توێژینەوە نوێیەکان وتەى لۆرد بایرۆنى شاعیرى بەریتانى دوپات دەکەنەوە کە ئاماژەى بەوە کردوە (پێبکەنە، ئەوە چارەسەرێکى هەرزانە)، هەر ئەو بیرکردنەوەیەش وایکردوە لە بەشێک لە نەخۆشخانەکانى جیهاندا پزیشکى منداڵان بە شێوەى “گاڵتەجار- قەرەقۆز” خۆیان نمایش بکەن.
توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن پێکەنین سیستمى بەرگرى لەش بەهێز دەکات ئیرادەى نەخۆش بۆ چارەسەر زیاددەکات بەوەى یارمەتى خانەکانى بەرگرى دەدات و بەوەش دەبێتە بەشێک لەچارەسەر بۆ نەخۆشى.
هەر لەو روانگەیەوە و دەرکەوتنى کاریگەریەکانى، وایکردوە پزیشکان بەشێوەى “گاڵتەجار” خۆیان دەربخەن، ئەوەش دواى ئەوەى د.مایکل کریستنسن ساڵى (1986) لە شارى نیۆرک پێشنیارى کرد و دواتریش لە نەخۆشخانەى وڵاتانى دیکە لە ئەوروپا و ئوسترالیا و تەنانەت وڵاتانى عەرەبیش پەیڕەو کرا.
موهەند شەریف، پزیشکێکى لاوى فەلەستنیە کە بەو شێوەیە لەبەردەم ئەو منداڵانەدا دەردەکەوێت کە دەهێنرێنە ژورەکەى و ئەوەش وایکردوە لاى منداڵان خۆشەویست بێت، ئەو پزیشکە بە بەخشینى دیارى سادە بە منداڵان و یارکردن لەگەڵیان وایکردوە دڵیان بەلاى خۆیدا رابکێشێت و ئەو ترس و سڵەمینەوەیان لا نەهێڵێت کە بۆ پزیشک وێناى دەکەن.
ئەو پزیشکانەى بەوشێوەیە کاردەکەن جەخت لەوە دەکەنەوە دڵخۆشکردنى منداڵان وادەکات بەباشى دەرمان و چارەسەرییەکان وەربگرن و ئەو دو هۆکارە رۆڵى دەبێت لە چاکبونەوەیان لە نەخۆشییەکانیان.