیانێکی نەبێت کاتێک کچێکی شۆخ یاخود کوڕێکی گەنج وێنەی خۆی دادەنێت و ژیانی ڕۆژانەی شەیر دەکات لەگەڵ ھاوڕێکانیدا ، یاخود پیشەییەک زانیاری لەسەر کارو چالاکیەکانی بڵاودەکاتەوە ، یاخود ئەدیبێک تێکست و ھۆنراوەو ووتارەکانی دادەنێت ، ئەمانە ھەمووی دەچنە خانەی بڵاوکردنەوەی ئینفۆرمەیشن و زانیاری و ئاڵوگۆڕکردنی .
بەڵام ئێکسپلۆتەیشنی سێکسی یاخود ئیستغلال کردن و گێچەڵی سێکسی کاتێک دەست پێدەکات ، کە تۆ دەبیت بە فۆلۆوەری یەکێک لەو سایتە ڕەشانە یاخود ئەو پەیجە فریودەرانەی کە ئامانجی سەرەکی لێیان بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئینفۆرمەیشن و تێکست و پۆیت و ھۆنراوەو و ھونەر و بزنس نیە .
بەڵکو تەنیا پەردەپۆشیەکە بۆ ئامانجە سەرەکیەکەیان کە ڕاکێشانی ھەرزەکارە و گەنجە وبەڕێژەیەکی زۆریش ئافرەتان و ڕێژەیەکی کەمتر پیاوان ، بۆ سوود بینین لێیان لە ڕووی جەستەیی و تێر کردنی حەزو ئارەزووە سێکسیە نەخۆشەکانی ئەدمین یاخود خاوەنی ئەو سایتە ڕەشانە یاخود پەیجە فریودەرانە ، کە ئەم جۆرە کەسانە بەرەو ڕوو و ڕاستەوخۆ ناتوانن حەزو ئارەزوو ولادانە سێکسیەکانیان دەڕبڕن ، بەڵام لەڕێ ووشەو تێکست و نامەی نەشیاوی سێکسی و وێنەی سێکسی دەریدەبڕن ، لە دوایدا لە ستەیجێکی پێشکەووتوتردا لەوانەیە ببێتە بەرکەوتنی جەستەیی و سێکسی ڕاستەقینە لەگەڵ قوربانییەکانیان .
خاوەنی ئەم جۆرە پەیج وسایتە ڕەشانە بە سێکچواڵ پریدەیتەر یاخود دڕندە سێکسیەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا ناودەبرێن،
سێکچواڵ پریدەیتەرەکان یاخود دڕندە سێکسیە ئۆنلاینەکان کێن ؟
بەو کەسانە دەگوترێت کە سوودی سێکسی و جەستەییان دەست دەکەوێت یان ھەوڵ دەدەن دەستیان کەوێت بەشێوەیەکی مێتافۆرێک یاخوود ئەبیووس و خراپ ، بەھەمان شێوەی کە دڕندەیەک ڕاوی نێچیرەکەی یان قوربانیەکەی دەکات .
پریدەیتەرەکان ئۆبجێکتیفیکەشینی قوربانیەکانیان دەکەن ، واتە ڕووتیان دەکەنەوە لەھەموو بەھا مرۆڤایەتیەکانیان و ھەست ونەستیان ، تەنھا وەکو ئۆبجێکتێک یاخود کاڵایەک بۆ چێژ بینینی جەستەیی و سێکسی بەرجەستەیان دەکەن .
مرۆڤی پریدەیتەر لەوانەیە کەسێکی نەناسراو بێت ، پەیجێک یان وێب سایتێکی وەھمی دروست دەکات و زانیاری بڵاودەکاتەوە بۆ ڕاکێشانی فۆلوەر و ھەوادار تا ئاسانکاری بۆ بکات بۆ دۆزینەوەی قوربانیەکانی، لەوانەشە پریدەیتەر کەسێکی ناسراو بێت وەک سیاسەتمەدارێکی ناسراو ، بیزنسمانێکی دەوڵەمەند ، ئەدیبێکی ھەست ناسک ، پزیشکێکی کارامە ، ئەمانەو ھەزارەھا کەسی تر کەلەپشت پیشەکەیانەوە لادانە دەروونیەکانیان دەشارنەوە ، بەڵام کاتێک قوربانیەکانیان دەدۆزنەوە بەئاسانی ناخیان دەردەبڕن.
یەکەم جار لەوانەیە بە نامەیەک دەست پێبکات کەلە ئەدمینی ئەو جۆرە پەیجانەوە یاخود بڕێکجار خاوەنی ڕاستەقینەی پەیجێکەوە دەست پێدەکات ، کە نامەیەکی دەستخۆشییە بۆ خوێندنەوەی بابەتەکان ، ئەویش دوای ھەڵبژاردنی نێچیرەکەی ، بەو شێوەیەی کەلەگەڵ حەزو ئارەزووەکانی ئەودا دەگونجێت .
لەدوای ئەوەوە پریدەیتەر دەکەوێتە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر نێچیرەکەی و چوونە ناو پرۆفایل و دوور نیە خۆی داوای ھاوڕێیەتی لێبکات ، ئەمانە ھەمووی تەنھا ئامانج لێی کۆکردنەوەی زانیاری زیاترە لەسەر نێچیرەکەی بۆ بەکارھێنانی لە دواییدا وەک کارتێکی فشار بەرامبەر قوربانیەکەی . نامە و مەسج دەست پێدەکات و تا کار دەگاتە ئێکسپلۆتەیشنی سێکسی و گێچەڵی سێکسی و ھەندێکجار سوودبینینی جەستەیی لە بەرامبەر .
ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی جیھانییە ، و ھەموو ووڵاتەکانی تەنیوە بەووڵاتە پێشکەووتووەکانیشەوە بەتایبەتی وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، بەڵام لەم دواییەدا و بەھۆی زیاد بوونی بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیاوە ، بووە بە دیاردەیەکی زەق و ڕوونیش لە کۆمەڵگای ئێمەدا ، کەزۆربەی ئەوانەی لەگەڵیاندا ڕوودەدات یان بەسەریان دێت ئازایەتی درکاندنیان نیە، یاخود تەمەنیان بچووکەو لەترسی دەووروبەر ناوێرن باسی کەن چی ڕوویداوە لەگەڵیان..
کێ قوربانی سێکس پریدەیتەرەکانە یاخود دڕندەکانی ئۆنلاینە؟
بە پێی ستاتیکسێک کە لە وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ئەنجام دراوە ، دەڵێت :
– زۆربەی ئەوانەی قوربانی سێکس پریدەیتەرەکانن لەتەمەنی ھەرزەکارین لەنێوان تەمەنی ( ٨- ١٧ ساڵ) بۆ کچان و (١١-١٧ساڵ ) بۆ کوڕان ، توێژینەوەیەک لە پەیمانگای بروکینجز دەڵێت ٧١٪ ی ئەوانەی تووشی گێچەڵی سێکسی دەبن ئۆنلاین لە خواروو تەمەنی ١٨ ساڵەوەن ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەتەمەنەکانی تر تووشی ئەم جۆرە حاڵەتانە نابن لە ١٤٪ ی حاڵەتەکان لەنێوان تەمەنی گەنجی وپێگەشتوو کامڵ دان ، تەنیا لە ١٢٪ حاڵەتەکان کەسانی پێگەشتوو و کامڵن .
– تەنیا لە ٣٠٪ ی پیاوان لەوانەیە تووشی ئەم جۆرە گێچەڵانە ببن .
– سێکس پریدەیتەرەکان تەمەنیان لەنێوان (١٨-٥٥) ساڵ دایە.
– سێکس پریدەیتەرەکان تەمەنیان لەنێوان (١٨-٥٥) ساڵ دایە ،ھەندێک جار بەتەمەنتر یان گەنجترن .
تەنیا ڕێژەی ٢٥٪ ی قوربانییەکان توانایی باسکردنیان ھەبووە بۆ خێزانەکانیان یاخود کەسە نزیکەکانیان.
– تێبینی کراوە لە ١٠٠٪ ی ئەو ھەرزەکارانەی قوربانی ئەم جۆرە کەسانەن بە وویستی خۆیان چوون بۆ بینینی پریدەکتەرەکانیان دوای ئەوەی بە چەندەھا ڕێگا قایلیان کردوون.
– ڕێژەی ٧٥٪ گەنج حەز بە دانانی وێنەی خۆیان و خێزانەکانیان دەکەن ، ھەروەھا شەیرکردنی ھەڵسووکەووتی ڕۆژانەی خۆیان ، کەئەمیش ئاسانکاری دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و لەدوایدا بەکارھێنانی وەک کارتی فشار.
– لە ٣٣٪ ی ھەرزەکاران ھاوڕێی کەسانی نەناسراون لە سۆشیاڵ میدیا و ھەرگیز نەیانبینیون.
-لە ١٦٪ ی ھەرزەکار حەز بە دیداری ئەو کەسانە دەکەن کە تەنیا لەسۆشیاڵ میدیا ھاوڕێیانن و سەرسامن پێیان ، لە ٨٪ یشیان ھەر بە ڕاستی دەچن بۆ دیداریان.
دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم دیاردەیە چییە ؟
لە سێپتەمبەری ٢٠١٢ دا قوتابیەکی ھەرزەکاری کەنەدی بەناوی (ئاماندا مێشیل توود ) کەتەمەنی تەنیا ١٥ ساڵ بوو کۆتایی بەژیانی خۆیھێنا ئەویش بەھەڵواسینی خۆی بە سەقفی ژوورەکەیەوە ، پێش خۆکوشتنی ڤیدیۆیەکی ٩ خولەکی بڵاوکردەوە لە یوتویوب کە تیایدا بەشێوەی دەرخستنی فلاش کارد باسی لەوە کرد کەچۆن تووشی بێزارکردن و گێچەڵی سێکسی بووەو ئەمەش فشاری دەروونی لەسەر دروست کردووە تاڕادەی خۆکوشتن ، ئەم ڤیدیۆیە ١٢ ملێۆن کەس بینەری بوون و بەخێراییەکی زۆر بڵاوبووەوەو کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی و ڕاگەیاندن و میدیایی جیھانی ھەژان ، چەندەھا ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و مافی منداڵ ھاتنە دەنگ بۆ بەسیستمکردن و یاسا دانان لە دژی ئەوانەی سۆشیاڵ میدیا بەکاردێنین بۆ گێچەڵی سێکسی بەرامبەر ھەرزەکاران .دایکی ئەماندا ڕێکخراوێکی خۆبەخشی دامەزراند بۆ یارمەتیدان و ھۆشیارکردنەوەی ئەوانەی دووچاری سێکس ئێکسپلوتەیشن دەبن .
بۆیە ئەم دیاردەیە کاریگەرییەکی زۆر خراپی ھەیە لەسەر باری دەروونی تاک ئایە ھەرزەکار بێت یاخود پێگەشتوو ، چەندەھا فشاری دەروونی بۆ دروست دەکات . زۆربەی جار قوربانییەکان ئازایەتی درکاندنیان نیە ، بۆیە ھەموو فشارەکان کۆدەبێتەوەو لەوانەیە تووشی جۆرەھا کێشەی کۆمەڵایەتی و نەخۆشی دەروونی بکات تا ڕادەی ھەوڵی خۆکوشتن یان خۆکوشتنی فعلی.
چۆن سێکس پریدەیتەرەکان کاریگەریت لەسەر دەکەن و فریووت دەدەن ؟
– ھەمیشە ئەم کەسانە بەشێوەیەکی نەرم دێنە پێشەوە و بە ووتەی شیرین و وەسفی جوان دەست پێدەکەن ، کە سێلف ستیم و متمانەی قوربانیەکە بەخۆی زیاد دەکات و وای لێدەکات وابزانێت تەنیا ئەوە دەتوانێت ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەم ببینێت .
– واپیشاندانی دەدات کە ھەمان خولیا و ئارەزووی ھەیە لەگەڵ قوربانیەکەیدا .
– گوزەر دەکات بەناو ناخی قوربانیەکەیدا ، وئەو شتەی پێشکەش دەکات کەپێویستی پێەتی ئایە ئەو شتە ھەست ونەست بێت ، وەسفکردن و پیاھەڵدان بێت ، ھەندێ جار دەگاتە ئۆفەری پارە و شتی ماددی .
– ھەوڵ دەدات باوەڕ و سیقەی قوربانیەکەی بەدەست بێنێت ، تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی بە سێکسیکردنی پەیوەندیەکە و مانیپولەیشنی قوربانییەکە تا ڕادەیی سوود بینینی جەستەیی .
چۆن خۆمان دەپارێزین لە سێکس پریدەیتەرەکان ؟
– تکایە بە گومان بە :
بە گومان و دوودڵ و ھۆشیار بە بەرامبەر ھەر نامەیەک لە پەیجێکی واوە یاخود کەسێکی واوە بۆت دێت ، لەبیرت بێت ئامانج لە سۆشیاڵ میدیا دۆزینەوەی ئەو کەسانەیە کە ھەمان فکر و ئارەزوو و خۆلیا کۆتان دەکاتەوە ، بەڵام مەرج نیە ئەو کەسەی دەڵێت منیش ھەمان ئارەزووم ھەیە وەک تۆ بێت .
– بە ئاگا بە :
بە ئاگا بە بەرامبەر ئەو کەسانەی دەتوانن پرۆفایلەکەت ببینین و دڵنیا بەرەوە لەوەی کەسی وەھمی نین.
– ڕیپۆرت بکە :
ھەر کردەوەیەکت بینی ، یاخود نامەیەک یاخود وێنەیەک کە گومانی لا دروست کردیت ڕیپۆرتی کە و بێدەنگ مەبە لێی .
– ئاگات لە منداڵەکانت و دەووروبەرت بێت :
ئەو خێزانانەی کە منداڵی ھەرزەکار و تازە پێگەشتوویان ھەیە دەبێت زیاتر ووریای منداڵەکانیان بن لەسەر سۆشیاڵ میدیا و گفتووگۆیان لەگەڵ بکەن لە بارەیەوە و کاتی بۆ دیاری بکەن .
– بێدەنگ مەبە :
ھەرگیز بێدەنگی ھەڵمەبژێرەو فشاری دەروونی سەر خۆت زیاد مەکە ، لەوانەیە لەتەمەنی تازە پێگەشتن دا قورس بێت لەبەر ئەوەی ئەزموونت کەمەو شەرمت زۆرە ، بەڵام دەتوانیت بۆ خێزانەکەتی باس کەیت ، یان بۆ ھاوڕێیەکی باوەڕپێکراوت ، یاخود بۆ مامۆستا نزیکەکەت ، یان بۆ پزیشکە تایبەتەکەت کە متمانەت پێیەتی ئەمانە ھەمووی دەتوانن یارمەتیت بەن و ڕێگا چارەت نیشان دەن ، ئەگەر ھەر کەسێکی وانەبوو دەتوانیت پەیوەندی بکەیت بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیھانی یاخود مافی منداڵ و ھەرزەکار .
دیاردەی سێکس ئێکسپلۆتەیشن و گێچەڵی سێکسی بەھۆی سۆشیاڵ میدیاوە دیاردەیەکی جیھانییە و دیاردەیەکی زۆر بەربڵاوە ، بە داخەوە کۆمەڵگای ئێمەشی بە ڕێژەیەکی زۆر گرتۆتەوە ، من وەک پزیشکێک کە خۆشبەختانە نەخۆشەکانم متمانەیان زۆرە پێم ، بە دۆکیومێنتەوە لە لایەن چەندەھا پەیجی بەەناوبانگ و کەسایەتی ناسراوەوە ئەم جۆرە گێچەڵانەیان پێکراوە .
بۆیە ھیوادارم ئەم بابەتە بوروژێنرێت بۆ بەرچاو ڕوونکردنەوەی زۆرترین ژمارە لە تاکەکانمان ، دڵنیاش بە مەرج نیە گێچەڵی سێکسی و ئێکسپلۆتەیشنی سێکسی بەس ھەرزەکار و ئافرەت بگرێتەوە ، نەخێر ھەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە لەوانەیە دووچاری بێتەوە .
پەراوێزو وسەرچاوەکان :
__who are predator on your social network.?
life wire _ by Tony Bradley, CISSP-ISSAP
__for every child | digital safety.unicef. org
__The Thinking Processes of Sexual Predators
By . Stanton Samenow, Ph.D.in psychology
__7 Signs of Grooming by a Sexual Predator
By . Kati Morton
__Sexual Exploitation in the media. UNICEF.org
__Social Media Platforms Bring the Dark Web Closer Than You Think . By .dr Michael McGuire
bromium . Com
__Online Predators – Statistics , pure sight , online child safety.
__الابتزاز الجنسی: أحدث أشكال الاستغلال عبر الإنترنت
Online Sense .org .
__الإنترنت یمكن أن یكون “ملعبا للاستغلال الجنسی للاطفال
BBC _ NEWS عربی