ئایا وازت لەو شتە ھێناوە کە ئازارت پێدەگەیەنێت ؟
یان چاوەڕێیت تا زیاتر ئازارت پێبگەیەنێت ؟
دکتۆرە هاڤین کمال
ئێمە ھەموومان ڕۆژانە دووچاری فشاری دەروونی و سترێس دەبینەوە ، ستریس و دوودڵی لە کۆمەڵگایی نوێی مرۆڤایەتی بووە بەبەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی ڕۆژانەمان .
بەپێی ئامارە جیھانیەکان لە ٤٦٪ ی ئەو ستریس ودڵەڕاوکێ و قەلەقیەی بۆمان دروست دەبێت لەئەنجامی ئیش و کاری ڕۆژانەو پیشەکەمانە ، لە ٢٨٪ ی سترێسەکەمان لەئەنجامی ھەڵسووکەوتی کەسانی دەورووبەر و خەڵکەوەیە ، لە ٢٠٪ دڵەڕاوکێ و ستریسمان لە ئەنجامی نەبوونی ھاوسەنگی و بەلانس لەنێوان ژیانی شەخسی و کەسێتیمان لەگەڵ ژیانی پیشەیی و پرۆفیشناڵمان دایە ، لە ٦٪ یشی لەئەنجامی نەبوونی دڵنیایی پیشەیی و بیمەی تەندروستی یە .
ئامارەکان دەڵێن لە ٧٢٪ ئەمریکیەکان دووچاری تووشبون بە خەمۆکی دەبن لە ئەنجامی کێشە ئابووری و داراییەکان .
ئەو ئارگۆمێنت و دەمەقاڵیانەی دەکرێت لە سەر پارەو سامان لەنێوان تاکەکاندا و ئەو کێشە داراییانەی دروست دەبێت لە نێوانیان ھۆکارێکی سەرەکی نەمان و ساردووسڕی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە ، وە بکوژی خۆشەویستی و ڕێزە لە نێوان ئەندامی خێزانێکدا .
لە ئامارێکدا لە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ٣١٪ ی تاکی پێگەشتوو دەڵێن کە مشتومڕو دەمەقاڵێی لەسەر پارە ھۆکارێکی گرنگی پەرتەوازەبوون و دووریە لەنێوان خێزان و ھاوڕێکاندا .
لەڕاستیدا کێشەکە لەوەدا نیە کە ئێمە ڕۆژانە دووچاری ستریس و فشاری دەروونی دەبین لە دەرەوەی ماڵەکانمان و لە ئیش و کارماندا .
بەڵکو کێشەکە لەوەدایە ئێمە ئەم ستریس و فشارانە ھەڵدەگرین و دەیھێنینە ماڵەوە لەگەڵ خۆمان و ئاکامەکەی بەسەر کەسە نزیکەکان و کەسانی دەووروبەرمان دەڕژین .
ھەر بۆیە ئەو ڕێگایەیەی پێی مامەڵەو ئینتەرئەکشن دەکەین لەگەڵ دەوروبەرمان و ئەو کەسانەی زۆر خۆشماندەوێن لەسەر ئەو بناغەیە نیە کە چۆن دەمانەوێت مامەڵە بکەین و چەندمان خۆشدەوێن ، بەڵکو بەپێی ئەو فشارە دەروونیەو ستریسەی ھەمانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین .
پەیوەندیەکانمان لەگەڵ دەوروبەرمان وەکو تەنەکەیەکی خاشاکی گەورەی لێدێت ، کە تەنیا ئەو شتەی دەیکەین ئەوەیە خاشاکی ئەو ستریس و فشارە دەروونیەی ھەمانە خاڵی دەکەینەوە بۆ ناوی و بۆ سەر ژیانی دەوروبەرەکەمان .
زۆربەی جار ئەو شتانەی زۆر بیریان لێدەکەینەوەو قەلەق و سترێس دەبین بەرامبەریان شتگەلێکی زۆر گرنگ نین ، لەوانەیە ھەڵچوونێکی کاتیت بۆ دروست کات و بڕیاڕێکی ھەڵەو ھەتاھەتایی و پێرمنەتت پێبدات کە پەشیمانی بە دوای خۆیدا بێنێت .
ئیمە چەندجار لەگەڵ خۆمان دەدوێین ودەڵێین:
” ئێمە ھەمیشە وادەکەین ” یاخود ” ئێمە ھەرگیز واناکەین “
بەڵام لە ڕاستیدا ھیچ کەسێک بەبەردەوامی شتێک ناکات ، ھەندێک جار دەشێت کارێک بکەین و ھەندێک جار ناشێت .
ئەو پرسیارەی دەبێت ھەمیشە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە :
” ئایا چەند کێشی زیادەمان ھەڵگرتووە لە ستریس و فشاری دەروونی کەپێویست ناکات ھەڵیگرین ؟ “
“ئایا چەند بوخچەو جانتایی زیادەی پڕ لە ستریس و دڵەڕاوکێمان لەسەر شانمان داناوە کە پێویستە داینێین و بەجێبێڵین لە دوای خۆمان ؟ “
ھەندێک جار ئەو وەزن و کێشەی کە پێویستە دایبەزێنین کێش و وەزنی جەستەمان نیە ، بەڵکو ھی مێشکمانە .
کێشەی سەرەکی لەوەدایە کەچۆن بیردەکەینەوە ڕزگارمان بێت لەم فشار و سترێسە ، ئامارە جیھانیەکان دەڵێن ڕێژەی لە ٣١٪ ی کەسەکان پەنادەبەن بۆ بەکارھێنانی کافایین ( چا ، قاوە ، خواردنەوەگازییەکان ) بۆ کەمکردنەوەی ستریس و قەلەقی ، لە ٢٧٪ ی کەسەکان پەنا دەبەن بۆ جگەرەکێشان و نێرگەلە ، لە ٢٣٪ کەسەکان دەرمان و ھێورکەرەوەکان بەکار دێنن ، لە ٢٠٪ ی خواردنەوە ئەلکھولیەکان بەکاردێنن .
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ستریس وامان لێدەکات زۆرتر بخۆین و خراپترین و ناتەندروسترین جۆری خۆراک بخۆین .
چەندین جار فشاری دەروونی و ستریس وات لێدەکات شەکرو شیرینی زیاتر بخۆیت ، کاربۆھیدرایت زیاتر بەکار بێنیت ، چەوری زیاتر بخۆیت کەئەمانەش کاریگەری مزمن و ھەتاھەتایی ھەیە لەسەر جەستەت .
لەکاتێکدا لەژێر فشاری دەروونیدایت و ھەست بە بێھێزی و بێتاقەتی دەکەیت و برسیتەو پێویستیت بە ووزەیە ، بێگومانبە ھەرگیز خواردنێکی تەندروست و ڕاست ھەڵنابژێریت !!
ئێمە بۆ ئەوەی ژیانمان بەردەوام بێت دوو شتی سەرەکیمان پێویستە :
ئارامی و ئاسوودەیی مێشک و بیرمان لەگەڵ ووزەیەکی فسێۆلۆژی بۆ ئەوەی ئەو کارانەی کە دەمانەوێت بیکەین ئەنجامیبدەین . ھەر کاتێک ئەم دووانە کەم دەبنەوە و تووشی دڵەڕاوکێ و سترێس دەبین دەگەڕێین بە دوای ڕێگا چارەکان، دەمانەوێت خۆمان ئارام کەینەوە بە بەکارھێنانی کافایین و نیکۆتین و دەرمان و ئەڵکھول ..ھتد .
لەگەڵیدا ئەو ووزە فسۆلۆژییە بەدەست بێنین لە ڕێگای بەکارھێنانی شەکر و کاربۆھیدرایت و چەوری .
وەرزش کردن یەکێکە لەڕێگا چارەکان بۆ زیادکردنی ووزە و ڕژانی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین و کەمکردنەوەی قەلەقی و ستریس .
لە کاتێکدا بەیانیەکەمان بە وەرزش دەست پێئەکەین ئایە ئەگەر بەپێ ڕۆشتن بێت یاخود لە جێم وەرزش بکەین ، یاخود ھەرچیەک بێت زۆر بەسوودترە بۆمان وەک لە تەسلیم بوون بۆ فشارە دەروونیەکانمان . ئەگەر لەجیم سترێسەکەت بەکێشان بە کیسێکی بۆکسێن دا دەڕببڕیت زۆر باشترە لەوەی ئێوارەکەی چەندەھا بوتڵ عارەق و ئەلکھول بڕژیتە ناو جەستەتەوە .
توێژینەوەکان دەڵێن پیاسەکردن لەنێوان سروشتدا کاریگەرییەکی گەورەی ھەیە بۆ کەمکردنەوەی سترێس و ئارامبوونەوەو ریلاکسەیشنی بیر و مێشک ، بۆ ئارامبوونەوە یۆگا کردن ، میدیتەیشن باشترین ڕێگا چارەن .
لەوانەیە بپرسیت من نازانم چۆن میدیتەیشن کەم و ئارام بم ؟؟
” ئەوەندە بەسە کە بچیتە جێگایەکی بێدەنگ و بە ھێمنی چاوەکانت داخە ، گوێ لە موسیکێکی ئارام بگرەو تەرکیزت بۆ دەوروبەرت زیاد کە ، شتەکان بە قووڵ تر وەرگرە ، زیاتر ھەست بکە بە دەوروبەرت ، بۆ نموونە کەسەیری دارێک دەکەیت کە ڕۆژانە بە لایدا دەڕۆیت تەنیا وەکو دارێکی ئاسایی وێنایی مەکە ، سەیری لق و پۆپەکانی بکە ،گوێ لە دەنگی گەڵاکانی بگرە کە با دەیانجوڵێنێ ، سەیری ھەموو ئەو جوانیانە بکە کە گەردوون پێبەخشیوین و ئێمەی مرۆڤ قەدری ناگرین ، سەیری ئاژەڵ و باڵندەکان بکە ، تەنیا وەک پەرجوویەکی خوایی سەیری شتەکانی دەوروبەرت کە بۆماوەی ٥ خولەک یاخود ١٠ خولەک دڵنیا بە ئارام و ھێوردەبیتەوە “
بۆ ئەوەی ھەمیشە دووربیت لەستریس ، ھاوکێشەیەک ھەیە بەناوی( ٥×٥) بیکە بە بنەمای ژیانت ، ئەو ھاوکێشەیە دەڵێت :
( ئەو شتەی گرنگ نیە لەماوەی پێنج ساڵدا ، پێویست ناکات بیریلێبکەینەوە یان قەلەق بین بەرامبەری بۆ زیاتر لە ماوەی پێنج کاژێر یاخود پێنج خوولەک ) .
ھەر بۆیە ھەمیشە ھەوڵ بدە کێشەکان سادەتر وەربگریت و قوڵتر لەژیان بڕوانیت و تەنیا دیوە ڕووکەشەکەی نەبینیت .