١٤\٤ رۆژێک بۆ ئەنفال، زوو هەوڵی بۆدرا، بەڵام درەنگ بە فەرمی ناسێنرا.
عەلی مەحموود محەمەد :
ئەنفال مەرگی لەسەرخۆی گەلێک بوو جار جارە لەسەر خۆو جاری دیش شێتانە ، ئەو مەرگە زیاتر لە 200 ڕۆژی خایاند و درێژ بوەوە بۆ ناو هەموو لایەنەکانی ژیان ، ئەوەشی بە ڕێکەوت ڕزگاری بوو لێی ، دەردو مەینەتەکانی بەشێوەو شێوازی دی ئەنفالی کرد ، ئەنفال ئەو تاوانە گەورەیەیە شوێنەواری لەسەر سەرتاپای ژیانی ئەو گەلە لە دوای خۆی دانا ، ڕژێم شەوی دەدایە دەم ڕۆژەوە بۆ قەسابیکردنی لادێنشیینەکان کوردستان و سوتاندنی خاک و وێرانکردنی ئاوەدانی و وشککردنی سەوزایی و کانییەکەی و نەهێشتنی مرۆڤێک بە ناوی کوردەوە ، سوپای عێراق لە سەرباز و جاش بە خەفیفەو مەفرەزە تایبەتییەکانەوە وەک حەزییایەک لە هەرچوار لاوە پەلاماری تەواوی لادێکانی کوردستانییان دا ،ئەوەی ڕزگاری نەبوو لەو ڕۆژەوە قوتیان داو ببڕیای ببڕای نەیانمان بینییەوە . هەموو چرکە و لەحزەو سات و ڕۆژەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە شومە ، مەرگەساتێک بوو بۆ خۆی ، ڕۆژگارەکانی دواشی ژیانی ناو مەرگەساتەکانی تۆپزاو و نگرەسەلمان ، چاڵ و پەناگای گولەبارانکردنی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان هەموو مێژوییەکی دانەبڕاون لە یەکتر ، مێژووییەک بوو پڕ لە یاداوەری مەرگ و تاوان، جێی خۆیەتی یادی هەموو ئەو تاوان و کارەسات و قوربانیانە بکرێتەوە کە لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا ئەنجام درا . ئەوەی لە ناوییا نەژییا بێت ، ئەوەی بە چاوی خۆی وێنە ترسناکەکانی نەبینیبێت ، ئەوەی ئێش و ئازارەکانی نەچەشتبێت ، ئەوەی ڕۆژی نەدابێتە دەم شەوەوە بۆ بینینەوەی خۆشەویستەکانی ، ئەوەی بە پێی خۆی ڕزگار نەبووبێت ، ناتوانێت وینەی چیرۆکەکانی ئەو مەرگە ساتە بکێشێت ، ئەمە لە خەونی شاعیرانە زۆر ئەولاتر و دوورترە .
هاوکات ناشتوانرێت هەموو ڕۆژەکانی ئەنفال، بکرێت بە شین و شەیپوری یاداوەرییەکانی ، چونکە فەزایەک بۆ ژیان ، کاتێک بۆ بیرکردنەوە و هەنگاو نان بۆ ئایندە و دواڕوژ ، زەمەنێک بۆ ساڕێژکردنەوەی زامەکان و هەڵسانەوە ، چرکە ساتێک بۆ بۆ ژیانی دوا ڕۆژ نامێنێتەوە ، لە بیرکردنەوەی یاداوەرییەکانیش مانای لە بیرکردنی تاوان ، لە یاد کردنی خیانەت ، لە بیر کردنی مێژووی تاڵ و شکستەکانی ڕابردوو دێت ، گەلێکیش ڕابردووی کارەساتەکانی لە بیر بکات ، مانای ڕازییە بە کوشت و بڕەکانی داهاتووش ، مانای ملکەچ دەکات بۆ زەلالەت و قەسابییەکان ، لەبیرکردنی یاداوەرییەکان یانی دەست ئاواڵە کردنی داهاتووە بۆ دوبارە بوونەوەی کارەساتە ترسناکەکان . بۆ ئەوەی داهاتوو ، مەرگە سات و قەسابی کردنەکانی خۆمان لە یاد نەچێت ،بۆ ئەوەی ئێسکەکانمان لە بیابان و ناو حەوزی تێزابەکان دەرکەینەوەو تف لە حەجاج و حەجاجییەکان بکەین ، پێویستمان بەوە هەیە لە ڕێگەی یاد کردنەوەی ئەنفالەوە خۆمان وەک گەلێکی بەردەوام لە پرسە و خەبات کەر بۆ دواڕۆژێکی ڕۆشن دانێین ، گەلێک ئامادەیی ئەوەی هەیە ڕابردووەکان خۆی بخوێنێتەوە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو ، ئێمە چاومان لە داهاتووە ، بۆیە ڕابردوو دەخوێنیینەوە بۆ ئەوەی داهاتوییەکی ڕون و گەش دابینبکەین بۆ نەوەکانی داهاتوو ، دەبێت نیشتمان لەسەر شوێنەواری گۆرستانەکانی ئەنفال بنیات بنێینەوە ، هەرچەندە بوونی تاوانبارانی کورد لە ناومان بەردەوام ئازاری دەروونیمان زیاد دەکات و یادکردنەوەکانمان کاڵە کەنەوە ، بەردەوام ئازارمان دەدەن .
بۆ ١٤\٤
شێخ وەسانان و بادینان و سەردەشت یەکەم شارو ناوچە بوون، بەر لێدانی چەکی کیمییاوی کەوتن لە کوردستان ، بەڵام هەڵەبجە کرا بە ڕۆژی شەرمەزارکردنی چەکی کیمیاوی لە کوردستان ، دەشمانەوێت بیکەین بە ڕۆژی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی لە هەموو جیهان ، چونکە قەبارەی زیانەکانی گەورەتر بوو لە هەمووان و تاوانەکانی تر و ناسراوتر تربوو لەوانی پێشوتر و دواتر . هەموو تاوانێکی مەزن لە سەر ئاستی نەتەوە ، پێویستە ڕۆژێک هەبێت بۆ یادکردنەوەی ، بوونی ڕۆژێکی وا گرنگە بۆ ناوەندیدان بە یادەکە لە لایەن نەتەوەوەپێویستە ، هەروەها گرنگیشە بۆ بەردەوام هێشتنەوەی لە زەینی نەوەکانی داهاتوو و باشتر کردنی باری ژیانی ئەوانەی پەیوەستن بەو تاوانەوە و قوربانین . ئەنفالیش بەهەمان شێوە دەبێت ڕۆژێک تیایدا دیاری بکرێت بۆ یادکردنەوەی ئەو کارەساتە کە 10% گەلەکەمانی تێدا کوشت و بڕکرا ، نە یەکەم ڕۆژی و نە دوا ڕۆژی ئەو تاوانە ، تیایدا ئەو زیانە گەورەیەی نەبووە تا دیاری بکرێن بەو ڕۆژە ، گەورەترین قەبارەی کارەساتەکە لە پرۆسەی ئەنفالی گەرمیان ئەنجامدرا ( دیاری کردنی ئەو ژمارانەی ڕژێم بۆ ئەنفالەکانی دیاریکردووە بە کارێکی باش نازانم ، بەڵکە ئەنفالەکان پێویستە بە ناوی ناوچەکانیانەوە ناو زەد بکرێن).
ئەنفالی گەرمیان کە لە ڕۆژی ڕەشی 7 نیسان یادی دامەزراندنی پارتی بەعس دەستی پێکرد و لە 20-4 کۆتایی پێهات ، وەک بەعس ئاسا دڕندانەترین قۆناغی ئەنفالەکان بوو ، هەرچەندە لەم شاڵاوەیان چەکی کیمیاوی بەکار نەهات ” لە تازەشار بەکار هات ” ، بە پێچەوانەی ئەنفالەکانی دیکە ، کە سەرجەمیان بە لێدانی چەکی کیمیاوی دەستیان پێکرد ، وەلێ پێدەشتەکانی گەرمیان ئەو جوگرافیایە نەبوو بۆ بەرەو ڕوبونەوەی سوپای بەعس بۆیە زیانەکان گەورە بوون ، لەگوندی تازە شار پێشمەرگەکانی ینک و حشع قوربانی گەورەیان دا ، بەڵام نەتوانرا پێش بە هێرشەکان بگرترێت ، قەبارەی سوپای هێرش بەر گەورەتر بوو لە توانای بەرەنگاربوونەوە ، کە پێشر لە دوو پرۆسەی ئەنفالدا تێسرەواندنی کاریگەریان بەر کەوت، زیانی گەورەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال لەپرۆسەی ئەنفالی گەرمیان و لە ڕۆژەکانی 13-14-15 – 4-1988دا بوو ، بە تایبەتیش ڕۆژی 14-4 ، زیانەکانی ئەو ڕۆژانەی کارەساتەکە گەورەترین و زۆرترین زیان بوون کە بە سێیەک بۆ نیوەی کۆی قوربانیەکانی هەموو تاوانی ئەنفال مەزەندە دەکرێت ، شەوی 13لەسەر 14 ی 4 بازنەی ئابلوقەدانی خەڵک تەسککرایەوە ، لە ملەسوورە زۆربەی خەڵکەکە تەسلیمکرانەوە ، لە ڕۆژی 14 نیساندا لەهەردوو گوندی ملەسورەو کوڵە جۆی حاجی حەمەجان زۆربەی خەڵکی ناوچەکە پاش تەنگکردنەوەی بازنەی ئابلوقە لەسەریان هەموویانیان کۆکردەوە و ئەنفالیانیان کرد ، جاشەکان ڕۆڵی کارایان هەبوو لە ئەنفالکردنی ئەو خەڵکە .لەو ڕۆژەدا نزیک بە 20000 خەڵکی ناوچەکە کە بەشی زۆرییان ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە بوون کۆکرانەوە و بە ئیڤای سەربازی و تراکتۆرو ئۆتۆمۆبێلی هاووڵاتییانی ئەنفالکراو گواسترانەوە بۆ قۆڕەتوو (قۆڕەتوو دەکەوێتە سنوری ناحیەی مەیدانی شاری خانەقینەوە،ئەم ناوچەیە لە دوای 1974 ەوە تەعریب کراوە) . پاشماوەی جل وبەرگەکانییان تا ناوەڕاستی نەوەدەکانیش مابوون . بەم هۆیەوە 14-4 وەک ڕۆژێک تیایدا دڕندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال گەیشتە ترۆپکی تاوان هەڵبژێردرا بە ڕۆژی ڕەشی ئەنفال ، ڕۆژێک دەیان هەزار هاووڵاتی پاش ئابلوقە دان و قەتیسکردنەوەیان لە ناو بانەیەکی تەسک لە لایەن جاشەکانەوە لە پێشیانەوە فەتاح بەگی جاف تەسلیم بە بەعسکرانەوە ، بۆیە کاتێک 14-4 دێتە پێشەوە دەبێت ناوی ئەو جاشانە لە پێشی پێشەوە بن بۆ دادگاییکردن ، وە ملە سوورەش ئەو جێگەیە بێت تاوانبارانی جاشی لێ ڕەجم بکرێت .
بڕیاری حکوومەت بۆ بە فەرمی ناسینی ١٤\٤ بە رۆژی ئەنفال.
دیاریکردنی ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال هەنگاوێکی گرنگ بوو لەسەر دیاریکردنی ڕاستە ڕێگایەکی درووست بۆ بە جینۆسایدناسینی ئەنفال و بە مێژووکردنی و باشتر کردنی باری ژیای بەجێماوەکانی قوربانییەکانی .
هەموو کات زیان هەتیوەو قازانج باوکی زۆرە ، کە بۆیەکمجار داواکرا 14-4 بکرێت بە ڕۆژی ئەنفال ، تەلەفزیۆنی ماڵانی بۆ فرۆشرا ، ڤیستیڤاڵەکانی تێکدرا ، لافیتەی پێپێچرایەوە ،کەسێک خۆی ناکرد بە خاوەندی ، وەلێ کە هەوڵی بێپسانەوە دەگات بە ئەنجام ، لە هەموو لایەکەوە یەکێک دەڵێت منم ، هەموو کات خەڵکانی بەرژەوەندخواست و هەلپەرست لە دوای هەوڵەکان ئامادەن ، بە قازانجی خۆیان دەسکەوتەکان بدوورنەوە ، بە تایبەت لە ئاوهەوایەکی وەک ئەمڕۆ کەیسی ئەنفال باشترین ڕێگایە بۆ بازرگانی پێوەکردن .
دوای 19 ساڵ لە تاوانی ئەنفال ، دوای 16 ساڵ لە ئازادبوونی کوردستان ، دوای 12 ساڵ لە نووسینەوەی یەکەم بەیانی فەرمی کە تیایدا داواکراوە 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال بناسرێت ، هەمان بەیان لە ڕۆژی خۆیدا لە ڕۆژنامەو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بەربڵاوی بڵاوکراوەتەوە ، دوای ئەوەی ترسی هەڕەشەی کەس و کاری ئەنفالکراوەکان و شەرمەزاری بەرپرسان لە نەهێنانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی کەس و کارەکانمان تۆقاندیانی ، لە بەرواری 4-4 -2007بڕیار لەسەر ئەوە درا 14-4 بەڕۆژی ئەنفال بناسرێت ، با پێکەوە سەیری ئەم هەواڵە بکەین :
” پیشنیوهرۆی دوینی 4/4/2007، ئهنجومهنی وهزیرانی کوردستان بهسهرۆکایهتیی نیچیرڤان بارزانی سهرۆکی ئهنجومهنی وهزیران و عومهر فهتاح جیگری سهرۆکی ئهنجومهن، لهتهلاری ئهنجومهنی وهزیراندا کۆبوونهوهی ئاسایی خۆی کرد.لهکۆبوونهوهکهدا رهزامهندیی لهسهر پرۆژهی بریاری دانانی رۆژی 14/4ی ههموو ساڵیک بهرۆژی ئهنفالکراوهکان وهرگیرا “.
چۆن ١٤\٤ بوو بە ڕۆژی ئەنفال.
ئەو ڕۆژانەی ئەنفال جێی گرنگی پێدانی کەسو لایەنەکان نەبوو ، شەڕ لەسەر کۆنفرانس و کۆنگرە و دەعوەتنامەکان و دەرچوون لە ڕاگەیاندنەکان لە ئارادا نەبوو !!! ، کێشەیەکی بێ خاوەند و تا بڵێی بێکەس بوو ، ئەوەشی کاری لەسەر دەکرد بە ئێسک پەرست ناودەبراو گاڵتەی پێدەکرا ، ئەو باسکردن و کارکردنانەی هەبوو پەرتوبڵاو بوو . لەو ڕۆژانەدا کۆمەلێک ڕۆشنبیر و هونەرموند و دلسۆزی ئەم گەلە ، بە سکی برسی و ماندوەیەتی سەختی ژیانەوە ، لە پاڵ نەبوونی و هەژاری خەمی ئەنفالەکانیان لە کۆل نا و شەویان دایە دەم ڕۆژەوە بۆ بە مێژوو کردنی ئەم تاوانە و دیاری کردنی ڕۆژێک بۆی ، تاکو لەو ڕۆژەدا قورسایی بدرێتە یادکردنەوەی تاوانەکە ، ساڵانە لە کاتت و ساتی خۆیدا یاد بکرێتەوە، ئەم یاداوەرییە نەمرێنرێت ، لە بیری تاکەکانی گەلەکەمان بە زیندویی بمێنێت و ببێتە ڕچەی ناساندنی لەئاستی جیهانیدا .
پێویستە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەی کە هەوڵەکانیان بەری گرت بۆ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال ، ناویان بچێتە مێژووی بەگژا چونەوەی ئەنفال و ئەنفالچییەکان ، منیش وەک ئاگادارێکی زۆرتر لە هەر کەسێکی دیکە لە بەشێکی زۆری ئەو چالاکیانە ، چەند دێرێک لەم یادە دەخەمە سەر کاغەز، بە داوای لێبوردن لە هەموو ئەو ناوانەی بە بێ هیچ هۆکارێک لە یادیانم کردووە ، تەنها هۆکاریش ئەوەیە ئاگاداری کارو چالاکییەکانیان نەبوومە یان ناویانم لە یاد کردووە ، چونکە تاوانە ڕەنجی کەسانێک لە سەرەتادا بۆ بەمێژوو کردنی ئەنفال هەوڵیان داوە و ڕەنجیان داوە ، چەندە هەوڵەکەیان بچووکیش بێت لە یاد بکرێن ، بەری ڕەنجی کەسانی دی ، هەوڵ و ماندوبوونی کەسانی دی ئەگەر لەگەڵیانیشدا نەبیت لە یاد بکەیت ، ئەوانەی بازرگانی بە کارەساتەکانمانەوە دەکەن کاریان ئەوەیە ، لە کۆتاییدا سواری ڕەنجی خەڵک دەبن و بازرگانی بە کارەکانەوە دەکەن .
پاش گەڕانێکی وورد بە ناو ڕۆژنامەکانی دوای ڕاپەڕین ، ئەوەی کەوتە بەر سەرنجم ،یەکەم وتار لە سەر ئەو ڕۆژە نووسرابێت و تەئکیدی لەسەر کرابێت بە ڕێز کاک ” ڕ. خ ” لە کوردستانی نوێی ژ 66 نووسیویەتی ، کە دوایی بۆم دەر کەوت ناوی بەڕێزی کاک ڕەحمان خانییە . هەروەها لە پەرتووکی تونی مەرگ کە بەڕێز کاک زیاد عەبدڕەحمان ” نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا” نووسیوییەتی هاتووە (( (c.d.a.w.e) لە ساڵی 1993 هەمان ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی یادکردنەوەی هەڕەشەکانی ئەنفال داناوە ویادی کردەوە . لە هەمان ڕۆژی ساڵی 1994 یش دا یادی ئەو ڕۆژە لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە گەرمییان کرایەوە ، پێدەچێت ئەو ڕۆژە لە داهاتوودا ببێتە یادی قڕ کردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد ( پەرتووکی تونی مەرگ – ل9).لێرەدا نووسەر ئەگەرێک دادەنێت بۆ بوونی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی یادی قڕکردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد ، نەک بە کردنی بە ڕۆژی ئەنفال .
وەلێ کاک شێخ سدیق لێکۆڵەر و چالاک لە بواری پرسی ئەنفال دەڵێت : لە 14-4-1993 بە پشتگیری لیژنەی پارێزگای کەرکووکی حیزبی شیوعی کوردستان و مەڵبەندی دووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو یادە کرایەوە لە ئۆردوگای سمود (ڕزگاری ) ، لیژنەی ئامادەکار بریتی بوون لە : شێخ سدیق ، دڵشاد تاڵەبانی ، هێمن کەرکووکی “سەبوور ” ، ئەو یادە ڤیستیڤاڵێکی گەورە بوو ، بەشێک لە چالاکییەکانی بریتی بو لە : ئەنجامدانی ڕێپێوانێک لە ناو ئۆردوگاکەوە بۆ بەردەم قوتابخانەیەک ، ڕێپێوانەکە بە تراکتۆر و ئۆتۆمۆبێل نمایشی تاوانی ئەنفال بوو ، لەبەردەم قوتابخانەکە وتاری لایەنەکان خوێنرایەوە ، ڕۆژی دواتریش لە کەلار پیشانگایەک بەو بۆنەیەوە کرایەوە .
ڕۆژنامەکان ئەو ڕۆژانە باشترین بەڵگە نامەن بۆ ئەوەی بزانیین ئەم هەوڵانەی دراون بۆ دیاریکردنی ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال چەند کاریگەر بونەو جێگای خۆیان گرتوەو گەیشتوونە بە جێی مەبەست و توانیویانە ئەو داواکارییە بسەپێنن.
ڕۆژنامەکانی کوردستان تاکو ساڵی 1995 ئ، ەو ڕۆژەیان بە ڕۆژی ئەنفال نەناساندووە ، با چاوێک بە چەپکێک ناونیشان و مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەوکاتانە بخشێنیین .
کوردستانی نوێ ژمارە660 ی بەرواری 14-4-1994 ، لە مانشێتەکەیدا هاتووە ( بەییانامەی م س ینک بە بۆنەی کۆچی دوایی هەڤاڵ ڕەسوڵ مەمەند ) ، ئیتحادی ژمارە 75 ی بەرواری 16-4-1994 یش هەمان بابەتە .
الاتحادی ژمارە 127 بەرواری 15-4-1995 لە مانشێتەکەی هاتووە ، (امریکا قلقە علی حقوق الانسان خێوێا فی اقلیم الکردی بترکیا).
ڕۆژنامەی یەکگرتوو ژمارە 86 ی بەرواری 12-4- 1996 لە مانشێتەکەیدا هاتووە : ( فرە زمانی و فرە ڕەگەزی نیشانەی گەورەیی خودان و دەبێ بپارێزرێن ، ڕیسوا بێت سیاسەتی جینۆساید و قڕ کران ).
کوردستانی نوێی ژمارە 66 ی بەرواری 14-4-1992 لە مانشێتەکەی هاتووە : (سەرکەوتنێک لەگەڵ ڕژێم بەهای ئەو کاغەزەی نابێت کە لە سەری مۆر دەکرێت ).
کوردستانی نوێ ژمارە 962 بەرواری 14-4-1995 مانشێتەکەی بریتی بوو لە : (لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەکەی ئەکیوسدا بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەی فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی عێراق پەسەند دەکات ) (هەرچەندە لەم ژمارەیەدا بابەتی زۆر لەسەر ئەنفال لە لاپەڕەکانی ناوەوە بڵاو کراوەتەوە ، لە ناویشیاندا بەیاننامەی ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکان لەسەر 14-4 و چالاکیەکانی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان )ی تێدایە .کوردستانی نوێ ژمارە 1262 ڕۆژی یەک شەممەی بەرواری 14-4-1996 لە مانشێتەکەیدا هاتووە( تەنها بە دادگاییکردنی ئەنفالچییەکان ڕوحی شەهیدانمان شاد دەبێت .
ئاڵای ئازادی ژمارە 68 ی بەرواری 11-4-1993 دا لە مانشێتەکەی ئەمەی خوارەوە هاتووە : بە سەرخستنی دەست پَشخەری pkk ، بەرنامەی هاوبەش و هاوکاری سیاسی ،ئەرکێکی نەتەوایەتییە .
بەڵام لە ئاڵای ئازادی ژمارە 166 ی بەرواری 16-4-1995 دا هاتووە (ئەنفال بەڵگەی خۆڕاگری میللەتەکەمان و دڕندەیی دوژمنانە ).
لە بۆ پێشەوەی ژمارە 18 ی نیسانی 1995 (با یەکی ئایار بکەینە ڕۆژی بەرپاکردنی بزووتنەوەی شورایی جەماوەری بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ و برسێتی ، هاوکات بابەتێکی بچوک لە سەرەوە نوسراوە بە ناوی (کارەساتی ئەنفال و وەحشییەتی ناسیۆنالیزم).
هەرچی ڕۆژنامەی برایەتی ژمارە 1920 بەرواری 14-4-1994 ە لە مانشێتەکەی هاتووە (هێژا مسعود بارزانی لە پرسەی خوالێخۆشبوو رسول مامەند ئامادە دەبێت ) ، هەرچەندە پەیامی برایەتی لەسەر کارەساتی ئەنفالە ، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە بەرواری 14-4 وەک ڕۆژی ئەنفال نەکراوە . بەڵام لە ڕۆژنامەی ووڵاتی بەرواری 15-4-1996 ژمارە 151 دا هاتووە (یادی ئەنفالەکان هاندەرێکە بۆ سوور بوون لەسەر خەبات). هەرچی ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستانی ژمارە 2 ی ساڵی 48 ی ساڵی 1992 هاتووە(پڕۆژەی بەڵگەنامەی بەرنامەی..) ، هەرچی ژمارە 94ی بەرواری 12-4-1993 هاتووە (هەلومەرجی کوردستان وا دەخوازێ کە بە پەلە هەوڵی بەستنی کۆبونەوەی سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی بدرێ) . هەرچی ڕێگای کوردستانی ژمارە 104 ی بەرواری 19-4-1994دا هاتووە (بە بۆنەی یادی شەشەمین ساڵڕۆژی شاڵاوی ئەنفالە بەدناوەکان پێویستە بایەخێکی زیاد بە 182000 ئەنفالکراوو کەس و کارەکانییان بدەین ).
سەرباری ئەوەی بابەتی ڕێگامان لەسەر ئەنفالە . بەڵام ڕێگای کوردستانی ژمارە 152 ی بەرواری 11-4-1995 لە مانشێتەکەی هاتووە (14 ی نیسان ساڵگەردی ئەنفالە شوومەکان و ڕەمزی گەورەترین تاوانی سەدام دژ بە گەلەکەمان )(ڕۆژی 14 نیسان ڕۆژێکی هەرگیز لە یاد نەچووە لە بیرو هزری َڕۆڵەکانی گەلەکەمان . ئەم ڕۆژە هێمایەکە بۆ گەورەترین تاوان کە ڕژێمە شۆفینیستییەکەی سەدام دژ بە گەلەکەمان ئەنجامی دا ). بەم جۆرە دەبینیین لە ساڵی 1994 ەوە لە مانگی نیسان باسی ئەنفال کراوە ، بەڵام لە ساڵی 1995 ەوە جەخت لەسەر دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال کراوەتەوە .
لە ساڵی 1994 دا لە ژێر درووشمی (دیاریکردنی چارەنووسی ئەنفالکراوەکان ) کۆمیتەی باڵای یادکردنەوەی ڕۆژانی ئەنفال لە یادی 6 ومین ساڵەی کارەساتی ڕۆژانی ڕەشی ئەنفالە بەدناوەکانی بەعس . لە ڕۆژانی 14-15-4-1994 زنجیرە چالاکییەکی لە کەلار و سمود ئەنجامدا ، لیژنەی سەرپەرشتی یادەکە لە لایەن مەڵبەندی کەرکوکی ینک و هاوڕێیانی حشکع- کەرکووک و یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان سازدرا بوو (ک ن 18-4-1994 ژمارە 663).
لێرەدا پێویستە ئەوە ڕابگەیەنین لە ساڵانی 1995 و 1996 ، بە داواکاری ئێمە لە ڕاگەیاندنەکان 14-4 وەک ڕۆژی ئەنفال ناسێنرا و چووە مانشێتەوە ، پاش سەردانیکردنی هەر هەموویان .
لە دەڤەری گەرمیان بەرێزان تەها سولێمان و سەردار عەبدللە و دڵشاد تالەبانی و ڕەحمان خانی و گولاڵە عەزیز چالاکانە کاریان لەسەر دۆزی ئەنفال کرد.کاک سەردار عەبدللە پێی ڕاگەیاندم : بۆ سالی دواتر مەبەستی 1996 ە ، کە بینیمان لە 14-4 لە هەولێر یادی ئەنفال بە بەرففراوانی کرایەوە ، ئێمەش لەوە بە دواوە سور بوین لەسەر دیاریکردنی 14-4وەک ڕۆژی ئەنفال .
نابێت ئەوەش لە یاد بکەین لە ئایاری ساڵی 1994 شانۆگەری وەرزێکی شووم پێشکەشکرا کە بەڕێزان فەخرەدین گەرمیانی و خاڵە حەمرین و لالۆ ڕەنجە و کۆمەڵێک دڵسۆزی دیکە ڕۆڵیان تێیدا هەبوو ، گوزارشتی لە تاوانی ئەنفال دەکرد ، وەلێ بە ئامانجی دیاریکردنی 14-4 نەبوو بە ڕۆژی ئەنفال و لەو ڕۆژەشا نمایشنەکرا .
بانگەوازی ڤیستیڤالی یەکەمی ئەنفالەکان لە 12-3 بۆ ئەنجام دانی یەکەم ڤیستیڤال لە هەولێر بڵاو کرایەوە ، کە لە 14-4 ڤیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی یەک هەفتە لە هۆلی مدیا بەردەوام بوو،ئەم بەڕێزانە ڕۆلیان لە ئامادە کردن و سەرکەوتنی گێڕا ((محمد ملا سدیق – لالۆ ڕەنجدەر – سەدرەدین خۆشناو-فاتیح شەیدا-کەریم غەفور ” کەریمۆک” – قادر نادر-فریاد هیرانی-ئاشتییە سور ” دارا و پایزە” ” ئەمڕۆ” ، محەمەد مشیر -هاوار مستەفا-سۆزان مامە-بدرالدین سالح-نیهاد دزەیی-کەریم سەرکەش-هەردی سەردەم – دەشتی سەردەم – فەلاح حەسەن – عادیل قەشقە-مامۆستا ڕەحیم-عوسمان عمر( عوسمانی خەتم ) -ڕزگار مام بۆرە- مامۆستا فرهاد خالید-نهاد جامی – تەحسین فایەق-ئاوارە خان-کەریم مەلا-مامۆستا کمال غەمبار- هونەرمەند محەمەد ئیسماعیل- پارێزەر دلێر محەمەد شەریف -سەلاح مەزن-ئەندازیار عەبدالڕەحمان سدیق- ئازاد سلێمان و هاوکار و هێمن حەساری و شەفیق حاجی خدری و کنێر و شەوقی دارەتوو و جەماڵ شوشە و عەدنان کۆچەر و ……..هتد .هەروەها بەڕێزان ڕزگار شوانی و ڕزگار حەساری و فواد سدیق لە ڕێگای کوردستان و کاک ستران عبدللە و کاک دلشاد عبدللە و ئیسماعیل عەبدالکەریم لە کوردستانی نوێ و کاک غازی حەسەن و ئیدریس شەیداهۆ و کاک بێکەس حەمەد قادر لە ئاڵای ئازادی بەشداری کاریگەریان کرد لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانیانەوە ، بەوەی کاریگەریان لەسەر ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانیان دانا بۆ ئەوەی 14-4 وەکو ڕۆژی ئەنفال بناسن و گرنگی پێبدەن و مانشێتی لەسەر دابنێن .
بۆ سالی دواتر جگە لەو بەڕێزانەی ناویان لە ڤیستیڤاڵی یەکەمدا هاتووە ، بەڕێزان سەرهەد تۆفیق – شوان داودی – غازی حەسەن- گرفتار کاکەیی- هەردوو مامۆستای هێژاو تێکۆشەر خالید دلێر و سەعید ناکام و محەمەد ساڵەیی و هەندرێن شەقڵاوەیی و پاڵەی خالید دلێر و هیوا ناسیح و ئەسکەندەر جەلال و فەرحان و خالید کاوێس و ئازاد و ،،،، هتد .ئەو ساڵە بە داواکاری ئێمەو بە هاوکاری بەڕێز کاوە نادر پارت و ڕێکخراوە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان دەیان بەیاننامەیان لە 7-4 ەوە دەرکرد بە بۆنەی 14-4 و ناساندنی وەک ڕۆژی ئەنفال ، لەوە بە دواوە ئیتر 14-4 وەک ڕۆژی ئەنفال بو بە ئەمری واقیع .
ساڵی 1995 یەکەم بەیاننامە بە بۆنەی 14-4 ڕۆژی ئەنفال، ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان و دواتر دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی کوردستان دەریان کرد ، هەرچەندە لە بەیاننامەکەی یەکگرتوودا هاتووە (ئێمە لە ئاوا ڕۆژێکدا کە یادی ئەو کارەساتە بێ دینی یە دەکەینەوە ،داوا لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنمان دەکەین ، کە وەک تاوانە جینۆسایدییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و ، جەنگە جیهانییەکان و ،کارە بە کۆمەڵ کوژییەکانی ستالین و هیتلەر ، لە قەڵەمی بدەن و ،گڵاوی نیازی ڕژێم لە بەکارهێنانی وشەی (ئەنفال)ڕسوا بکەن و ، وشەو زاراوەیەکی بۆ بەکار بێنن کە ڕێسی پیلانی هەڵوەشێنێتەوە – بەشێک لە بەیاننامەی مەکتەبی ڕاگەیاندن بە بۆنەی یادی کارەساتی بەناو ئەنفالەوە – یەکگرتوو ژمارە 37 ) ، دیارە ئەم هەوڵەش لە لایەکەوە دڵسۆزییە بۆ پرۆسەکە ، لە لایەکی دیکەوە بەشێک بوو لە نەخشەکانی پارت و لایەنە ئیسلامییەکان بۆ سڕینەوەی وشەی ئەنفال ، نە چەسپینی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ، کە لەگەڵ بەها ئاینییەکاندا ناهاتەوە .
ساڵی 1996 بەهۆی سەرکەوتن و دەنگدانەوەی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان هەوڵەکان گەورەترەوە بوون ، بە هەوڵ و کۆششی ڕێکخراوی ئاوارە و ئەنفالەکان لیژنەی سەرپەرشتی لە هەولێرو شەقڵاوە دروست کرا ،هەروەها داوا لە حزب و ڕێکخراوە سیاسی و جەماوەری و ڕۆشنبیرییەکان کوردستان کرا ، بەیاننامە بەبۆنەی 14-4 دەربکەن و لافیتە لەو یادەدا هەڵواسن ، تاکو شاری هەولێر سیمای ئازییەت باری بە خۆوە بگرێت ، لە ساڵی 1996 لیژنەی کاری هاوبەشی حیزبە کوردستانیەکان لە 1-4 ەوە بەیاننامەی هاوبەشیان دەرکرد لەسەر 14-4 و ناساندنی وەکو ڕۆژی ئەنفال ، کە لە 7 حیزبی کوردستانی پێک هاتبوون ، سەرباری ئەم لایەنانەی خوارەوە : بزوتنەوی موسڵمانانی کوردی فەیلی – سەرکردایەتی شۆڕگێڕ – حزبی اتحادی تورکمانی -کۆمەڵەی جوێلۆجی کوردستان-یەکێتی مامۆستایانی کوردستان-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان-حزبی سۆسیالستی کوردستان-یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان-دەستەیەک لە ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاری-کۆمەڵەی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی گەرمەسێر . سەرباری ئەوەی دەیان پارت و ڕێکخراوی سیاسی لافیتەیان بە داواکاری ئێمە لەناو ڤیستیڤاڵەکەو شەقامەکانی هەولێر و بەردەم بنکەو بارەگاکانییان هەڵواسی ، ئەو بایاننامانەش بە سوپاسەوە بە داواکاری ئێمە دەرکراون .
لە بواری ڕاگەیاندندا ڕۆژنامەکانی ووڵات ، ئاڵای ئازادی ، یەکگرتوو ، پاڵە مانشێتەکەیان لەسەر ئەنفال بوو ،ڕێگای کوردستانیش سەرتاپای بە ڕەش دەرچوو و مانشێتەکەشی لەسەر ئەنفال بوو .
ئەم بروسکەی پشتگیرییانەش گەیشتنە بەڕێوەبەرانی ڤیستیڤاڵەکە : ( دەستەی ڕۆژنامە نووسانی ئازاد-حزبی الاتحادی تورکمانی-مکتب سیاسیی – تیپی شانۆی نیشتمان-مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکرتووی ئیسلامی کوردستان-حزب الاخاء تورکمانی – مکتب سیاسی – بزاڤی خوێندکارو لاوانی کوردستان – سکرتارییەتی باڵ – حیزبی ڕزگاری کوردستان-مەکتەبی سیاسی – مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامییا – یەکێتی پێشەنگانی کوردستان-کۆمەڵەی جەنگاوەرانی پێشەنگی کوردستان-کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستان-یەکێتی بێکارانی کوردستان-کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان-ڕێکخراوی جیهانی بۆداکۆکی کردن لەمافی مرۆڤ(ئەمینداری گشتی)-بزوتنەوەی ڕۆشنبیرانی ئاشتیخواز-هەولێر – کۆمەڵەی نەتەوەیی کورد-مەڵبەندی چوار – کۆمیتەی ڕێکخستنی هەولێری حیزی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق – کۆمەڵەی فەرهەنگ و ئاوەدان کردنەوەی باڵەکەیاتی – یەکێتی ژنانی کوردستان-مەکتەبی سکرتاریەت – ئەنجومەنی پارێزەرانی کوردستان – تیپی شانۆی ڕۆژی نوێ – بزووتنەوی دیموکراتی گەلی کوردستان – کۆمەڵەی زیندانیە سیاسییەکان – مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی جوتیارانی کوردستان – خوێندکارانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان – کۆمیتەی پارێزگای هەولێری حیزبی شیوعی کوردستان – کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی شاری هەولێر – کۆمیتەی تایبەتی مەکتەبی سیاسی ی ن ک – خوێندکارانی پەیمانگای هونەرە جوانەکان – ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان – لەشکری 16 دەشتی هەولێر ینک – تیپی شانۆی حەمرین – کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان – ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە کوردستان (کوردستان ۆچ) – ناوەندی هەولێری پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان – ڕادیۆی ڕێگای کوردستان – ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان – ڕێکخراوی ڕەوتی بەلشەفیک – یەکێتی گشتی قوتابییانی کوردستان).
ئەم لایەنانەی سەرەوە ناویان هاتووە ، زۆربەشیان بە هەڵواسینی لافیتە لە دەرەوەی هۆڵی ڤیستیڤاڵ بەشدارییان کرد ، شاری هەولێر تا ئەوکاتە هیچ بۆنەیەکی وای تێدا نەکرابوو ، ئەوەندە لافیتەی تێدا هەڵبواسرێت بە درێژایی چەندین کم بەملاو ئەولای هۆڵی میدیایا ، سیمای ئازییەت باری گشتی بەخشی .
ئەم لایەنانەی خوارەوەش تەنها لافیتەیان لە ڤیستیڤاڵەکەدا هەبوو : ( بیرۆی پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان- ڕۆژنامەی ووڵات-ڕۆژنامەی شمس وەتەن-حیزبی شیوعی عێراق-پارتی کرێکارانی کوردستان-لیژنەی پارێزگای کەرکوکی حیزبی شیوعی کوردستان-یەکێتی ئافرەتانی زەحمەتکێشان-لقی هەولێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان-کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان-ڕادیۆی نیشتمان-حیزبی شیوعی کوردستان مەکتەبی سیاسی-کۆمەڵەی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکووک- کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی گەرمەسێر – مەکتەبی مافی مرۆڤی ی ن ک-یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان) ، هەروەها ئەم هونەرمەندانەش بە تابلۆ بەشدارییان کرد لە پیشانگای کورد قڕان : (جوهەر محەمەد خدر-دارا محەمەد عەلی-دلێر محەمەد شەریف – سلێمان شاکر – سەربەست عومەر – سۆران-جعفر محمد غریب-جماڵ مشیر-عبداڵلە سەراج-فیسەڵ عوسمان-کامران – ڕزگار فقێ عبداڵلە-ئازاد ئەنوەر-گرفتار کاکەیی)(چارەنووس ژمارە 2 – حوزەیرانی 1996) *.
دیارە ئاماژەم بە زۆر ناو دا ، کەسانی تێدا بوو وەک بەدرەدین حەمەساڵەح و کاک نیهاد دزەیی و سەرهە تۆفیق کە زۆر ماندوو بوون ، کەسانی دیکەش بەشدارییەکی ڕەمزییان کرد ، پشتیوانییەکی مەعنەوی بوون بۆ یاداوەرییەکە .
هەرچەندە ڤیستیڤاڵی دووەم یاساغکرا و ڕێگە لە ئەنجامدانی گیردرا لە شاری هەولێر ، وەلێ کە مەممنوع کرا زیاتر مەرغوب بوو ، گرنگ ئەوەیە پەیامەکانی چەسپی و لە کۆتاییدا ڕۆژێک دیاریکرا بە ڕۆژی ئەنفالکراوەکانمان ، لەو ڕۆژەدا خەم و داواکارییەکانمان یەک دەخەین ، بە چاو بۆ ئازیزانمان دەگرێین ، بە بیر ڕێگایەک دەدۆزینەوە بۆ بە یاساییکردن بە مێژووکردنی ، بە دەست و دەنگێکی بەرزیش ئازایانە دەڵێین سەرجەم تاوانکاران بێجیاوازی بۆ بەردەم دادگا ، پەیامەکانی 14-4 لە بەجینۆساید ناسینی ئەنفال و بە دادگایی گەیاندنی تاوانباران و باشتر کردنی باری ژیانی قوربانیان هەر دەگاتە بەر.
______________________________________________
* دامەزرێنەر و سکرتێری پێشووی ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان.