توێژینەوەیەکی زانستی نوێ هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان لە گرنگیدان بە کاتی خەوی منداڵەکانیان لەکاتی خۆیدا.
هەموو یاسایا و ڕێنماییەک گرنگی خۆی هەیە، کاتێک دەلێن دەبێت سیستمی خۆراکی ڕێکبخرێت و لەکاتی گونجاو نان بخۆ پێش شەو درەنگ، بێگومان سوودی هەیە، چونکە لەڕووی تەندروستیەوە زیانی هەیە و کێشت زیاد دەکات، هەر بۆیە زانایان و پزیشکان گرنگیەکی زۆر بە کاتی ڕێکخستنی خەو و خۆراکی منداڵ دەدەن.
پسپۆڕانی بەریتانیا لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا کە لەسەر 11 هەزار منداڵ ئەنجامیانداوە، ئاشکرایان کردووە پەیوەندیەکی بەهێز هەیە لەنێوان خێزان و ڕەفتاری منداڵ لەتەمەنی 11 ساڵیدا، چونکە کاریگەری لەسەر چۆنێتی خەو و خۆراک و کێشیان هەیە.
بەپێی هەواڵێکی دەیلی مەیلی بەریتانی توێژەر “سارە ئەندرسون” لە لێدوانێکدا دەڵێت “پابەندبوون بە کاتی خەو یاسای سەرەکیە بۆ منداڵ، چونکە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەگەشە و باری تەندروستی و کێشیەوە هەیە”.
هەر بەپێی قسەکانی ئەو توێژەرە ئەو منداڵانەی لەڕووی سۆز و میهرەبانیەوە لە تەمەنی سێ ساڵیدا بەربەستیان هەیە واتە بایەخیان پێ نادرێت و هیچ یاسایەکیان بۆ دانانرێت لەڕووی خەو و خۆراکیانەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە قەڵەوی زیاترە لە تەمەنی 11 ساڵی بەدواوە.
هەر بۆیە گرنگە کاتی خەو و خواردن و سەیرکردنی تەلەفیزۆن و یاریکردن بەتەواوی ڕێکبخرێت، بەتایبەتی خەویان شەوانە لەکاتی خۆیدا، چونکە گرنگترین بنەمایە بۆ منداڵ و کاریگەری لەسەری تەواوی جەستەی هەیە.