لەکاتێکدا 258 موستەشاری سەردەمی بەعس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پرۆسەی ئەنفالی ساڵی 1988 لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە داواکراون، هیچکام لەو موستەشارانە خۆیان ڕادەستی دادگا نەکردوە، ئەم بابەتە هێشتا جێی نیگەرانی کەسوکاری ئەنفالکاوەکانە و کەس و کاری ئەنفالکراوەکانیش دەڵێن، “تا مستەشارەکان دەستگیرنەکرێن کۆڵ نادەین”.
ئەنوەر حەمەلاو کە تەواوی خێزانەکەی و کەسە نزیکەکانی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتون و ئەندامی لیژنەی داکۆکیکردنە لە کەس و کاری ئەنفالکراوەکان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “ئێمە کۆڵ نادەین، تا ئەو ڕۆژەی دەمانخەنە ژێر گڵ فشار بۆدەستگیرکردنی مستەشارەکان دروست دەکەین”.
هەندێک لەو موستەشارانە کە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە پرۆسەی ئەنفال و بڕیاری گرتنیان هەیە کۆچی دواییان کردوە، بەڵام هەندێکی تریان نیشتەجێی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانن و تا ئێستا دەستگیرنەکراون و هەشیانە لە ناو حزبەکاندا بەرپرسیارێتی هەیە.
سەرەکیترین داواکاری کەس و کاری ئەنفالکراوەکان کە هەمو ساڵێک لە ڕۆژی 14/4 ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا دەیخەنەڕو، دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو موستەشارانەیە کە تۆمەتبارن لە تاوانی ئەنفالدا.
لەو 258 موستەشارەی لەلایەن دادگای تاوانەکانی عێراقەوە داواکراون، تەنها سێ کەسیان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ئەنفال دەستگیرکراون، کە بریتین لە تاهر عوسمان، عومەر محەمەد، سەید مەجنون، ئەوانیش دوای سێ ساڵ ئازادکران، بێ ئەوەی ڕادەستی دادگای باڵای عێراق بکرێن.
دادوەر هاوژین حامد، دادوەری دادگای کفری کە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی جێبەجێکرد و ئەو سێ موستەشارەی دەستگیرکرد، دواتر هەرێمی کوردستانی بەرەو ئەوروپا بەجێهێشت و نەگەڕایەوە، و پاش ئەوەی گەیشتە ئەوروپا باسی لەوە کردبو هەڕەشەی لێکراوە و ژیانی لە مەترسیدابوە بۆیە کوردستانی جێهێشتووە.
ئەنوەر حەمەلاو ئەندامی لیژنەی داکۆکیکردن لە کەس و کاری ئەنفالکراوەکانیش پشتڕاستکردەوە و وتی، “دادوەر هاوژین ئەو سێ تۆمەتبارەی گرت، دواتر هەڕەشەی لێکرا، بۆیە کوردستانی بەجێهێشت”.
تائێستا کەس و کاری ئەنفالکراوەکان چەندین خۆپیشاندانیان بۆ دەستگیرکردنی مستەشارەکان ئەنجامداوە، جێبەجێنەکردنی ئەم داواکارییەش وایکردوە ڕێگری بکرێت لە ڕۆیشتنی بەرپرسان بۆ سەر مەزاری ئەنفالکراوەکان لە ساڵیادی ئەنفال لە ڕۆژی 14/4دا.
ئەحمەد مەجید سەرۆکی رێکخراوی چاودێری کوردۆساید، کە رێکخراوەکەی تایبەتە بە داکۆکیکردن لە دۆسیەی ئەنفال و جینۆساید، رایگەیاند، “خۆم لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بۆ گرتنی مستەشارەکان دانیشتم، پێی وتم بڕیاری دەستگیرکردنەکانیان ڕەوانەی دادگا دەکات، کەچی لە پشتەوە حزب دەستوەردان دەکات و ناهێڵێت بگیرێن”.
دەستگیرنەکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال خەریکە دوای 35 ساڵ کێشەی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەت لە 20ی مانگی چوار کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی شاری سلێمانی بەناوی کاوە بازیانی لەلایەن کوڕە شەهیدێکی یەکێتییەوە کوژرا و هۆکارەکەشی بۆ “تۆڵەکردنەوەی کوشتنی”باوکی لەسەردەمی بەعسدا گێڕایەوە.
ئەحمەد مەجید ئەم کێشانە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دادگا ڕۆڵی نییە لە یەکلاکردنەوەی کێشەکاندا بۆیە خەڵکی پەنا دەبەنە کارە نایاسییەکان بۆ یەکلاکردنەویە کێشەکان .