به‌شێک له‌مامۆستایان ناڕازین له‌ئیشی سه‌رپه‌رشتیاران‌و رایده‌گه‌یه‌نن که سه‌رپه‌رشتیاران ناتوانن له‌رێگه‌ی ئاماده‌بونی وانه‌یه‌ک له‌ساڵێکدا هه‌ڵسه‌نگاندێکی دروست بۆ مامۆستاکان بکه‌ن، سه‌رپه‌رشتیاری یه‌که‌می په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت که به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیار چاودێره به‌سه‌ر مامۆستاوه، مامۆستایان تانه‌و ته‌شه‌ری تێده‌گرن.
له‌دوای روداوه‌که‌ی خوێندنگای کامه‌ران موکری شاری سلێمانییه‌وه که سه‌رپه‌رشتیارێک هێرشیکرده سه‌ر دو مامۆستا، جارێکی دیکه قسه‌کردن له‌سه‌ر پیشه‌و ئه‌رکی سه‌رپه‌رشتیاران ده‌ستپێده‌کاته‌وه.
به‌شێک له‌مامۆستایان پێیانوایه که پێویسته به‌شێک له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا به‌سه‌رپه‌رشتیاران دراوه که‌م بکرێته‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه مامۆستا دیاری خالید، به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند “نه‌ک هه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کلانی که‌م کرێته‌وه، به‌ڵکو ده‌بێت کۆی سه‌رپه‌رشتیاریی پێداچونه‌وه‌ی پێدا بکرێت، ئیشه‌کانی دیاریی بکرێت به‌وردی، سه‌رپه‌رشتیار به‌نوسراو کۆمه‌ڵێک ئه‌رکی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مانه هیچی جێبه‌جێ ناکرێت”.
له‌نمونه‌ی ئه‌و ئه‌رکه نوسراوانه‌ی سه‌رپه‌رشتیار که جێبه‌جێی ناکات، ئه‌و مامۆستایه ده‌ڵێت “یه‌کێک له‌هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رپه‌رشتیار بۆ مامۆستا له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی مامۆستا‌و قوتابییه‌کانیه‌تی، سه‌رپه‌رشتیارێک نییه له‌م کوردستانه‌دا بزانێت په‌یوه‌ندی نێوان قوتابیی‌و مامۆستا چۆنه، چونکه نه‌سه‌ردانی مامۆستا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌کات، نه‌ئاگای له‌خوێندکاره‌کانه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، له‌سه‌ردانێکی چه‌ند خوله‌کییدا مومکین نییه له‌و په‌یوه‌ندییه تێ بگات”.
ئه‌و مامۆستایه پێی وایه که وا باشتره ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه له‌سه‌رپه‌رشتیار وه‌ربگیرێته‌وه‌و بچێته‌وه لای خوێندکاران خۆیان.
هه‌روه‌ها ئه‌و مامۆستایه پێی وایه که “سه‌ردانکردنی سه‌رپه‌رشتیارانیش بۆ لای مامۆستاکان له‌ئێستادا به‌وه‌ی له‌ساڵێکدا وانه‌یه‌ک یاخود دو وانه ده‌چێته لای مامۆستاکه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌کات، لۆژیکیی نییه. چونکه ره‌نگه له‌و رۆژه‌دا سه‌رپه‌رشتیاره‌که یاخود مامۆستاکه میزاجی باش نه‌بێت‌و ناکرێت له‌سه‌ر یه‌ک رۆژ هه‌ڵسه‌نگاندنی ساڵێک بکرێت”.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رپه‌رشتیاری یه‌که‌م له‌په‌روه‌رده‌ی رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی، مامۆستا به‌کر محه‌مه‌د پێی وایه که له‌بنه‌ڕه‌تدا پیشه‌ی سه‌رپه‌رشتیاریی وه‌ها نییه، ئه‌گه‌ر دو یان سێ سه‌رپه‌رشتیار به‌و شێوه‌یه بن ئه‌وه نابێته پێوه‌ر بۆ هه‌موان، مامۆستا به‌کر به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند “سه‌رپه‌رشتیاریی شتێکی دڵخواز نییه لای مامۆستا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاودێری کاره‌کانی مامۆستا ده‌کات‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه تانه‌و ته‌شه‌ری تێ ده‌گیرێت”.
هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نێت که کاری سه‌رپه‌رشتیاری به‌پێی ئه‌جندایه‌ک ده‌کرێت ده‌بێت سه‌رپه‌رشتیار له‌ساڵێکدا سێ جار بچێته وانه‌یه‌کی ته‌واوه‌تیی مامۆستاوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌به‌رده‌وامیی له‌سه‌ر خه‌ته له‌گه‌ڵ ئه‌و مامۆستایه‌دا به‌ته‌له‌فۆن‌و له‌رێی کۆبونه‌وه‌کانه‌وه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که هه‌رچه‌نده له‌ئه‌جێندادا وایه، به‌ڵام له‌راستیدا به‌و شێوه‌یه جێبه‌جێ ناکرێت، مامۆستا به‌کر ده‌ڵێت “له‌سنوری مندا 70% ئه‌وه جێبه‌جێ ده‌کریت، ئێمه زۆر فشار ده‌که‌ین له‌سه‌رپه‌رشتیار، به‌ڵام له‌هه‌مو شوێنێکدا که‌سی باش‌و خراپ هه‌ر ده‌بێت”.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه ده‌کات که له‌کۆنگره‌ی ئه‌مساڵدا هه‌وڵده‌ده‌ن کاری سه‌رپه‌رشتیاری بخه‌نه شوێنی خۆی “چونکه له‌سه‌رپه‌رشتیاریشدا گرفت هه‌یه، سه‌رپه‌رشتیار هه‌یه له‌ڕابردودا به‌هه‌قی خۆی ئه‌و پله‌یه‌ی وه‌رنه‌گرتوه”.
هه‌رچه‌نده سه‌رپه‌رشتیاران چه‌ندین ئه‌رکی جیاوازی چاودێریکردنیان له‌ئه‌ستۆیه، به‌ڵام به‌وته‌ی به‌شێک له‌مامۆستایان، له‌ئێستادا ئه‌رکی سه‌رپه‌رشتیاران له‌رێکخستنی میلاکاتی مامۆستایان‌دا کورت بوه‌ته‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه مامۆستا دیاری پێی وایه که “سه‌رپه‌رشتیاری ئێستا ئیشه‌که‌ی کۆمپیوته‌رێک ده‌یکات، چونکه کاره‌که‌ی بوه‌ته ئه‌وه‌ی بزانێک چ خوێندنگایه‌ک مامۆستای پێویسته‌و کامه مامۆستای لێ زیاده”.
ئه‌و مامۆستایه زیاتر ڕونیده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر ژماره‌ی مامۆستایان‌و خوێندگاکان‌و قوتابییه‌کان له‌کۆمپیوته‌ردا به‌شێوه‌یه‌کی رێکخراو داخڵ بکرێن، ئه‌وکاته پێویست به‌سه‌رپه‌رشتیار ناکات بڵێت چ خوێندگایه‌ک مامۆستای پێویسته، به‌ڵکو ئه‌و سیستمی کۆمپیوته‌رییه پێت ده‌ڵێت”.
مامۆستا دیاری بڕواشی وایه که “له‌ئێستای خوێندنی کوردستاندا سه‌رپه‌رشتیاریی پێویستییه‌کی زۆر گه‌وره نییه، کام تازه گه‌رییانه‌یه سه‌رپه‌رشتیاران هێناویانه‌ته ناو خوێندنی کوردستانه‌وه؟ خۆی ئیشراف ده‌بوایه وه‌ک مێشکی سیستمی په‌روه‌رده وابوایه، کێ له‌ئێمه سیمیناری سه‌رپه‌رشتیارێکمان بینیوه له‌سه‌ر سیستمی په‌روه‌رده‌و وانه‌کان، به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌رقاڵی وتنه‌وه‌ی وانه‌ی تایبه‌تن که هه‌مو مامۆستایه‌کی ئاسایی سه‌رقاڵه پێوه‌ی”.
مامۆستا به‌کری سه‌رپه‌رشتیاری یه‌که‌می، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیاریی به‌پیشه‌یه‌کی گرنگ داده‌نێت، ده‌ڵێت “کاری ئیشراف سیستمێکی جیهانییه، چۆن په‌رله‌مان چاودێری حکومه‌ت ده‌کات، سه‌رپه‌رشتیارانیش چاودێری جدیین له‌سه‌ر ئیش‌و کاره‌کانی په‌روه‌رده، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌نێکی زانستیانه‌وه بیری لێ بکه‌ینه‌وه، ده‌بێت موشریف چاودێربێت به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی‌و وه‌زیری په‌روه‌رده‌شه‌وه، ئه‌مه جێ ناگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا له وڵاتی ئێمه به‌و شێوازه ئیشی پێ کراوه‌و ئێمه پێویسته ئه‌وه چاک بکه‌ین”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “سه‌رپه‌رشتیار به‌ئه‌جێندایه‌ک کار ده‌کات ئه‌گه‌ر ئیشه‌که‌ی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، ده‌توانێت سه‌رله‌به‌ری ئه‌و پرۆسه‌یه به‌ره‌و چاک بون ببات، به‌ڵام ده‌ستی گیراوه‌و مه‌حکومه به‌کۆمه‌ڵێک شت. بۆ نمونه سه‌رپه‌رشتیاری تایبه‌تمه‌ندو ئیدارییمان هه‌یه، موشریفی ئیداریی ده‌توانێت زۆر گۆڕانکاریی بکات له‌ئیداره‌ی خوێندگا به‌مه‌رجێک له‌ده‌سه‌ڵاتی داراییه‌وه ده‌ستی کراوه‌بێت، ئه‌گه‌ر پێشنیاریکرد بۆ چاککردنی خوێندگایه‌ک چاک بکرێت، یاخود ئه‌گه‌ر پێشنیاری گۆڕانی به‌ڕێوه‌به‌رێکی کرد، بۆی بکه‌ن. به‌ڵام وه‌ک هه‌مو شتێکی تر له‌وڵاتی ئێمه ده‌ستێوه‌ردانی دارایی‌و شه‌خسیی له‌و بواره‌دا هه‌یه”.
له‌سنوری په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوادا 88 سه‌رپه‌رشتیار هه‌یه بۆ 240 خوێندنگا. مامۆستا به‌کر رایده‌گه‌یه‌نێت که له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێت سه‌رپه‌رشتیارێک له40 تا 50 مامۆستای لابێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی، به‌ڵام موشریف هه‌یه 150 مامۆستای له‌لایه.
جگه له‌وه‌ش بۆ هه‌مو په‌روه‌رده‌ی سلێمانی رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوا، 2 سه‌رپه‌رشتیاری ئینگلیزیی هه‌یه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا ئیشی سه‌رپه‌رشتیار کۆمپیوته‌رێک ده‌توانێت بیکات، ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاری یه‌که‌مه رایده‌گه‌یه‌نێت “به‌و شێوه‌یه نییه، ڕێکخستنی میلاکاتی مامۆستا یه‌کێکه له‌ئیشه‌کانی سه‌رپه‌رشتیار، ئه‌ی ئه‌و هه‌مو سیمینارانه‌ی ساڵانه‌و مانگانه له‌خویندگاکاندا ده‌به‌سترێت، ئه‌ی ئه‌و خول‌و فیستیڤاڵانه‌ی ده‌کرێنه‌وه؟”.
ئا: رێنوار نه‌جم