” ئەم چارەسەرە بە تەواوەتی نەخۆشی شەکرە ناھێڵێت” ، ” بۆ ئەوانەی بۆ باشترین ڕێگا دەگەڕێن بۆ کێش دابەزاندن، تەنیا ڕێگا بەکارھێنانی ئەم کەبسولەیە”، ” نەخۆشیەک نیە بەناوی شێرپەنجەوەو ئەوە تەنیا دروستکراوی کۆمپانیاکانی دەرمان و پزیشکەکانە “، ” ئەم جۆرە گیایە، ھەموو جۆرەکانی شێرپەنجە چارەسەر دەکات “، ” زەیتی دووپشک بەکاربھێنەو ھیچ جۆرە ئازار و ھەوکردنێکت نامێنێت لە جومگەکان ” .
ئەم ناونیشانانەو چەندەھا ناونیشانی تری سەرنجڕاکێش ڕۆژانە دێتە بەرچاومان لەسۆشیاڵ میدیا و بەخێراییەکی زۆر بڵاودەبێتەوە لەناو بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ، کە ڕێژەیەکی زۆر لە گۆمەڵگا بە نەخۆش و لەشساغیشەوە دووچاری مەترسی گەورەو تێکچوونی باری تەندروستی دەکات بەھۆی ئەگەری ھەڵەی ئەو زانیارییە تەندروستیانەو بەکارھێنانی ھەڕەمەکی بۆ ھەندێک چارەسەر بێ گەڕانەوە بۆ لای پزیشک و کەسانی پسپۆڕ .
لەم سەردەمەدا سۆشیاڵ میدیا بۆتە کایەیەکی گرنگی ژیانی مرۆڤ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لێکۆڵینەوەو توێژینەوەکان دەیسەلمێنن کە بەکارھێنەرانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا ڕوو لە زیادبوونە . جیھان نەک بۆتە گوندێکی بچکۆلە بەڵکو لەوە زیاتریش وەک گەرەکێکی بچکۆلەی لێھاتووە، وەئەو ژیانە مەجازی و ئیفترازییەی کە سۆشیاڵ میدیا پێشکەشی دەکات بووە بەژیانێکی ڕاستەقینە لای ھەندێک کە زۆربەی کاتەکانی ڕۆژەکەی تیادا بەسەر دەبات .
سۆشیاڵ میدیا لە ئێستادا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە ھەموو بوارەکاندا بە گشتی و لە بواری پزیشکی و تەندروستیشدا بە تایبەتی و توانیویەتی ببێت بە ژینگەیەکی لەبار بۆ زانین و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری پزیشکی و تەندروستی ، وە بەشداریەکی کاریگەری کردووە لە گواستنەوەی زانیارییە پزیشکی و تەندروستیەکان لە ژوورە قفڵ دراوەکانەوە بۆ فەزایەکی دیجیتاڵی و ئەلەکترۆنی .
بەڵام لەگەڵ ھەمووسوودەکانی ئەم ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە تەندروستیانە، نابێت ئەوەمان لە یاد چێت کە لەوانەیە کاریگەرییەکی دوو لایەنەی ھەبێت، کە بەلایەک دا تاک و نەخۆش سوودمەند بێت لێی وزانیاری زیاتر وەرگرێت و چاوکراوە تر بێت لە ڕووی تەندروستییەوە، بەلایەکی دیدا زەرەمەند بێت و بێ ئاگایانە بازرگانی پێوە بکرێت .
زۆر گرنگە ئەو کەسانەی فۆلوەری پەیجە پزیشکی و تەندروستیەکانن بزانن زانیاری و ئینفۆرمەیشن لەکوێیوە وەردەگرن، چۆن بتوانن سوودی لێوەربگرن بەبێ ئەوەی بھێڵن بازرگانی بەتەندروستیانەوە بکرێت . و دەبێت دڵنیابن لەوەی ئایا خاوەنی پەیجە پزیشکیەکان پزیشکی پسپۆڕ و کەسانێکن لە بواری تەندروستیدا کاردەکەن و پرۆفیشناڵن؟؟ یاخود تەنھا بازرگان و کۆمپانیایی بازرگانین کە ڕیکلام بۆ پێکھاتە گیایی و بەرھەمە بازرگانیەکانی خۆیان دەکەن ؟
بۆ نموونە ئەو نەخۆشەی بێ پرسی پزیشکەکەی واز لە چارەسەری نەخۆشی شەکرەکەی دەھێنێت و پەنا دەبات بۆ بەکارھێنانی پێکھاتە ڕووەکیەکان ، بێگومان ئەنجامەکەی تەندروست و باش نابێت ولەپڕ تەندروستی بەتەواوەتی تێکدەچێت .
ئەو نەخۆشەی شێرپەنجەی ھەیە و بەھۆی ھەندێک زانیاری ھەڵەوە لەسۆشیاڵ میدیا واز لەچارەسەرە کیمیاوییەکەی دێنێت و ڕێگای تر تاقی دەکاتەوە ، بە دڵنییاییەوە ژیانی بەمردنێکی خێراتر و بەئازار تر کۆتایی دێت .
ڕیکلام کردن بۆ دەرمان و کرێم و ھەرجۆرێکی تری چارەسەری ڕووەکی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت سنووردار بێت و ڕێگا نەدرێت ھەر کەسێک ھات و زانیاری تەندروستی ھەڵە بڵاوکاتەوە بێئەوەی پسپۆڕ بێت لە بوارەکەدا .
لە ڕاستیدا سەرپەرشتیارانی ئەم پەیجە تەندروستیانە دوو جۆرن :
— کەسانێک کە پسپۆڕ و پڕۆفیشناڵن و ئامانجیان بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستییە لە کۆمەڵگا و چۆن تاکی کۆمەڵگا بتوانێت پارێزگاری لەتەندروستی خۆیبکات و کەئەمیش ڕاستەوخۆ پەیوەندی ھەیە بە تەندروستی دەروونی تاکیشەوە . کە بێگومان تاکێکی تەندروست لەڕووی جەستەو دەروونەوە تاکێکی چالاک و بەرھەمھێنەریش دەبێت لە کۆمەڵگا .
— جۆری دووەم کەسانێکن کە تەنیا بازرگانن و ئەم پەیجانە بەکاردێنن بۆ چەواشەکردنی کۆمەڵگا و ڕیکلام کردن بۆ کاڵا بازرگانیەکانیان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش .
ھەر بۆیە زۆر گرنگە ئەم پەیجە پزیشکی و تەندروستیانە لەلایەن پزیشک خۆییەوە سەرپەرشتی بکرێت و نەدرێتە دەست کەسانی ناپرۆفیشناڵ و ناپسپۆڕ لە بواری تەندروستیدا ، لەبەرئەوەی پێدانی زانیاری تەندروستی بە شێوەیەکی ھەڵە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ژیان وسەلامەتی تاک بەتایبەتی و تەندروستی ھەموو کۆمەڵگا بە گشتی .
ھۆشیاری تەندروستی کایەیەکی زۆر گرنگە لەژیانی کۆمەڵگادا ، بەپێی دواترین توێژینەوەکان لە (٤) کەس دا (١)کەس دواکەوتە و فۆلوەری پەیجە پزیشکی و تەندروستییەکانن، وەزۆربەی جار تاکەکان لەھەوڵی ئەوەدان ئەو زانیارییەی ناتوانن لە پزیشکە تایبەتەکەیان دەستیانکەوێت ، بە گەڕان وسێرچ لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەدەستی بێنن، بۆیە زۆر گرنگە بەکارھێنەری ئەم پەیجانە زۆر ھۆشیار بن لەوەی کەزانست و زانیاری لەکوێوە وەردەگرن و ئەوەش بزانن کەچارەسەر نووسین لە ڕێی پەیج و سایتەوە نەگونجاو بێ ئیتیکی پزیشکییە ، لەھەمانکاتدا ھەموو پەیجێکی تەندروستی لەلایەن پزیشک و کەسانی پڕۆفیشناڵ لەبواری تەندروستیدا سەرپەرشتی بکرێت و ڕیکلام کردن بۆ چارەسەرە پزیشکی و پێکھاتە سروشتی و ڕووەکیەکان سنووردار بکرێت لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە .