مناڵانی بێ ناونیشان (دایکم ئێزیدیەو باوکم داعش)
کاتێك ئاین و جەنگ بەیەکتر دەگەن
ڕزگار عومەر
لە دوای شکستی سەربازی و کەوتنی دوا مۆڵگەکانی داعش، پرسێکی پڕ لە تراژیدیا ڕووبەڕووی ئافرەتە ئێزیدیە ڕزگاربووەکان بۆتەوە، ئەویش دەبێ جیا ببنەوە لە مناڵ و کۆرپەکانی خۆیان، ئەو مناڵ وکۆرپانەی بە ووتەی ئەم ئافرەتانە “لە خوێن وگۆشتی خۆیانن”.
کەس و کاری ئەم ئافرەتانە؛ ئێزیدیەکان، ڕێگا نادەن کچەکانیان بێنەوە بۆ ناو خێزانەکانی خۆیان ئەگەر بێتوو ئەو مناڵانە لە گەڵ خۆیان بهێنن کە لەکاتی کەنیزەك بوونیان بە دەستی تیرۆریستانی داعش لە دایك بوون. لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ژمارەیەکی زۆر لەو ئافرەتانە بە گریان و حەسرەتەوە قسەیان بۆ میدیاکان کردووە، ئەوان بە زۆرەملێ جیا دەکرێنەوە لە مناڵەکانیان، ڕاستە لە ڕیگای کۆیلە کردنی سێکسیەوە ئەو مناڵانە لە دایك بوون، بەڵام وەکو پەیوەندی “دایك و مناڵ” ئەوان هەمان ئەو پەیوەندیە سروشتیەیان لە گەڵ مناڵەکانیان هەبووە.
ئەوان لە ژێر هەڕەشەی ئەوەدان؛ ئەگەر مناڵەکانیان لە گەڵ خۆیان بهێنن، ناتوانن بێنەوە ناو کەس وکاری خۆیان، ئەگەریش نەچنەوە نێو کەس وکاری خۆیان بەتەنیا بگەڕێنەوە هیچ کەسێك پەیوەندیان پێوە ناکا! هیچ کەس؛ خۆراك و هیچ جۆرێکیتر لە یارمەتیان پێ نادات.
هەزارن ئافرەتی ئێزیدی لە هەمان کەیسدان، هەندێك لەم ئافرەتانە کاتێ داعش لە ٢٠١٤ ئەوانی ڕفاندوەو کراون بە کەنیزك و کۆیلە، مناڵی خۆیان پێبووە کە هی باوکێکی “ئێزیدی” بووە، ئەم جۆرە لە ئافرەتانی ئێزیدی کەس و کاریان پێیان ووتون: دەتوانن مناڵی یەکەمت بهێنی لە گەڵ خۆت چونکە “ئێزیدیە” بەڵام بۆت نیە مناڵی دووەم و سێهەم بهێنیت لەگەڵ خۆت چونکە بە ئێزیدی حساب ناکرێن.
لە راپۆرتی میدیایی ئەم بابەتە چەندی چیڕۆکی تێدایە کە نەك تەنیا دایکەکە وەکو “دایک”دەگری بۆ مناڵەکەی بەڵکو ئەو مناڵانەی یەکەمیش کە “ئیزیدین” دەگرین و داوای براو خوشکەکانیان دەکەن کە لەو دیو سنوور جێیانهێشتن.
جەنگ تەنیا ماڵوێرانکاری شارو دێ و سوتان نیە، بەڵکو هەموو ئەو دۆخە ناهەموارو دژە مرۆڤایەتیە کە پەل داوێتە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو مرۆڤانەی لە پاش جەنگ لە دۆخێک رزگاریان دەبێت بۆ ئەوەی خۆیان لە دۆخێکیتر بدۆزنەوە. لە شەڕی جیهانی دووەم؛ ئەو مناڵانەی کەلەو ئافرەتە فەرەنسیانە لە دایك بوون کە سکیان لە لایەن سەربازە نازیەکان پڕکرابوو، دواتر بە پێچەوانەشەوە ئەو مناڵانەی کە لەو ئافرەتە ئەڵمانیانە لە دایك بوون کە لە لایەن سەربازانی ئەمریکی و بەریتانی و فەرەنسی و سۆڤیەتی سکیان پڕکرابوو، ژمارەیان بە هەزارەها مناڵ بوو کە بەشی هەرە زۆریان جیاکرانەوەو خرانە ژێر دەستی خانەی بێ سەرپەرشتان، بەڵام خودی ئەم جیابوونەوە سەپێنراوانەی دونیا مۆدێرنیش هەڵگری هەمان توخمی “دڵرەقی” دۆش داماوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە بە دەستی ئەم هاوکێشەو ئاکامە کۆمەڵایەتیانەی دوای جەنگ لە ژیانی ڕزگاربووان دروست دەبێت.
لە ئێستادا؛ کردنەوەی هەر دایلۆگێك لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ ڕابەرانی ئاینی ئێزیدی بە دەر نابێ لە چەندین بۆمبی هەستیار، چونکە کەس نازانێ کە خودی ئەم دایلۆگە چۆن دژ بە قوربانیانی ئێزیدی بەکاردێت، بەڵام لە مێژوی هەموو ئەو کارەسات و زوڵمانەی لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوو بە سەر ئێزیدیەکان هاتووە هیچیان بەقەد ئەم پرسە کلیلی “چارەسەری ئاکامەکانی” لە ڕووی مرۆڤ بوونەوە نەخستۆتە دەست ڕابەرانی ئێزیدیەکان.
کاتێك ئەم قوربانیانە کران بە کۆیلە هەڵبژاردەی خۆیان نەبوو، کاتێك دەستدرێژیان کرایە سەرو سكپڕکران دیسان هەڵبژاردەی خۆیان نەبوو، ئێستاش کە بەزۆرداری جیا دەکرێنەوە لە کۆرپەو مناڵەکانیان هەر هەڵبژاردەی خۆیان نیە، دڵرەقی جەنگ و کلتوری دیسپلینی ئاینی چی دەکات! ئایا تێگەیشتنێکی توندەڕەوە؛ ئەگەر بڵێین ئاینی جەلاد و ئاینی قوربانی هەردوکیان لەم پرسە لەبەردەم قوربانیان لە ترافیکی دڵرەقیەکانی جەنگ سڵاو لە یەکتر دەکەن؟
پەراوێزکان:
١- ناونیشانی ئەم ووتارەم لە ناوی شیعرێکی ئەحمەدی شاملو وەرگرتووە کە هەر بەم ناوەیە.
٢- ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی المدی (الإيزيديّون يشترطون تخلّي النساء المختطفات عن أطفالهنّ مقابل العودة إلى سنجار) لاپەڕە ٢، ژمارە٤٤١٠، بەرواری ١٦/٠٤/٢٠١٩.