رووداوەکانی ئەمڕۆکەی عێراق سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم پارچە جوگرافیایە ڕێگا لەپێش دۆخێکی نەرێنی دەکاتەوە کە خزمەت بەگەورەبوونی گێژاوێک دەکات کە دواجار نەتوانن خۆیان لەھەڵە گەورەکان ڕزگار بکەن و رەوشی ئەو گێژاوەش ڕۆشن نەکەنەوە و تێینەگەن کە لەم ساڵەدا لە چاوەروانیدایە، بۆیە دورنییە ھاوشێوەی گۆڕانکارییەکانی مێژووی سەرمایەداری بکەوێتە نێو قەیرانێکەوە کەبەئاسانی و سەلامەتی لێی دەرنەچێت کاتێک لێکدانەوەی چەمکی کۆن کە دەڵێت، سیستەم وشکەی بۆ بکرێت!.
عێراق لەبەردەم مەترسی و پێشبینیکردنی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی سیستەمی دووبارە داڕشتنەوەی زلھێزەکانە بێگومان زۆربەی نیشانەکانی ئەمڕۆکەی عێراق نەیتوانیوە ڕۆڵێکی گرنگ و بەپرەنسیبی لەبەرژەوەندی گەل لێ چاوەروان بکرێت، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر لە واتایەکدا مێژوو وانەگرتن بێت لە رووداوەکانی رابردوو ئەوا پێویست بوو ئەم رەوشی قەیران و گێژاوەی لە ئارادایە چارەسەرییەکی ریشەیی بەدوادا ھاتبایە تا جوگرافیای عێراق بەدور بێت لەدووبارە کەوتنە نێو قوفڵی داستانە تراژیدییەکانی مێژوویی ئەم وڵاتەوە .
ململانێیەکانی ئەمریکا و ئێران لەم ساتەی ئێستادا نیشانەی ئەوەیە کەھەریەک لەم دو وڵاتە بەدوای کارابوون و ھەژمونی زیاتری دەسەڵاتیان دەگەرێن لە عێراق و ناوچەکەدا و جوگرافیای وڵاتیان لەچاوەروانی پێڕەوی شیکردنەوەی شێواندنە گەورەکانی ھێشتووەتەوە، بۆیە لەئەنجامدا ئەوەی لەسەر پێیان دەگرێ ئامرازەکانی ھەمو جۆرە شەڕێکە چ سەربازی بێت یاخود ئابوری.
ئەوەی لەئەمڕۆکەی عێراقدا دەگوزەرێ دوای نزیکەی سێ مانگ لەخۆپیشاندانە کۆمەڵایەتییەکانی گەلانی عێراق رەوشی ئەم وڵاتە ھەنگاو بۆ ئەوە دەھاوێژێ کە ئازادی و بەدەستھێنانی مافەکانی گەل وەکو فۆرمی پێشکەوتن و داخوازییە رەواکانیانەوە چیدیکە داکۆکی لەسەر نەکرێ، ھەرچی لایەنی خراپی ئەم بەلارێدانەیە ئەوەیە کە دەرفەتی گۆڕان بۆ کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووتر و رەتکردنەوەی ئەو ھێزانەی ھۆکاری قەیرانەکان بوون سنوردار بکات .
سەرەڕای گێژاو و تەنگەژەی سیاسی و ئابوری و ئیداری پێکەوە ژیانی ئاشتەوایی نێوان تایەفە و ئایین و ئەتنیکییەکان نەبووەتە ھۆی بەدەستھێنانی ئازادی و سەرەوەری ودەسەڵاتێکی رەھا لەعێراقدا، لە لایەکی دیکەشەوە دەستێوەردانەکانی ئێران و ئەمریکا لەم وڵاتە لە پێناو پاوانخوازی خۆیان دور نییە گڕ لە خاکەکەی بەرنەدات .
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە تا ئێستا سەرکردە و کاربەدەستانی سیاسەتی سەرمایەدارییان بەگوێرەی قۆرخکاری و بەتاڵانبردن بەکارھێناوە کە ئەمەش یەکسانە لەگەڵ ئەو بۆچوونەی “براودەل”، ھەڵوەشانەوەی بواری ئابوری ھەر کۆمەڵگایەکش بەواتای ھەڵوەشانەوە و لەدەستدانی بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی دێت، بەڵام ئەوەی زیاتر مەترسییە و دەرھاویشتەی مەترسیداری لێ ئەکەوێتەوە ھەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی و کردنی عێراقە بەناوچەیەکی تامپۆنی لەنێوان ئەمریکا وئێراندا، ئەوەی ئەو بۆشاییە ھێزەی دروستکردووە، جێبەجێ نەکردنی مادە دەستورییەکانە کە نەیتوانیوە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان پێکھاتەکانی بکاتە بنەما بەئامانجی یەکێتی نیشتمانی .
لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ئەوەی ڕویدا بەرفراوانترین رەخنە و خۆپیشاندانی گەلانی عێراق بووە بەرامبەر بەو ھێزانەی کە بەشێوەیەکی دۆگماییان جوگرافیای عێراقیان لەچوارچێوەی تەسلیمبوونی ئەجێندای دەرەکی بە بناغەگرتووە، بۆیە بەکارھێنانی قۆناغی ئەم ھێزانە لەلایەن ئەمریکا و ئێرانەوە دورنییە بەردەوامی بە نەخۆشی دۆگماتیزمییان بدات و شەڕکردنیان لەپێناوئەو دوو وڵاتەیان ببێتە جێگرەوەی تەواوی ئەو ئومێدانەی کە دەکرا شەڕی رزگاری نیشتمانییان پێ کردبا .
کارو چالاکی ھێزەکانی سەربە ئێران لە عێراقدا وایکردووە دەرفەتی ئەمریکییەکان لەو وڵاتە لاواز بکرێت رەنگە ئەمەش لەلایەن ئەمریکاوە مایەی قبوڵ نەبێت و پێکدادانی ھێزەکانیان لەعێراق لەگەڵ ئەو لایەنانە ببێتە ھۆی تێکدانی سەقامگیری خاکی عێراق و دواجار دۆخێکی ئێجگار تراژیدی کۆتایی بە پێکەوەژیان بێنێت لەخاکەکەیدا بۆ کاتێکی درێژ، بۆیە بەڵگە نەویستە ئەمریکا و ئێران بەئاسانی دەستبەرداری خاکی عێراق ببن و پێگەکەی بۆھەردوولایان ئەوەی نیشانداوە کە گرێدانێکی باشتر لەخاکەکەیدا بەدەست بھێن، بۆیە ئەگەرچی عێراق لەقەیرانەکانیدا دوور نییە کۆتایی بە نامۆبوونی جەنگی نێوخۆیی ئەو ھێزانە بێنێت کەدابەشبوون بە سەرھەردوولادا .
کەمال محەمەد: