دیارە ئەگەر کۆمەڵێک عەقڵی باشمان لەو ئاستەدا ھەبوایە کە ئێستا خەریکی ئیدارەدان و حکومڕانی ئەم ھەرێمەن، ئەم داڕوخانەی بەسەر نرخی نەوتدا ھات، بایی ئەوەندە عەقڵی ئەجوڵاندن کە چیتر بیر لە نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ داھات نەکەنەوە.
ئەگەر ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی داھاتی تری جگە لە نەوت، بۆ ھەندێک وڵات قورس بێت، ئەوە بۆ ھەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێک لایەنەوە ئاسانە.
لەوانە، یەکەم: بەو پێیەی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان خاکێکی بەپیت و گونجاوە بۆ کشتوکاڵ و ھاوکات زۆرێکی دانیشتوانەکەشی تەنانەت بەوانەشەوە کە باری داراییان باشە، ھێشتا حەزیان لە باخداری و کشتوکاڵە، ئەگەر حکومەت بەرنامەیەک دابنێت بۆ چاکسازی لە کەرتی کشتوکاڵ و ھاندانی وەبەرھێنان لەم کەرتەدا، ئەوە ئەتوانین لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، بەشێوەیەک بەرھەمی کشتوکاڵیی پەرەپێبدەین، کە نەک چیتر پێویستمان بە بەرھەمی خواردەمەنی وڵاتانی دەرەوە نەمێنێت، بەڵکو بەرھەمێکی زۆریش بنێرینە دەرەوە و بەمشێوەیەش لە بری ئەوەی ساڵانە ملیاران دۆلار بۆ کڕینی سەوزە و میوە و بابەتە شیرەمەنی و خواردەمەنیە سەرەکیەکانی ڕۆژ بنێرینە دەرەوە، بە پێچەوانەوە ساڵانە ملیاران دۆلاری دەرەوە لە ڕێگەی فرۆشتنی بەرھەمە ناوخۆیەکانەوە، بھێنینە ناوخۆی کوردستان و ببینە خاوەن ئابوریەکی بەھێز.
ئەگەر بپرسین حکومەت بۆ تا ئێستا ئەمەی نەکردووە، بەبۆچونی من لەبەر دوو ھۆکاری سەرەکی:
١. لەبەر ڕاگرتنی دڵی وڵاتە دراوسێکان و ساخکردنەوەی بەرھەمەکانیان لە کوردستان، کە لەو ڕێگەیەشەوە و بەکۆنتڕۆڵکردنی زۆربەی بازرگانیەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی خۆیانەوە داھاتێکی خەیاڵیان دەستئەکەوێت.
٢. لەبەرئەوەی نایانەوێت ئاستی بژێوی خەڵک تا ئەوڕادەیە باش بێت کە چیتر چاو لەدەستی حکومەت نەبن و منەتیان بە سێ سەد چوار سەد ھەزار دیناری موچەی ئەوان نەمێنێت، ھەروەک بەرپرسەکەی پارتی وتی، خەڵک وەک کۆیلە بھێڵنەوە.
دووەم سەرچاوەی داھات کە بۆ کوردستان زۆر ئاسانە پەرەی پێبدات کەرتی گەشتوگوزارە، بەو پێیەی کوردستان ھەر بەسروشتی خۆی خاوەنی دەیان ھاوینەھەوار و ناوچەی سەوزایی دڵفڕێنە، تەنھا بە پلانێکی حکومەت بۆ چاکسازی لە کەرتی گەشتوگوزاردا، ئەتوانرێت وەھا بکرێت ساڵانە سەدان ھەزار بەڵکو بەملیۆنان کەس لە وڵاتانی جیھانەوە سەردانی کوردستان بکەن.
سەرباری ئەوانە، ئێمە خاوەن دوو سەرچاوەی زۆر گرنگین، کە ئەگەر پلانێک و بەرنامەیەک ھەبێت بۆ بەکارخستنیان ئەتوانین تا ئاستێکی بێوێنە سودیان لێوەرگرین بۆ گەشەپێدانی ئابوری ھەرێم، ئەوانیش:
یەکەم: سەرچاوەی مرۆیی، کە خۆی دەبیێتەوە لەو سەدان ھەزار گەنجەی، کە بەشی ھەرە زۆریان خاوەن بروانامە و بەشێکی زۆری تریشیان خاوەن شارەزاین لە بواری جۆراوجۆری خۆیان.
لەگەڵ ئەوەی بەدرێژایی دەیان ساڵ، ئیش لەسەر روخاندنی ئیرادەی گەنجی کورد و نائومێدکردنی کراوە، بەڵام ئێستاش گەنجانی کوردستان توانا و حەزێکی زۆریان بۆ بونە خاوەن پیشە و ئیشی سەربەخۆی خۆیان ھەیە و بە تەنھا بەوەی حکومەت بەڕاستی بەرنامەیەک بۆ ھاوکاریکردن و گەشەپێدانی بەرھەمی ناوخۆیی دابنێت، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا ھەزاران کارگە و بەرھەمی ناوخۆیی نوێ لەسەر دەستی ئەم گەنجانە ئەکرێنەوە، ھەزاران گەنج ئەبنە خاوەن بزنس و ئیشی خۆیان و لەوێشەوە دەیان ھەزار گەنجی تر ئەکەونە سەر ئیش.
دووەم: سەرچاوەی سروشتی، کە بە پلەی یەکەم خۆی لەسەرچاوەی نەوت و دواتریش کانزا سروشتیەکانی تر ئەبینێتەوە، کە ئەگەر حکومەت لەبری ئەوەی بیر لە فرۆشتنی نەوت بە دەرەوە بکاتەوە، ئەم وزەیە لە ناوخۆدا بەکاربێنێت:
– ئەتوانێت بە یەکجاری کۆتایی بە قەیرانی کارەبا بێنێت و گازی پێویست بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا دابین بکات.
– ئەتوانێت ساڵانە چوار بۆ پێنج بەرمیل نەوت بە نرخێکی زۆر رەمزیی بۆ ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی دابین بکات و ناچار نەبن دەخیلەی بۆ دابنێن.
– ئەتوانێت ساڵانە نەوتی پێویست بۆ سەرجەم قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و فەرمانگەکان دابین بکات.
– ئەتوانێت نرخی بەنزین بۆ کەمتر لە نیوەی ئێستا دەبەزێنێت.
ھەموو ئەمانە و زۆر شتی تریش ئەکرێت، بە مەرجێک ئەگەر حکومەت بەڕاستی بیەوێت و مەبەستی بێت.
ئەگەر نا، بەڕاستی پێویستمان بە ھێنانی کۆمەڵێک عەقڵی نوێیە بۆ دەسەڵات و کۆتاییھێنانی یەکجارییە بەم دەسەڵات و جۆرە لە حکومڕانی.