کۆمیتەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک وێرای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە مامەڵەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەگەڵ ژنان، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەورییەی ئیرشادی و بە تاوان ناساندنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بوو.
کۆمیتەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ١٠٩یەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش کرد، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە مامەڵەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەگەڵ ژنان، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەورییەی ئیرشاد- پۆلیسی ئەخلاقی و بە تاوان ناساندنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بوو.
ئەم کۆمیتەیە لە پێداچوونەوە بە تۆمارەکانی مافی مرۆڤی ئێراندا ڕایگەیاندووە، ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەبێت یاسایەکی هەمەلایەنە دەربکات کە بە ڕاشکاوی توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژیکردنە سەر هاوژین، بەناو تاوانی شەرەف و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان بە تاوان بناسێنێت.
کۆمیتەکە ڕایگەیاندووە، پێویستە ئێران پێداچوونەوە یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا و سیاسەتەکانی بکات، کە پابەندنەبوون بە حیجابی ناچاری بە تاوان دەزانن و دەورییەی ئیرشاد هەڵبوەشێننەوە.
دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن ڕژێم و دەستپێکردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، پۆلیسی ئەخلاق لە شەقامەکاندا کەم بوونەوە، بەڵام لەگەڵ دابەزینی گوڕی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە، پۆلیس و هێزەکانی نیمچە سەربازی بە جلوبەرگی نەناسراو و وەک هاووڵاتی، بۆ ئاگادارکردنەوە و چاودێری حیجابی ناچاری ژنان گەڕایەوە سەر شەقامەکان.